بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەراگەیەنراوێکی هاوبەشدا پاش کۆبوونەوەکە عێراق، میسر و ئورد جەختیان لەبەردەوامیی کاری هاوبەش و هەماهەنگی سێ لایەنە کردوەتەوە، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لەچارەسەرکردنی قەیرانەکان، هەوڵەکانی چاکسازی، سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆی وڵات دووپات کردوەتەوە.
هەروەها لە راگەیەنراوی کۆتایی هاتنی لوتکەی عێراق، ئوردن و میسردا هاتووە، لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا کە درێژکراوەی دوو کۆبوونەوەی دیکەی لوتکە بوو، شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر پێزانینیان هەبوو بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی حکوومەتی عێراق لە جێگیر کردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و هەوڵەکانی لە نزیک کردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ناوچەکە، هەروەها پشتیوانی خۆشیان بۆ بەغدا دووپات کردەوە لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
ئەوەش هاتووە، قاهیرە و عەممان هەوڵەکانی حکوومەتی عێراقیان بەگرنگ زانی لە ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و چاکسازی دارایی کە بەهۆیەوە عێراق توانی بەرەنگاری قەیرانی دارایی لەئەنجامی دابەزینی نەوت و بڵابوونەوەی کۆرۆنا ببێتەوە و جارێکی دیکە پرۆسەی گەشەپێدانی دەستپێکردەوە، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ ئامادەکارییەکانی حکوومەت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی پرۆسەکەیان خواست، بەجۆرێک هاوڵاتیانی عێراق بتوانن بە شەفافیەت و ململانێیەکی دادپەروەرانە نوێنەرانی خۆیان دیاری بکەن.
لەراگەیەنرای کۆبوونەوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، عێراق و ئوردن پشتیوانی هەڵوێستەکانی میسر دەکەن لەبەرامبەر بەنداوی نەهزە و گەرەنتی کردنی پشکی قاهیرە لە ئاوی رووباری نیل.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment