رێگه‌ نادەین هیچ هێز و لایه‌نێک سنووره‌کانی هەرێمی کوردستان بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا وێڕای ئیدانەی بە ئامانج کردنی پێشمەرگەیێکی دیکە لە پارێزگای دهۆک جەختی کردەوە رێگه‌ نادەین هیچ هێز و لایه‌نێک سنووره‌کانی هەرێمی کوردستان بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

کوردپرێس دەقی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە:

کاتژمێر ٧:٣٠ سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ، لەناوچەی شەرانش لە ناحیەی دەرکاری قەزای زاخۆ، جارێکی تر له‌ درێژەی ئه‌و رووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو، پێشمەرگەیێک بەناوی رەزوان محەمەد عەلی شه‌هید بوو.

له‌ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوودا، ئه‌وە جاری دووه‌مه‌ رووداوی نه‌خوازراوی له‌و شێوه‌یه‌ رووده‌دات، ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ‌ ئه‌م جۆره‌ کرده‌وانه به‌توندی ئیدانه‌ و شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین، که‌ دواجار به ‌قازانجی دوژمنان و ناحه‌زانی گه‌له‌که‌مان ته‌واو ده‌بێت.

بانگ له‌ ته‌واوی هاوپه‌یمانان و حکوومه‌تی عێراقی ده‌که‌ین، بۆ نیشاندانی رۆڵی کارا و کاریگه‌ریان له‌ راگرتنی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ و پاراستنی ناوچه‌ سنوورییه‌کانی هه‌رێم، هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا رۆڵ بگێڕن.

هێزه‌کانی پەکەکەش دەبێت لەوە تێبگەن، بەم کردەوانەیان هیچ ئامانجێک بەدی نایه‌ت و ته‌نها گه‌له‌که‌مان باجی گەورە ده‌دات، هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاست بەرپرسیارێتی گەورەی سەرشانی خۆیاندا دەبن، لەپاراستنی شار و گوندەکان و خەڵکی کوردستان و ده‌سکه‌وته‌کانی هه‌رێم له ‌حکوومه‌ت و په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌کانی.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دووپاتی ده‌کاته‌وه‌، که‌ پاراستنی سه‌روه‌ریی خاکی هه‌رێم له ‌ئه‌وله‌ویه‌تی کاره‌کانیەتی و رێگه‌ نادات هیچ هێز و لایه‌نێک سنووره‌کانی بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌ش به‌ مافی خۆی ده‌زانێت به‌هه‌موو هێزه‌ دیموکراتخواز و وڵاتانی دۆست رابگه‌ینێت، که‌ ئه‌رکی پێشمه‌رگه‌ پاراستنی ئاشتی و ئازادی و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە، نه‌ک شه‌ڕێکی نه‌خوازراوی ده‌ستدرێژیکارانه‌.

سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوسه‌نگه‌رانی شەهید رەزوان دەکەین و شیفای خێراش بۆ برینداری ئه‌م رووداوه‌ ده‌خوازین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2297

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha