بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی مانگی شوباتی ساڵی 2020، دەبێت تورکیاش هەموو هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە.
سوهەیل شاهین، گوتەبێژی بزووتنەوەکە، کە دانیشتووی دەوحەی قەتەرە، رایگەیاند: بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ ئەمریکا کراوە، دەبێت تاوەکوو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ هەموو هێزەکانی ناتۆ لەنێویاندا هێزەکانی تورکیا لە ئەفغانستان بکشێنەوە.
تورکیا دەستپێشخەریی تایبەتی داوەتە حکوومەتی ئەفغانستان و تێیدا پێشنیازی پاراستن و بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی کابولی نێودەوڵەتی کردووە، لەدوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە وڵاتە.
لە وەڵامی پڕسیارێک سەبارەت بە پەسەندکردن یان رەت کردنەوەی دەستپێشخەرییەکەی تورکیا، شاهین رایگەیاند تورکیاش دەبێت هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ناتۆ لە ئەفغانستان بکشێتەوە، گوتیشی هەرچەندە ئێمە تورکیا بە وڵاتانی مەزنی ئیسلامی دادەنێین و ئەفغانستان پەیوەندی مێژوویی لەگەڵدا هەیە.
شاهین هیواشی خواست پەیوەندیی باش لەگەڵ تورکیادا هەبێت کاتێک کە حکوومەتێکی ئیسلامی لە ئەفغانستان دابمەزرێت، لەدوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان لەو وڵاتە.
لە ئایاری ئەمساڵەوە هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ دەستیان بە کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان کردووە، بڕیارە تاوەکوو رۆژی 11 سێپتەمبەری ئەمساڵ سەرجەم هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان بکشێنەوە، کە نزیکەی 20 ساڵە لەو وڵاتەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment