ئەمریکا دەستی بە کشانەوەی سیستمی بەرگری و هێزەکانی لە هەولێر کردوە

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی ئەمریکا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی کردووە و سیستمی بەرگریی پاتریۆتی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کشاندووەتەوە.

کوردپرێس: بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار رایانگەیاندووە، سوپای ئەمریکا دەستی کردووە بە کشانەوەی هێزەکانی کە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیرکرابوون.

سەرچاوەکان دەڵێن، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت کە بۆ تێکشکاندنی مووشەک و درۆن بەکاردەهێندرێن، لە بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا نەهێڵدراون؛ هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە پرۆسەی کشانەوەی سەربازەکان لە هەفتەی رابردووەوە دەستیپێکردووە و هێشتا بەردەوامە؛ هەروەها زۆربەی هێزەکانی ئەمریکا و کەرەستە سەربازییە قورسەکانیان براونەتە دەرەوە.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە "سەرجەم" پاتریۆتەکان گوێزراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام هەندێک سیستمی بەرگریی دیکە هێشتا لە شوێنی خۆیان ماون.

بەرپرسانی ناوچەکە ئەم کشانەوەیەیان بە "هەنگاوێکی ئاسایی" ناوبردووە و دەڵێن، ئەمە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدایە کە لەگەڵ بەغدا کراوە بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوەکو ٣٠ی ئەیلوولی ئەم ساڵ. بەڵام کشانەوەی ئەم هێزانە، بەتایبەتی سیستمی پاتریۆت، لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

هەرچەندە ئەم سیستمە بەرگرییانە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا جێگیرکرابوون، بەڵام هەرێمی کوردستانیش سوودێکی زۆری لەو چەترە ئەمنییە بینیوە. لەوەتەی جەنگی ئێران لە مانگی شوباتدا دەستیپێکردووە، فڕۆکەخانەی هەولێر بەردەوام رووبەڕووی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بووەتەوە. سەرچاوەکان بە ئەلمۆنیتەرنیان گوتووە، سیستمە بەرگرییەکانی ئەمریکا توانیویانە لانیکەم ۹۵٪ـی ئەو هێرشانە تێکبشکێنن.

مایکل نایتس، بەرپرسی توێژینەوە لە کۆمپانیای هۆرایزن ئینگەیجـی نیویۆرک بە ئەلمۆنیتۆری راگەیاندووە: "لابردنی پاتریۆتەکان وەک شمشێرێکی دووسەرە. لەلایەکەوە سەربازەکان دەپارێزن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە خۆیان دەبنە ئامانج." نایتس پێیوایە کشانەوەی ئەمریکا بە ماناى کۆتاییهاتنی تەواوەتیی هاوئاهەنگیی سەربازیی نێوان ئەمریکا و عێراق نایەت، چونکە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە شوێنی نهێنی دەمێننەوە.

ئەلمۆنیتەر دەنووسێت: "کشانەوەی پاتریۆتەکان پێش کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا، پرسیاری زۆری دروستکردووە لەسەر کەمبوونەوەی یەدەگی مووشەکەکانی بەرپەرچدانەوەی ئەمریکا و چۆنیەتیی دابەشکردنیان لە ناوچەکەدا." یەکێک لە سەرچاوەکان رایگەیاندووە: "هەرێمی کوردستان لەپێشینەی کارەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکوو کەنداو و ئوردن گرنگترن بۆیان."

توێژینەوەیەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و ستراتیژی لە واشنتن باس لەوە دەکات، ئەمریکا کێشەی کەمیی مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی پاتریۆتی هەیە، بەتایبەتی دوای تێکچوونی ئاگربەستەکەی مانگی ئایار. بەپێی توێژینەوەکە، ئەمریکا ٥٥٪ی یەدەگی پاتریۆتەکانی لەدەستداوە و لەم هەفتەیەدا رێژەکە ١٠٪ی دیکەش دابەزیوە. لە کاتێکدا ئەمریکا ساڵانە تەنیا ١٨٣ مووشەکی پاتریۆت بەرهەم دەهێنێت.

بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە تا ئێستا نە ئەمریکا و نە حکومەتی هەرێم هیچیان لەمبارەوە بە فەرمی بڵاونەکردەتەوە.

News ID 227648

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha