کوردپرێس:
شاندێکی هاوبەشی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بۆ رۆژی دووەم لەناوچەکانی پارێزگای دهۆکن و بەوتەی کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کەئەندامێکی شاندەکەیە لەلێدوانێکدا بەئێن ئاڕتی راگەیاند:"دانیشتوانی گوندەکان ئەوەیان بۆ لیژنەکە پشتڕاستکردووەتەوە، کە تورکیا دارستان و باخی ناوچەکەی بڕیوە و زیانێکی زۆری بە ژینگە و دارستانەکانی ناوچەکە گەیاندووە".
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوەیخستەڕوو لیژنە هاوبەشەکە راپۆرتێکی ئامادە دەکەن و پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراقی لێ ئاگاداردەکەنەوە.
كاوه عهبدولقادر باسی لەوەش کرد، سوپای تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و لەو ناوچانە نزیکەی ٧٠ خاڵی سەبازی داناوە.
لەبارەی بڕینی دارەکانی ئەو ناوچانە لەلایەن تورکیاوە ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، سوپای تورکیا لە هەموو ئەو ناوچانەی خاڵی سەربازی دانەوە دارەکانی بڕیوەتەوە.
ماوەیێکە هێزەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی بادینان و دەڤەری بەرواری باڵا دەستی کردووە بە بڕینەوەی داری دارستانەکانی سەر سنوری هەرێم و تورکیا و پێشتریشدا، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتبووی، بە فەرمی ئاگاداری حکومەتی تورکیایان کردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە بڕینەوەی دار لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم.
Your Comment