کوردپرێس:
ماوەی دوو ڕۆژە دەنگۆی داخستنی نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی بڵاو بۆتەوە و پەرەی سەندووە ئەوەش پاش ناڕەزایی دەربڕینی کارمەندانی نەخۆشخانەکە لەبەر پێنەدانی مووچەکانیان.
ئەو دەنگۆیەش کاردانەوەی فراوانی هاووڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناوە و جیا لە هەڵوێستە فەرمییەکانی کاربەدەستانی هەرێم، هاووڵاتییانیش بە گۆڕینی وێنەی ئەکاونتەکانیان بۆ ناوی نەخۆشخانەی هیوا ناڕەزاییی خۆیان بەرامبەر ڕادەست کردن و فرۆشتن و داخستنی نەخۆشخانەکە دەربڕیوە.
نەخۆشخانەی هیوا تایبەتە بە نەخۆشانی شێرپەنجە و خزمەتگوزاریی پزیشکیی بە نرخی حکوومی پێشکەش بە هاووڵاتییان کردووە و ئێستا بە هۆی کێشەی دارایییەوە دەنگۆی داخستن و ڕادەست کردنی نەخۆشخانەکە بۆ ئەکرتی ئەهلی بڵاو بۆتەوە.
وەك وەڵامێك بۆ ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە داخستنی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە هاتەدەنگ و ڕایگەیاند: هیوا هەمیشە موڵكی هەموانە.
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە چارەسەری توشبوانی شێرپەنجە ڕایگەیاند: هیوا دەگەڕێنینەوە بۆ بێهیواكان و هیوا هەمیشە موڵكی هەموانە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دڵنیایی دەدات بە توشبوانی شێرپەنجە، كە نەیەڵن توشبوانی شێرپەنجە بێهیوابن.
لە كۆتایی نوسینەكەیدا كە لە پەیجی خۆی دایناوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت: هەمیشە لە خزمەت هیواین بە بێ جیاوازی.
قسەكانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەكاتێكدایە، چەند ڕۆژێك پێش ئێستا دكتۆر و كارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەی هیوا، بەهۆی پێنەدانی مووچەكانیانەوە لە نەخۆشخانەكەدا هاتنەدەر و گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا.
لەگەڵ كردبونەوەی دكتۆر و كارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەی هیوا، نەخۆشەكانی نێو نەخۆشخانەكە هاتنەدەر و هاوشانی ئەوان ناڕەزاییان دەربڕی و باسیان لە خراپی دۆخی تەندروستی و كەمبونەوەی خزمەتگوزارییە پزشكیەكانیان كرد لە نەخۆشخانەكە.
دوات، لە كۆنگرەیێكی ڕۆژنامەنوسیدا، د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی باسی لەوەكرد، نەخۆش هەیە لەم هەفتەیەدا (٢٠) ملیۆن دیناری داوە بە دەرمان بە تەنها بۆ ٢١ ڕۆژ و شەش مانگە حکومەتی هەرێم پارەی تەرخانکراوی دەرمانی نەخۆشخانەی هیوای سەرف نەکردووە.
هەروەها وتی: هەموو کۆمپانیاکانی دەرمان هێنانی دەرمانیان بۆ نەخۆشخانەی هیوا ڕاگرتووە، هەتا ئەو کاتەی پارەی سلێمانی بەکاردەهات بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک، پارەی دەرمان بە تەواوی دەدرا بەڵام کاتێک بریاردرا پارەی بانکی سلێمانی تەنها بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەکاربێت ، بریاردرا پارەی کۆمپانیاکان بکەنە تەنها ٪٢.
Your Comment