ئایا لیندسی گراهام دۆستی کورد بوو؟

ئایا لیندسی گراهام، سناتۆری بەدەسەڵاتی کۆماریخوازی ئەمریکا، دەکرێت بە "دۆستی کوردەکان" ناو ببرێت؟ پێداچوونەوەی هەڵوێستەکان، پڕۆژەیاساییەکان، وتارەکان و لێدوانە فەرمییەکانی ئەو لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا نیشانی دەدات کە گراهام لەو کەمە سیاسەتمەدارە ئەمریکییانە بوو کە بە شێوەیەکی بەردەوام بەرگری لە پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک هاوبەشە ستراتیژییەکانی واشنتۆن دەکرد و تەنانەت بۆ پشتگیریکردنی ئەوانیش پڕۆژەیاسای پێشکەش کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، پشتگیری ئەو لە کوردەکان هەرگیز بە مانای پاڵپشتی لە سەربەخۆیی کوردستان یان هەموو ڕەوتە سیاسی و سەربازییەکانی کورد نەبوو؛ بەڵکوو لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، شەڕی دژ بە داعش و پاراستنی اعتباری واشنتۆن لە هەمبەر هاوپەیمانەکانیدا پێناسە دەکرا. مردنی لەناکاوی ئەو لە ٧١ ساڵیدا، بارێکی دیکە ئەم پرسیارەی هێناوەتە ئاراوە کە پێگەی گراهام لە مێژووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کوردەکاندا چی بوو و ئایا دەکرێت ئەو وەک یەکێک لە نزیکترین دۆستەکانی کورد لە کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دابنرێت؟

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مردنی لەناکاوی لیندسی گراهام، سناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتی کارۆلینای باشوور، بارێکی دیکە ئەم پرسیارەی هێناوەتە ئاراوە کە ئایا دەکرێت ئەو بە "دۆستی کوردەکان" ناو ببرێت یان نا. پێداچوونەوەی هەڵوێستەکان، پڕۆژەیاساییەکان و لێدوانەکانی ئەو لە درێژایی زیاتر لە دەیەیەک چالاکی لە سنای ئەمریکادا نیشانی دەدات کە وەڵامی ئەم پرسیارە ئەرێنییە، بەڵام بە مەرجێکی گرنگ؛ گراهام نە حامی بێ‌شەرت‌ومەرجی ئامانجە نەتەوەییەکانی کوردەکان، بەڵکوو داکۆکیکار لە یەکێک لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوو.

بە پێچەوانەی هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ئەمریکی کە سەبارەت بە کوردەکان هەڵوێستێکی کاتییان وەردەگرت، گراهام لە قبووڵکردنی سێ حەوزەی سەرەکی کوردی ــ هەرێمی کوردستان عێراق، هێزەکانی سووریای دیموکرات و کوردەکانی تورکیا ــ هەڵوێستێکی تا ڕادەیەک جێگیر بەڵام جیاوازی هەبوو. ئەو لە پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک هاوبەشە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بەرگری دەکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیای سەبارەت بە پەکەکە و هەندێک لە توخمەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) بە ڕەوا دەزانی. لەم ڕووەوە، پشتگیری ئەو لە کوردەکان زیاتر لەوەی ڕەگی لە پشتگیریکردنی نەتەوەخوازی کوردی هەبێت، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا جێگیر بوو.

هەرێمی کوردستان؛ "جێی متمانەترین هاوبەشی سەربازی ئەمریکا"

ڕوانگەی ئەرێنی گراهام بەرامبەر بە کوردەکان بۆ یەکەمین جار لە هێڵی شەڕی دژ بە داعشدا بە شێوەیەکی ئاشکرا دەرکەوت. ئەو لە ساڵی ٢٠١٥دا پشتگیری لە پڕۆژەیەک کرد کە لەسەر بنەمای ئەو ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیتوانی ڕاستەوخۆ بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان چەک و کەرەستەی سەربازی بنێرێت؛ کارێک کە بە پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەتی باراک ئۆباما بوو کە پێداگری دەکرد دەبێت هەموو یارمەتییە سەربازییەکان لە ڕێگەی دەوڵەتی ناوەندی عێراقەوە ئەنجام بدرێت. گراهام لە بەرگریکردن لەم پڕۆژەیەدا، پێشمەرگەکانی بە "جێی متمانەترین هاوبەشی سەربازی ئێمە لە عێراقدا" وەسف کرد و وتی: "بەهۆی کێشە بووخراوەکانی بەغدا، لەو بڕوایەدام بەهێزکردنی کوردەکان کە لە شەڕی دژ بە داعشدا کارامەیی خۆیان سەلماندووە، لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندایە." لە دەقی ئەم پڕۆژەیەشدا لە هەرێمی کوردستان وەک یاریزانێک یاد کرابوو کە "ڕۆڵێکی حەیاتی لە دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا" گێڕاوە و شایستەی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی یارمەتییە سەربازییەکانە. لەگەڵ ئەم پشتگیرییانەدا، گراهام هیچ کات لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی نەکرد. لە کاتی گشتپرسی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧شدا وەک دەوڵەتی ئەمریکا، لەسەر پاراستنی تەواویەتی خاکی عێراق پێداگری دەکرد، هەرچەند هاوکات داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی واشنتۆن و هەولێری دەکرد.

سووریا؛ بەرگری سەرسەختانە لە هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکا

دیارترین بەشی کارنامەی گراهام لە پەیوەندی لەگەڵ کوردەکاندا بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگەڕێتەوە. ئەو دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریا، بوو بە یەکێک لە جدی‌ترین ڕەخنەگرانی ئەم بڕیارە لە نێوان کۆماریخوازییەکاندا. گراهام کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای بە "کارەساتێک لە حاڵی ڕووداندا" وەسف کرد و هۆشداری دا: "ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی داعش." ئەو هەروەها پێشبینی کرد: "کوردەکان ئێستا بەرەو لای ئەسەد دەچن، چونکە ئیتر کەسێکیان نییە پشتی پێ ببەستن؛ ئێمە ئەوانمان بەجێهێشتووە." بە بڕوای ئەو، ئەم بڕیارە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ نەیارانی ئەمریکا لە سووریادا.

گراهام پێداگری کرد کە داعش هێشتا تێکنەشکاوە. ئەو وتی: "خەلافەت لەناوچووە، بەڵام هەزاران هێزی داعش هێشتا بوونیان هەیە و ئەگەر کوردەکان نەبوایە، خەلافەت هەرگیز لەناو نەدەچوو." ئەو بە ئاماژەدان بە هاوکاری سەربازییەکانی ئەمریکییەکان و هێزە کوردییەکان زیادی کرد: "ئێمە لە تەنیشت کوردەکاندا جەنگاین. وێنای بکەن ئەگەر سەربازێکی ئەمریکی بن کە شانبەشانی ئەوان جەنگابێتن، ئەمڕۆ چ هەستێکتان دەبێت." بە بڕوای ئەو، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەموو دەستکەوتەکانی ساڵانی ڕابردووی لەناو بردووە. ڕۆژێک دواتریش گراهام هاوڕێ لەگەڵ سناتۆری دیموکرات "کریس کونز" لە نامەیەکی فەرمیدا هۆشدارییان دا کە ئەم بڕیارە، ئاسایشی هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە و توانای واشنتۆن بۆ دۆزینەوەی هاوپەیمانی نوێ لە داهاتوودا لاواز دەکات.

