کوردپرێس:
دوو بەرپرسی ئەمریکی بەناوی جۆی هوود ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک و پاتریک ورمەن بریکاری سەرۆکی نووسینگەی هاوپەیمانیی دژەداعش لە پرێس کۆنفڕانسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیان کردە سەر بەردەوام بوونی ئەمریکا لە پشتیگری کردنی هێزی کورد و عەرەبی سووریا و مانەوەی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان ئەو پرێس کۆنفڕانسە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە و جۆی هوود لەو بارەیەوە دەڵێت: ئێمە خوازیاری ئەوەین بوونی سەربازی سنووردار بکرێت بەمانەوە لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا لە بەر ئەوەی بە یارمەتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتن بەردەوام بین لە بەرپەرچدانەوەی داعش و سەقامگیرکردنی ناوچە ئازادکراوەکانی بندەست داعش.
لای خۆیەوە پاتریک ورمەنیش دەڵێت جۆبایدەنی سەرۆککۆماری ئەمریکا پشتگیریی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا دەکات ئەوەش بە مەبەستی ڕێگری کردن لەگەڕانەوەی داعش.
ناوبراو جەختیشی کردۆتەوە کە هاوپەیمانیی دژەداعش زیانی کەمی لە شەڕی داعشدا بینیوە بەڵام کوردەکانی سووریا ئەرکی سەرەکیی ئەو شەڕەیان لە سەر شان بووە و نزیکەی 100 هەزار کەس لەوهێزانە لە شەڕی داعشدا گیانیان بەخت کردووە.
هەروەها جۆی هوود لەبارەی تەنگەژەی نێوان تورکیا وهێزە کوردییەکانی سووریاوە دەڵێت: ئێمە نیگەرانی ئەو تەنگەژەیەین بەڵام بوونی ئێمە لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت و تەرکیزمان لە سەر شەڕی داعشە و پێویستە تورکیاش دەرک بەو بابەتە بکات.
ورمەنیش لەبارەی گەڕانەوە و ڕادەست کردنەوەی بنەماڵەکانی داعش بۆ وڵاتانی جیهان دەڵێت: 2000 چەکداری بیانیی داعش و 2000 چەکداری عێراقی لەو گرووپە ئێستا لە زیندانەکانی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریان و دەبێت لە ئەنجامدا بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
Your Comment