پەیجی تویتەری پەرلەمانی فەڕەنسا ڕایگەیاند شاندێکی ئیدارەی خۆسەری کوردی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا لەگەڵ نوێنەرانی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دیداریان کردووە. بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە لاپەڕەی تویتەری پەرلەمانی فەڕەنسا بڵاو کراوەتەوە دوو لایەنەکە لەو دیدارە دوو کاتژمێرییەدا باسی کێشەکانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا و هەڵوێستی فەڕەنسایان کردووە.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئێن پی ئەی، سەرۆکی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەڕەنسا ژان لۆی برلانژ ستایشی کوردەکانی سووریای کردووە و هەوڵەکانی ئەو هێزانەی بە هەوڵێک زانیوە لە پێناو ئازادی و دیموکراسیەت.
ناوبراو لەبارەی پێگەی کوردەکانی سووریا و بەتایبەت وەزعی کورد پاش کشانەوەی ئەمریکا لە هەندێک ناوچەی کوردنشینی سووریا پاش 2017 دەڵێتوەزعی کورد کەوتۆتە مەترسییەوە.
سەرۆکی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەڕەنسا بە شاندە کوردەکەی سووریا گوتووە ئێمە نیگەرانی ئایندەی ئێوەین. من لەگەڵ کوردم و پرسی کورد پرسێکی دژوارە.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە شاندی کورد لە دیدار لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمانی فەڕەنسا داوای بەشداری پێکردنی کوردەکانی سووریایان کردووە لە دانوستانی ئاشتیی ئەو وڵاتە کە لە ژنێڤ بەڕێوە دەچێت هەروەها داوای یارمەتییان لە کۆمەڵگەی دەولی کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە داڕووخاوەکانی ژێردەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر.
Your Comment