بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ شەممە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت پێشوازیی لە مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کرد، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاوکاری لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی کرا لە بواری ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکی و ڕێگری کردن لە سپیکردنەوەی پارە و خراپ بەکارهێنانی پارە بۆ کاری نایاسایی و پشتیوانی کردنی تیرۆر.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، جەختی لەوە کردەوە، بانکی ناوەندی، مامەڵە لە گەڵ لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندی عێراق دەکات کە بنکەکەی لە هەولێرە، وەک لایەنی فەرمی پەیوەندیدار و تایبەت بە سەرپەرشتی کردنی کاروباری بانکیی لە هەرێم.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای ئامادەیی دەربڕین بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییێک لە گەڵ بانکی ناوەندی عێراق، دووپاتیشی کردەوە کە ڕێکخستنەوەی سیستەمی بانکی، دەکرێت ببێتە بنەمایێکی گرنک و بەهێز بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی پڕۆسەی وەبەرهێنان و بەدەست هینانی متمانەی بانک و دامودەزگا داراییە نێودەوڵەتییەکان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment