هه‌وڵی سەرنەکەوتووی یه‌کگرتوو بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تى داهاتووى هه‌رێم به‌بێ پارتى‌ و یه‌کێتى

بەشی عێراێق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامێکى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کگرتوو دەڵێت پڕۆژه‌یێکیان بۆ پێکهێنانى لیستێکى هاوبه‌ش بووه‌ که‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌یانتوانى ببنه‌ براوه‌ى یه‌که‌م ‌و حکوومه‌تى داهاتووی هه‌رێم ئه‌وان پێکیبهێنن، به‌ڵام سه‌رنه‌که‌وت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌ڵاحه‌دین بابه‌کر ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسیى یه‌کگرتووى ئیسلامیى کوردستان ئاشکرای کرد، وه‌ک یه‌کگرتوو پڕۆژه‌یێکیان هه‌بووه ‌و سه‌ردانى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتى ‌و پارتیشیان کردووه‌ و هه‌وڵیان داوه‌ به‌ره‌یێکى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له ‌حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان ‌و که‌سایه‌تیه‌کان ‌و ڕێکخراوه‌کان دروست بکه‌ن.

ناوبراو ده‌شڵێت: "دڵنیابووین ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌یتوانى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتووبێت‌ و حکوومه‌تى داهاتووى هه‌رێم ئه‌و به‌ره‌یه‌ پێکیبهێنێت، به‌ڵام ئه‌م به‌ره‌یه‌ پێکنه‌هات ‌و ئێستاش نامانه‌وێت بڵێین کێ هۆکاربووه‌ بۆ دروست نه‌بوونى".

سه‌ڵاحه‌دین بابه‌کر وتیشى: هه‌ماهه‌نگی‌ و لێکتێگه‌شتنیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێک لایه‌ن هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، به‌ڵام ڕێکه‌وتنى سیاسیان نییه‌.

سه‌ڵاحه‌دین بابه‌کر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌وانه‌ى ڕه‌خنه‌ له ‌یه‌کگرتوو ده‌گرن له‌شه‌ڕى په‌که‌که ‌و تورکیا و به‌لایه‌ندارى تورکیاى ده‌زانن، په‌که‌که‌ نین، به‌ڵکوو سه‌رکردایه‌تى په‌که‌که‌ خۆیان ده‌زانن یه‌کگرتوو چه‌ند هه‌وڵیداوه‌ بۆئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌نێوان تورکیا و په‌که‌که‌ بێته‌ ئاراوه‌.

ئه‌ندامەکەی مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کگرتوو باسى له‌وه‌ش کرد، "ئه‌و داهاته‌ى ئێستا له ‌هه‌رێم هه‌یه‌، به‌شى مووچه‌ى مووچه‌خۆران ده‌کات، لێبڕینى مووچه‌ بڕیارێکى نایاساییه ‌و له‌سه‌ره‌تا ڕاگه‌یه‌ندرا لێبڕین بۆ یه‌ک مانگه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى نرخى نه‌وت به‌رزبووه‌ته‌وه‌ 460 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌72 دۆلار بۆهه‌ر به‌رمیلێک ڕۆژانه‌ ده‌فرۆشرێت، ئه‌ى ئه‌و هه‌موو داهاته‌ چى لێدێت‌ و داهاتى ئێستا به‌زیاده‌وه‌ به‌شى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌کات ‌و کێشه‌ له ‌ئیداره‌دانى داهات‌ و سه‌روه‌ت‌ و سامانى هه‌رێمه‌".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2372

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha