ئارایشی سەربازیی پ.ک.ک لە هەرێمی کوردستان گۆڕاوە

هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ قۆناغێکی نوێ، هەواڵ و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڕێکخراوە بە شێوەیەکی هێواش، ناوەندی جێگیربوون و ژێرخانی سەربازیی خۆی لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا دەگوازێتەوە بۆ نوارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان.

کوردپرێس: بەپێی ڕاپۆرتێکی نەشنال کۆنتێکست، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی چەکدانان و چۆڵکردنی بنکەکانی پ.ک.ک لە درێژایی سنووری تورکیا، بەڵگە و زانیارییەکانی بڵاوکراوەوە نیشان دەدەن ئەم ڕێکخراوە لە هەمان کاتدا ئامادەکاری بۆ بەهێزکردن و دووبارە ڕێکخستنەوەی بوونی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکات؛ هەنگاوێک کە دەکرێت نەخشەی جێگیربوونی پ.ک.ک دوای نزیکەی چوار دەیە بگۆڕێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، پ.ک.ک لە ناوچەی هەڵەبجە تونێلی نوێ دروست دەکات. ئەم ناوچەیە لە مانگەکانی ڕابردوودا شایەتی چاڵاکییە چەکدارییەکان بووە و ئەگەر ئەم هەواڵانە پشتڕاست ببنەوە، بەردەوامیی پرۆسەی گواستنەوەی ژێرخانی سەربازیی پ.ک.ک بۆ ڕۆژهەڵاتی هەرێم دەردەخات.

بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەم گواستنەوەیە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵ و بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ ئەنجام دراوە. پ.ک.ک لە بنکە سەرەکییەکەی لە چیای قەندیل، بوونی خۆی بۆ ناوچەکانی قەڵادزێ، چیای ئاسۆس، ماوەت، پێنجوێن و ئێستا هەڵەبجە فراوان کردووە. هەروەها، زنجیرە چیایەکانی نێوان قەندیل و هەڵەبجە، جوڵەی هێزەکانی ئەم ڕێکخراوەیان ئاسان کردووە.

لە دەیەی ١٩٨٠دا، زۆربەی بنکەکانی پ.ک.ک لە درێژایی سنووری عێراق و تورکیا، لە ناوچەکانی هەفتانین، ئامێدی، خاوکۆرک، گارە و قەندیل جێگیر بوون. بەڵام بەهۆی فراوانبوونی بوونی سەربازیی تورکیا لە باکووری عێراق و دامەزراندنی دەیان بنکەی سەربازی، پ.ک.ک بە تەدریج بەرەو باشوور و ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان کشایەوە.

ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە دەدات کە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە، لەگەڵ زیادبوونی کاریگەریی لاھور شێخ جەنگی لە دەزگای ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پ.ک.ک نزیکتر بووەوە و ئەمەش هۆکاری فراوانبوونی بوونی پ.ک.ک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بووە.

بەپێی ئەو هەواڵانە، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی، پ.ک.ک دەبێت شوێنە جێگیربوونەکانی لە درێژایی سنووری تورکیا چۆڵ بکات. زۆربەی ئەو ناوچانە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیادان و چاوەڕوان دەکرێت بنکەکانی ماوەش لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەجێبهێڵرێن.

لە بەرامبەردا، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک لە داواکاریی ئەنجەرە بۆ دەرچوونی پ.ک.ک لە ناوچەکانی ئاسۆس، ماوەت، پێنجوێن یان هەڵەبجە بڵاونەکراوەتەوە. نەشنال کۆنتێکست ئەمە بە نیشانەی ئەوە دادەنێت کە ئامانجی سەرەکیی تورکیا پاراستنی سنوورەکانی خۆی و جێگیرکردنی بوونی سەربازییەتی لە نوارە سنوورییەکانە، نە دەرکردنی تەواوی پ.ک.ک لە عێراق.

ئەم شیکارییە هەروەها ئاماژە بە باشتر بوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، لە هەمان کاتدا کە یەکێتی هێشتا پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ پ.ک.ک پاراستووە. دیدارەکانی دوایی بەرپرسانی ئاسایشی و سیاسیی هەردوو لا، لەوانە گفتوگۆ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، نیشانی دەدات کە کەناڵەکانی پەیوەندی لەنێوان ئەنجەرە و یەکێتی چالاکتر بوونەتەوە.

لە کۆتایی شیکارەکەدا هاتووە کە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی بە سەرکەوتوویی بەردەوام بێت، پ.ک.ک تەنها لە ڕێکخراوێکی چەکدارەوە ناگۆڕێت بۆ حیزبێکی سیاسی لە تورکیا، بەڵکو بە پاراستنی ژێرخانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، هێشتا ڕۆڵی خۆی وەک کاریگەرێکی هەرێمایەتی پاراستوو دەبێت.

بەپێی ئەم شیکارییە، پرۆسەی ئاشتی دەکرێت نە کۆتایی ڕۆڵی سەربازیی و هەرێمایەتی پ.ک.ک، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی دووبارە ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلیتیکی بێت؛ قۆناغێک کە تێیدا سەنگەری سەرەکیی سەربازیی پ.ک.ک لە سنوورەکانی تورکیا بۆ ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەگوازرێتەوە.

News ID 227624

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha