بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاندۆک چالاکیی سووتاندنی چەکەکانی لەلایەن "گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە ١١ی تەممووزی ٢٠٢٥دا، کە بە پێشەنگایەتی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات بەڕێوەچوو، وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی و مێژوویی لە تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیدا وەسف کرد. ئەو ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای بانگەوازە مێژووییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە شوبات و تەممووزی ٢٠٢٥ و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢یەمی پەکەکە نراوە، کە تێیدا سیاسەتی دیموکراتیک کرا بە بنەما و تەنانەت لە پایزی هەمان ساڵدا هێزەکانیان لە باکووری کوردستان و تورکیا کێشایەوە.
ئەم بەرپرسەی کەجەکە ڕەخنەی توند لە هەڵوێستی دەوڵەتی تورک دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت کە وێڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەو هەنگاوە مێژووییەدا، ئەنقەرە هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی و کرداریی نەهاویشتووە. ئاندۆک ئاماژە بەوە دەکات کە کارەکانی دەوڵەت تەنیا لە پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی، ناردنی شاندێکی سێ کەسی بۆ ئیمراڵی و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکدا قەتیس ماون. ئەو بە بەکارهێنانی دەستەواژەی "باڵندە بە یەک باڵ نافڕێت" سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە پرۆسەکە تەنیا لەسەر بنەمای ئیرادە و نیازی لایەنی کوردی ماوەتەوە و لایەنی بەرانبەر هیچ یاسایەکی پێویستی بۆ ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم سیاسەتی دیموکراتیکدا دەرنەکردووە.
سەبارەت بە پاڵنەرەکانی دەوڵەتی تورک بۆ چوونە ناو پرۆسەکەوە، ئاندۆک باسی لەوە کرد کە دەوڵەت لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەهۆی گەرمبوونی ئاگری شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ترسی لە هێزگرتنی کورد لە سووریا، خۆی لە بەردەم مەترسیدا دەبینی و پەنای بۆ ئەم هەنگاوە برد. بەڵام لە ئێستادا، دەوڵەتی تورک پێی وایە مەترسییەکانی شەڕی سێیەمی جیهانی لەسەر کەمبووەتەوە، کە ئەمەش بە بڕوای ناوبراو "خەڵەتاندن و دەبەنگییەکی کوشندەیە"؛ چونکە نەخشەی نوێی ناوچەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بنیاتنانی هەژموونی ئیسرائیل (لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی) سات بە سات لە پێشڕەویدایە و ئاڵۆزییەکانی سووریا و عێراق هێشتا بەردەوامن. ئەو جەختی کردەوە کە حیساباتی دەوڵەت بۆ درێژکردنەوەی کات بە مەبەستی داڕزاندنی تەڤگەرەکە لە ناو چاوەڕوانیدا، کایەیەکی هەرزانە و بێئەنجام دەبێت.
خەبات ئاندۆک لە درێژەی قسەکانیدا پرسی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانی هێنایە بەرباس و ڕایگەیاند کە ماوەی دوو مانگە هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلاندا نەکراوە. ئەو دووپاتی کردەوە کە بەپێی بڕیاری کۆنگرە و ئیرادەی گەل، تەنیا ئۆجەلان دانووستانکاری ڕاستەقینە و یەکلاکەرەوەی ئەم پرۆسەیەیە و پلانەکانی شەڕی تایبەت بۆ دروستکردنی لێکترازان لە نێوان گەل و ڕێبەرایەتیدا پووچەڵ بوونەتەوە. بۆیە بۆ سەرکەوتنی هەر هەوڵێک، پێویستە گۆشەگیری بە تەواوی هەڵبگیرێت، هەلومەرجی کارکردنی ئۆجەلان باش بکرێت و ئازادیی جەستەیی بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی یاسایی لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە دەکەن، ئاندۆک ئاشکرای کرد کە هیچ دەقێکی فەرمی نەگەیشتووەتە دەستیان، بەڵام هۆشداری دا ئەگەر حکومەت بیەوێت لە ژێر ناوی "یاسای پەشیمانی"دا مامەڵە بکات، ئەوا ئەو پڕۆژەیە هەر لە سەرەتاوە مردووە، چونکە لایەنی کوردی پەشیمان نییە لە دۆزەکەی. ئەو ڕوونی کردەوە کە سەپاندنی تاکلایەنەی یاساکان و بەهەند وەرنەگرتنی لایەنی بەرانبەر، دووبارەکردنەوەی هەمان زیهنیەتی نکۆڵیکردنی سەد ساڵەیە کە پەکەکەی بەرهەم هێنا، و دەرئەنجامەکەشی تەنیا قووڵکردنەوەی شەڕ و تێکدانی قۆناغەکە دەبێت.
لە کۆتاییدا، ئەم ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ئاماژەی بە چاکسازییە یاساییە بنەڕەتییەکان کرد کە بۆ تێپەڕبوون بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک پێویستن. بە بڕوای ئەو، پێویستە دەوڵەتی تورک پێناسەی "تیرۆر" لەسەر دۆزی کورد و کوردستان لابدات، ناسنامەی گەلی کورد لە ناو یاساکاندا دابنێت و ڕێگرییەکانی سەر زمان و کولتووری کوردی کۆتایی پێ بهێنێت. ئەو جەختی کردەوە کە ئەم چاکسازییانە نەک نابنە مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاک و سنوورەکانی تورکیا، بەڵکوو تەنیا ڕێگایە بۆ دیموکراتیزەکردنی ناوخۆیی و ڕزگاربوونی تورکیا لەو قەیرانە قورسە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە تێیکەوتووە.
Your Comment