بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو کۆتایی مانگی پێنج زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنووری پارێزگاکەمان، بەجۆرێک تەنیا لە مانگی ئایاردا زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار هاتوون. پێشبینی دەکەین لەگەڵ کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەکان هاتنی گەشتیاران لە مانگەکانی شەش و حەوت زیاتر بێت".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک ئەوەی روونکردەوە، گەشتیارەکانیان زیاتر لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دێن، ئاماژەی بەوەش کرد "چەندین شوێنی گەشتیاریی گرنگمان لە زاخۆ، دهۆک، ئامێدی و سەنتەری پارێزگای دهۆک هەن. هەروەها پرۆژەشمان لەسەر چیای زاڤا هەیە و هۆتێلی حەجەری و تەلەفریکی چیای گارەمان بەدەستەوەیە، لە زاخۆش پرۆژەیەکی ستراتیژیی باش هەیە".
لە سنووری پارێزگای دهۆک، 63 هۆتێل، 47 مۆتێل، دوو گوندی گەشتیاری و سێ پرۆژەی گەشتیاری و دەیان شوێنی گەشتیاری هەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment