بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گەڕانەوەی سەدان بنەماڵەی کوردی ئاوارە، دوای حەوت ساڵ، بۆ سەرێکانی یان ئەو شارەیەی عەرەب بە «ڕەئسولعەین» ناوی دەهێنن، لە باکووری سووریا، ڕووبەڕووی هێرشی چەکدارەکان و شەپۆلێک لە ئاڵۆزییە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان بوویەوە. ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە کێشەی گۆڕانکارییەکانی دانیشتوان، موڵک و ماڵە دەستبەسەرکراوەکان و دژواریی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی پێشووی نیشتەجێبوونیان لە سووریا خستە ڕوو.
ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ئاب ٢٠٢٦، زیاتر لە ٤٠٠ بنەماڵەی کورد هەوڵیان دا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و حکوومەتی دیمەشق، لە کەمپی واشوکانی لە حەسەکە بگەڕێنەوە بۆ سەرێکانی. ئەم بنەماڵانە دوای حەوت ساڵ ئاوارەیی دەیانویست بگەڕێنەوە شار و ماڵەکانیان، بەڵام پڕۆسەی گەڕانەوەکەیان لەلایەن چەکدارانی دژبەرەوە تووشی کێشەبوو و ئاڵۆزییەکی بەرفراوان لە ناوچەکە دروست بوو.
یەکێک لە ئاوارەکان بە «نیوڕیجن»ی وتووە، کاروانەکە نزیکەی ٦٥٠ بنەماڵە و ١٠٠ ئۆتۆمبێلی تێدا بوو. بە گوتەی ئەو، لە کاتی ڕووداوەکەدا هێرشبەران بە دار و چەک هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک لە کەسانی کاروانەکە و دروشمی دژ بە بوونی کوردان لە شارەکەیان دەدا. بە گوتەی ئەو، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ژمارەیەک کەس بریندار یان ون بوون و هەندێکیان بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە.
بەرپرسانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە لە ڕوایەتەکەی خۆیاندا ڕایانگەیاند کە دوای چوونە ناو ماڵەکانیان لەلایەن ژمارەیەک لە بنەماڵە گەڕاوەکانەوە بەبێ ئاگادارکردنەوە و هاوئاهەنگیی پێشوەخت، لەنێوان گەڕاوەکان و دانیشتوانی ئێستای شارەکە شەڕ و پێکدادان ڕوویداوە و هێزە ئەمنییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکە دەستیان تێوەرداوە.
بەرپرسانی ئاسایش هەروەها ڕایانگەیاندووە کە لەگەڵ ئەو کەسانەی بەشدارییان لە ڕووداوەکە کردووە مامەڵە کراوە و لێکۆڵینەوە لەبارەی بەشداربووانی دیکە بەردەوامە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە کێشەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بووەتە یەکێک لە بابەتە هەستیارەکانی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک. بەپێی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لەنێوان حکوومەتی سووریا و SDF، دەبێت ئاوارە کورد و عەرەبەکان بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. پێشتر، لە مانگی ئایاردا، نزیکەی ١٣٠٠ بنەماڵەی ئاوارەی عەفرین لە حەسەکەوە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
بەڵام دۆخی سەرێکانی ئاڵۆزترە. ئەم شارە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییە پشتگیریکراوەکانی تورکیایەوە دەستبەسەر کرا و هەزاران کورد و عەرەب لە شار و ناوچەکانی دەوروبەری ئاوارە بوون.
بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ١٦ هەزار و ٣٥٢ ئاوارەی ناوخۆیی، کە زۆربەیان خەڵکی سەرێکانیین، لە کەمپی واشوکانی لە باکووری حەسەکە دەژین.
لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، هەندێک لە خێزانەکانی ئەو چەکدارانەی چوونەتە ناوچەکە، لە سەرێ کانی نیشتەجێ بوون. بە گوتەی رۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی ئەو شارە، هەندێک لەم خێزانانە لەو ماڵ و دوکان و زەویانەدا نیشتەجێ بوون کە هی کوردە ئاوارەکان بوون.
ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت گەڕانەوەی خاوەنە سەرەکییەکانی ئەو موڵکانە بۆ هەندێک لە نیشتەجێبووانی ئێستا، بە مانای لەدەستدانی ئەو موڵک و ئەو بارودۆخەیە کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا دەستیان کەوتووە. بە گوتەی ئەو، نەبوونی سازوکارێکی سەربەخۆ بۆ پشکنینی بەڵگەنامەکانی خاوەندارێتی، هەڵوەشاندنەوەی مامەڵە بە زۆر و گەڕاندنەوەی موڵکەکان، بارودۆخێکی دروست کردووە کە تێیدا کۆنترۆڵی کرداری بەسەر زەوی و ماڵەکانەوە، زیاتر لە یاسا چارەنووسی موڵکەکان دیاری دەکات.
ئەم بارودۆخە یەکێکە لە گرنگترین بەربەستەکانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێ کانی. زۆرێک لەو کەسانەی ساڵی ٢٠١٩ شارەکەیان بەجێهێشتووە، ئێستا تەنها ڕووبەڕووی وێرانبوون و تاڵانکردنی موڵکەکانیان نین، بەڵکو دەبینن کە کەسانی دیکە لە ماڵ و زەوییەکانیان نیشتەجێ بوون.
لە هەمان کاتدا، کێشەی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە سەرێ کانی تەنها بە ناکۆکیی نێوان کورد و عەرەب سنووردار نییە. ئاوارەکانی ئەم ناوچەیە هەردوو کۆمەڵەی عەرەب و کورد لەخۆ دەگرن و حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، لە ڕێککەوتنەکەیاندا گەڕاندنەوەی هەردوو لایەنیان لەبەرچاو گرتووە. بەڵام ڕووداوەکەی دوایی نیشانی دا کە گەڕاندنەوەی کۆمەڵە ئاوارەکان، لە بارودۆخێکدا کە خاوەندارێتی موڵکەکان و دۆخی ئەمنی ناوچەکە هێشتا ڕوون نەکراوەتەوە، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی نوێی ناکۆکی.
لە لایەکی دیکەوە، هێشتا ڕوون نییە لە کردەوەدا کام هێز بە تەواوی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەمنی سەرێ کانی دەگرێتە ئەستۆ. چالاکێکی مافی مرۆڤی سوری لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ «نیوڕیجن» داوای لێکۆڵینەوەی لەسەر بەرپرسانی هێرشەکە کرد و پرسیاری کرد کە ئایا ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی دیمەشقە، یان لەژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان کار دەکەن؟ ئەو جەختی کردەوە کە حکوومەتی سووریا دەبێت ئەمنی ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە دابین بکات و ڕێگە بە خاوەنە سەرەکییەکانی موڵکەکان بداتەوە موڵکەکانیان وەربگرنەوە.
گرژییەکانی ئەمدواییە لە چوارچێوەی ناکۆکییە فراوانترەکان لەسەر داهاتووی سیاسی و ئەمنی باکووری سووریا ڕوویان داوە. گفتوگۆکانی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ناو دامەزراوەکانی حکوومەتی دیمەشق، بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئاستی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان بەڕێوە دەچن و بەشداریی گشتی تێیدا سنووردارە.
بە گوتەی توێژەرێک کە لە دیمەشقە، بەشێک لە کۆمەڵگەی عەرەب نیگەرانییان هەیە لە ڕۆڵی هێزە پەیوەندیدارەکان بە SDF لە پێکهاتەی داهاتووی سووریا، لە کاتێکدا لە نێو کوردەکانیشدا نیگەرانی هەیە لە گواستنەوەی تەواوی کۆنترۆڵی ناوچەکانیان بۆ دیمەشق.
لەو بارودۆخەدا، سەرێ کانی بووەتە یەکێک لە هەستیارترین خاڵەکانی ناکۆکی لەسەر داهاتووی دانیشتوانی و سیاسی باکووری سووریا. شارەکە تەنها شاهیدی گواستنەوەی بەرفراوانی دانیشتوان نەبووە لە ماوەی جەنگدا، بەڵکوو کێشەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە کێشەی خاوەندارێتی موڵک، بوونی گرووپە چەکدارەکان و ملمڵانێ بۆ کۆنترۆڵی سیاسی و ئەمنی ناوچەکەشەوە گرێدراوە.
دوای هێرشەکەی دوایی، بەرپرسانی ئەمنی ڕایانگەیاند کە پرۆسەی گەڕانەوەی کاروانەکان بە شێوەیەکی کاتی وەستێنراوە و کاتێک بارودۆخەکە جێگیر کرا و پاراستنی تەواویان دڵنیابووەوە، دەستپێدەکاتەوە.
بەڵام هەندێک لە ئاوارەکان لە بارودۆخی ئێستادا گومان و دوودڵین. یەکێک لە ئەندامانی کاروانی گەڕانەوە گوتی دوای ئەوەی لە سەرێ کانی ڕوویدا، گەڕانەوە بەبێ وەرگرتنی دڵنیایی ئەمنی کارێکی زەحمەتە. رۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شارەکەش گوتی تاکو ئێستا هیچ گەڕانەوەیەکی هەمیشەیی بۆ ناو خودی شاری سەرێ کانی ڕوونەداوە؛ تەنانەت ئەو کەسانەش کە پێشتر گەڕابوونەوە، بەهۆی وێرانبوون، تاڵانکردنی ماڵەکان و نەبوونی ئەمنی، دووبارە شارەکەیان بەجێهێشتووە.
بەم شێوەیە، کێشەی سەرێ کانی تەنها گەڕاندنەوەی چەند سەد خێزانێکی ئاوارە نییە؛ بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکە بۆ سیاسەتی حکوومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، چارەسەرکردنی کێشەی خاوەندارێتی موڵک و ڕێگریکردن لە جێگیرکردنی گۆڕانکارییەکانی دانیشتوان کە لە ئەنجامی جەنگەوە دروست بوون. تا ئەو کاتەی ئەمنی ئاوارەکان، خاوەندارێتی موڵکەکان و بەرپرسیارێتی هێزە چەکدارەکان لەم ناوچانە بە شێوەیەکی ڕوون دیاری نەکرێت، گەڕانەوەی دەیان هەزار ئاوارەی کورد و عەرەب هەر بەربەستی جددی لەبەردەمیدا دەبێت.
Your Comment