"یاسای ڕزگارکردنی کورد"

گرنگترین هەنگاوی کرداری گراهام لە پشتگیریکردنی کوردەکان، پێشکەشکردنی "یاسای ڕزگارکردنی کورد" لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا بوو؛ پڕۆژەیەک کە هاوڕێ لەگەڵ سناتۆر ڕیچارد بلومێنتال پێشکەش کرا. ئەم پڕۆژەیە داوای سەپاندنی سزای بەسەر بەرپرسانی سووری و هەموو ئەو لایەنانەدا دەکرد کە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکراتدا ڕۆڵیان هەبووە. گراهام لە کاتی ناساندنی ئەم پڕۆژەیەدا وتی: "پشتگیرییەکی بەرفراوانی دووحزبی بۆ پاراستنی کوردەکان لە سووریا و زیاتریش لەوە بوونی هەیە، چونکە ئەوان هاوپەیمانانێکی زۆر جێی متمانە بوون بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان." ئەو ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بەم شێوەیە وەسف کرد: "هێزەکانی سووریای دیموکرات کە بەشێکی گەورەیان لە کوردەکان پێکهاتووە، قورسترین باری شەڕی دژ بە داعشیان لەسەر شان بوو." وی هەروەها هۆشداری دا: "هێرشکردنە سەر کوردەکان پێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لاواز دەکات." و لە ڕاشکاوترین هەڵوێستی خۆیدا ڕایگەیاند: "هەر وڵاتێک یان گرووپێک پێی وابێت دەتوانێت بێ هیچ تێچوویەک هێرش بکاتە سەر کوردانی سووریا، بە توندی لە هەڵەدایە."

لە کاتی هێرشەکانی دەوڵەتی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیشدا گراهام پێداگری کردەوە: "ئەگەر شتێک بەسەر کوردەکاندا بێت، لە داهاتوودا ئیتر بە زەحمەت دەتوانین بۆ ئەمریکا هاوپەیمان بدۆزینەوە." ئەو زیادی کرد: "خراپترین سیناریۆ بۆ ناوچەکە و ئەمریکا، بەجێهێشتنی کوردەکانە." و ڕوونی کردەوە: "هیچ هۆکارێک نییە کە ئەوان بەهۆی یارمەتیدانی ئەمریکاوە سزا بدرێن."

کوردەکانی تورکیا؛ جیاکردنەوەی نێوان کۆمەڵگەی کورد و گرووپە چەکدارەکان

هەڵوێستەکانی گراهام سەبارەت بە کوردەکانی تورکیا ئاڵۆزتر بوو. ئەو هەرگیز کۆمەڵگەی کوردی تورکیای وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەم وڵاتە نەناساند و لە ساڵی ٢٠١٩دا نووسی: "ملیۆنان کورد لە تورکیادا دەژین کە ئەندامانی چالاک و کاریگەرن لە ئابووری، کولتوور و دیموکراسیی ئەم وڵاتەدا." بەڵام لە هەمان کاتدا لە نێوان کۆمەڵگەی کورد و گرووپە چەکدارەکاندا جیاوازی دادەنا. ئەو ڕایگەیاند: "ماوەیەکی درێژە لەو بڕوایەدام هەندێک توخم لە نێوان کوردانی سووریادا هەن کە بە هەڕەشەیەکی یاسایی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دادەنرێن." وی زیادی کرد: "نیگەرانی تورکیا سەبارەت بە توخمەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەبێت بە شێوەیەکی ڕاستەقینە سەرنجی پێ بدرێت." و پێداگری کرد: "هەر چارەسەرێکی کۆتایی لە سووریادا دەبێت بەرژەوەندی و نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیاش لەبەرچاو بگرێت." لەگەڵ ئەوەشدا، دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لە باکووری سووریا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، گراهام بوو بە یەکێک لە ڕەخنەگرە سەرەکییەکانی ئەنقەرە و وتی: "تورکیا هێرش دەکاتە سەر هێزە کوردییەکان کە زۆرترین ڕۆڵیان لە لەناوبردنی خەلافەتی داعشدا هەبووە." ئەو هۆشداری دا: "هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر کۆبانێ دەبێتە ڕسواییەکی نێودەوڵەتی." لیندسی گراهام داوای بەردەوامبوون و توندکردنەوەی سزاکانی ئەمریکای بەسەر تورکیادا کرد تا کاتی دامەزراندنی ئاگربەست.

پێداچوونەوەی هەڵوێستەکانی لیندسی گراهام نیشانی دەدات کە ئەو هەرگیز هەموو گرووپە کوردییەکانی وەک یەک نەدەبینی. لە ڕوانگەی ئەوەوە، پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات، هاوبەشە جێی متمانەکانی ئەمریکا بوون لە شەڕی دژ بە داعشدا و دەبوو پشتگیرییان لێ بکرێت. لە بەرامبەردا، سەبارەت بە پەکەکە هەمان هەڵوێستی فەرمیی دەوڵەتی ئەمریکای هەبوو و نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیای سەبارەت بەم گرووپە و هەندێک لە توخمەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بە ڕەوا دەزانی.

بۆیە، ئەگەر مەبەست لە "دۆستی کوردەکان" سیاسەتمەدارێک بێت کە چەندین جار بەرگری لە کوردەکان لە بەرامبەر بڕیارەکانی دەوڵەتی ئەمریکا یان هێرشی یاریزانی ناوچەیی کردبێت، بۆ پشتگیریکردنیان پڕۆژەیاسای پێشکەش کردبێت و ئەوانی بە هاوپەیمانانی جێی متمانەی واشنتۆن ناوبردبێت، لیندسی گراهام بەبێ گومان یەکێک بوو لە نزیکترین دۆستەکانی کورد لە کۆنگرێسی ئەمریکادا. بەڵام ئەگەر ئەم ناونیشانە بە مانای پشتگیریکردن لە سەربەخۆیی کوردستان، نەتەوەخوازی کوردی یان هەموو ڕەوتە سیاسی و سەربازییەکانی کورد لێک بدرێتەوە، بەڵگەکان ئەم جۆرە تێگەیشتنە پشتڕاست ناکەنەوە. گراهام پێش هەر شتێک سیاسەتمەدارێکی واقیع‌بینی ئەمریکی بوو کە بەرگری لە کوردەکان دەکرد، چونکە ئەوانی وەک بەشێک لە ستراتیژی ئەمنی و بەرژەوەندی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینی.

 سەرچاوەکان:

نووسینگەی سیناتۆر لیندسی گراهام؛ ڕاگەیێندراوەکان، دیمانەکان و ڕاگەیێندراوە فەرمییەکان (2015 تا 2026) بە تایبەت:

Graham Signs Legislation to Arm the Kurds in Support of Fight Against ISIL (2015)

Statement on Syria and Turkey (11 January 2019)

ICYMI: Graham on Syria Withdrawal: "Disaster in the Making" (7 October 2019)

Senators Graham and Coons Request Briefing on U.S. Withdrawal from Northern Syria (8 October 2019)

Graham and Blumenthal Introduce Save the Kurds Act (29 January 2026)

Reuters

U.S. nudged Kurds towards Damascus deal as troop presence comes into focus (2025)

How Syria's Sharaa captured Kurdish-held areas while keeping U.S. onside (2026)

The Wall Street Journal

Syria's Campaign Against Kurds Scrambles Trump's Counterterrorism Policy (2026)

Axios

Report: Sen. Lindsey Graham called U.S. ally Kurds a "threat" in August phone call (2019)

Brookings Institution

The U.S. played down Turkey's concerns about Syrian Kurdish forces. That couldn't last (Amanda Sloat, 2019)

How to Work with the Kurds—and Turkey—in Syria (Michael O'Hanlon, 2017)

The U.S. and Kurdistan: Revise and Rebuild after Kirkuk (Ranj Alaaldin, 2017)

Around the Halls: Brookings Experts' Reactions to Turkey's Incursion into Syria (2019).

Council on Foreign Relations (CFR)

Thinking About "the Kurds" (Steven A. Cook, 2016)

There's Always a Next Time to Betray the Kurds (Steven A. Cook, 2019)

Can the United States Broker Peace Between Iraq and the Kurds? (Max Boot, 2017)

News ID 227557

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha