یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نابێتە بەشێک لە شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت ، تائێستا یەکێتیی نیشتمانی نەبووەتە بەشێک لەشەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە و ناشبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە گفتووگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد دەڵێت: "گەورەترین گرفتی هەرێم نەبوونی تێڕوانینێکی یەکگرتووە سەبارەت بەشەڕی پەکەکە، بەتێڕوانینی یەکێتی، ئەم شەڕە، شەڕی ئێمە نیە لە هەرێم، ئێمە نەپشتگیری تورکیا و نە پشتگیری پەکەکە دەکەین، دژایەتی هیچ لایەکیشیان ناکەین، دەمانەوێت ئەم شەڕە لێمانەوە دووربێت، نامانەوێت تێوەی بگلێین."

سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی شەڕەکە بۆ ناوچە سنووریەکانی پشدەر و نزیک بوونەوەی شەڕەکە لەو سنوورانەی کە حیزبەکەی تێیدا باڵادەستە، ئەسەسەرد وتی "ئەوکات بڕیار دەدەین، بەڵام ئەوەندەی پێمان بکرێت، هەوڵەدەین ناوچەکانمان دوور بێت لەم شەڕە."

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، پێیوایە ستراتیژیەتی تورکیا لەشەڕی ئەمجارەی پەکەکەدا ڕوون نیە، وتی "گەر بەو جۆرە لە مەسەلەکە بڕوانین، تورکیا دەیەوێت گورز لە پەکەکە بوەشێنێت، تورکیا یەکەمجاری نیە گورز دەوەشێنێت و نەیتوانیووە پەکەکە لەناوبەرێت، ئەم شەڕە درێژەپێدانی شەڕەکانی پێشووە، تورکیا هەوڵەدات تەنگ بە پەکەکە هەڵچنێت."

بەبڕوای فەرید ئەسەسەرد، تورکیا گەر هێز تا سنووری هەولێر بهێنێت، مەسەلەکە زۆر ئاڵۆز دەبێت، جەختی کردەوە "تورکەکان دەزانن بەهاتنیان بەرەو هەولێر، ڕەنگە هەموو پلانەکانیان لێ تێکبچێت، پێموانیە تورکیا بێت بۆ هەولێر و هەوڵەدەن لە دەرەوەی پایتەختی هەرێم شەڕی خۆیان بکەن، ستراتیژیەتی شەڕەکە دیارنیە، گەر مەبەستەکە بۆ لەناوبردنی پەکەکە بێت، پەکەکە دەمێنێتەوە و ڕەنگە ڕێوشوێنی تازە بەکار بهێنێت."

سەبارەت بە لەمپەرەکانی بەردەم تورکیا لەجوڵان بەرەو سنووری هەولێر، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت "هاتن بۆ هەولێر سوودی بۆ تورک نیە، چوونکە پەکەکە نیە لە هەولێر، هاتنیان بۆ هەولێر واتایێکی قوڵتری هەیە، ئەمە بەهیچ شێوەیەک نە لە ناوچەکە و نە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قەبووڵ ناکرێت، ڕایەکی بەهێز دژی تورکیا دروست دەکات."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد باسی لە پۆستی سەرۆک کۆمار کرد، ئاماژەی بەوە کرد حیزبەکەی هەوڵی بەدەست هێنانەوەی ئەو پۆستە دەدات، بەتایبەت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد، سەرۆک پەرلەمان بۆ سونە و سەرۆک وەزیران بۆ شیعە لە عێراق دا بووەتە عورف، دەستکاری کردنی ئەم سێ کوچکە بۆ عێراق باش نیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2488

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha