ئایا هیوایەک بۆ گەڕانەوەی تورکیا بۆ پڕۆژەی فڕۆکەی F-۳۵ هەیە؟

پاش چەندین ساڵ لە بنبەست لە مەلەفی فڕۆکە جەنگییەکانی F-۳۵دا، نیشانانێک لە گەڕانەوەی ئەم بابەتە بۆ دەستووری کاری پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆن دەبینرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەرچی دەوڵەتی دۆناڵد ترەمپ لە پێداچوونەوەی دووبارەی ڕێڕەوی فرۆشتنی ئەگەریی ئەم فڕۆکە جەنگییانە بە تورکیا هەواڵی داوە، بەڵام ڕێگرە سەرەکییەکە واتە سیستمی ڕووسیی S-۴۰۰ و سنووردارکردنە یاساییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا هێشتا وەک خۆیان بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلەفی گەڕانەوەی تورکیا بۆ پڕۆژەی فڕۆکە جەنگییە  F-۳۵ جارێکی دیکە لە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆندا هاتووەتە ئاراوە. ئەم بابەتە پاش ئەوە جدیتر بووەوە کە جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ترەمپ خەریکی لێکۆڵینەوەی ڕێگەیەکدایە کە دەرفەتی فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی F-۳۵ بە تورکیا بڕەخسێنێت. ڤانس لەم وتووێژەدا جەختی کردەوە کە ئەم لێکۆڵینەوەیە بە فەرمانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەنجام دەدرێت و زیادی کرد کە هەر جۆرە بڕیارێک لەم بوارەدا دەبێت لەگەڵ یاساکانی ئەمریکا، بەتایبەت ئەو سنووردارکردنانەی کە پەیوەستن بە کڕینی سیستمی S-۴۰۰ لە لایەن تورکیاوە، بگونجێت.

ئەم لێدوانانە لە کەشوهەوای ڕاگەیاندن و سیاسیی تورکیادا وەک نیشانەیەک لە کەرتبوونەوەی دووبارەی مەلەفی F-۳۵ لێکدرایەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵسەنگاندنی باڵا ئەوەیە کە واشنتۆن هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و تەنها ڕێڕەوە یاسایی و سیاسییە گونجاوەکان لێک دەداتەوە. لەبەر ئەوە، ئەگەرچی هێنانەبەر باسی دووبارەی ئەم بابەتە دەکرێت نیشانەیەک بێت لە ئارەزووی هەردوولا بۆ زیندووکردنەوەی وتووێژە بەرگرییەکان، بەڵام تا ئەو کاتەی ناکۆکی لەسەر سیستمی S-۴۰۰ و سنووردارکردنەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا چارەسەر نەبێت، ناتوانرێت بە واتای گەڕانەوەی بنبڕی تورکیا بۆ بەرنامەی F-۳۵ دابنرێت.

تورکیا لە ساڵی ۲۰۱۹دا، پاش کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیی S-۴۰۰، لە بەرنامەی بەرهەمهێنان و کڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی F-۳۵ وەدەرنرا. واشنتۆن لەو کاتەدا ڕایگەیاند کە ئامادەبوونی هاوکاتی سیستمی S-۴۰۰ و فڕۆکەی جەنگیی F-۳۵ دەکرێت ئاسایشی تەکنەلۆژیا هەستیارەکانی ئەم فڕۆکەیە بخاتە مەترسییەوە.

سەرەڕای لۆژیکی ئەرێنیی تری دەوڵەتی ترەمپ، هێشتا بڕیاری کۆتایی دەربارەی گەڕانەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی F-۳۵ نەدراوە. لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، یاساکانی ئەمریکا هێشتا فرۆشتنی ئەم فڕۆکە جەنگییانە بە تورکیا تا ئەو کاتەی کێشەی S-۴۰۰ یەکلایی نەبێتەوە، سنووردار دەکەن و کۆنگرێسیش لەم بوارەدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە.

 

له‌و ناوەدا، بابەتی ئاگادارکردنەوەی دەوڵەتی ترەمپ بە کۆنگرێس دەربارەی فرۆشتنی بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی بۆ پڕۆژەی نیشتمانیی «کائان»یش لە ڕاگەیاندنەکانی تورکیادا ڕەنگدانەوەی هەبوو. ڕاگەیاندنی "خەبەرترک" بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، لەم هەنگاوە وەک هەنگاوێکی گرنگ لە هاوکارییە بەرگرییەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە ناوی برد و نووسی کە بڕیارە ئەم بزوێنەرانە فڕۆکەی جەنگیی خۆماڵیی «کائان» بخەنە گەڕ. لەگەڵ ئەوەشدا، لەم ڕاپۆرتەشدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم بڕیارە بە واتای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامەی F-۳۵ نییە و مەلەفی سیستمی S-۴۰۰ هێشتا وەک گرنگترین ڕێگر لە ڕێڕەوی ئاساییبوونەوەی تەواوی هاوکارییە بەرگرییەکانی دوو وڵات بە ئەژمار دێت.

ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە واشنتۆنەوە دەبیسترێت، لانی کەم لە قۆناغی ئێستادا، زیاتر لەوەی کە لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەمریکادا هەواڵ بدات، وەک هەوڵێک بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە دێتە بەرچاو. ئەم بابەتە بۆ یەکەم جار لە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزدا هاتە ئاراوە؛ لەو شوێنەی کە جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە لێکۆڵینەوەی ڕێگاکان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی F-۳۵ بە تورکیا هەواڵی دا. لەگەڵ ئەوەشدا، لۆژیکی هەر ئەم ڕاپۆرتەش نیشانی دەدات کە هێشتا باسی بڕیارێکی بنبڕ لە ئارادا نییە. ئەوەی ئێستا دەبینرێت، ناردنی پەیامگەلێکە کە لە لایەکەوە دەکرێت نیشانەیەک بێت لە ئامادەیی بۆ وتووێژ و لە لایەکی دیکەوە، کەرەستەی گوشاری واشنتۆن لەسەر ئەنقەرە هێشتا وەک خۆی بپارێزێت. لەم ڕوانگەیەوە، هێنانەبەرباسی دووبارەی مەلەفی F-۳۵ دەکرێت زیاتر وەک هەوڵێک بۆ واڵا هێشتنەوەی ڕێگەی دانوستان سەیر بکرێت تا ڕاگەیاندنی بڕیارێکی کۆتایی.

لە بەرانبەردا، گرنگترین ڕێگر هێشتا هەر ئەو بابەتەیە کە لە ساڵی ۲۰۱۹وە تا ئێستا گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە؛ سیستمی بەرگریی ئامانیی S-۴۰۰ی ڕووسیا. لە ڕوانگەی دامەزراوە ئەمنییەکان و یاسادانەرانی ئەمریکییەوە، ئەم مەلەفە تەنها ناکۆکییەکی سیاسی نییە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بە نیگەرانییە تەکنیکی و ئەمنییەکانەوە دەربارەی پاراستنی تەکنەلۆژیا هەستیارەکانی F-۳۵ بەستراوەتەوە. بەم هۆیە، تەنانەت ئەگەر کۆشکی سپی ڕێبازێکی نەرمتریش بگرێتە بەر، تا ئەو کاتەی کێشەی S-۴۰۰ چارەسەر نەبێت، تێپەڕین لە ڕێگرە یاساییەکان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی کۆنگرێس بۆ گەڕانەوەی تورکیا بۆ پڕۆژەی F-۳۵ هێشتا دژوار دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، چۆنیەتیی پێناسەکردنەوەی پێگەی جیۆپۆلەتیکی تورکیا لە ڕوانگەی واشنتۆنیشەوە لەم هاوکێشەیەدا بێبایەخ نییە. دامەزراوەی فیکریی "سندوقی مارشاڵی ئەڵمانیا" (German Marshall Fund) لە شیکارییەکدا دەربارەی ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا نووسیویەتی کە لەم بەڵگەنامەیەدا، ناوی تورکیا تەنها یەک جار هاتووە و هەر ئەو ئاماژەیەش لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کراوە؛ بابەتێک کە لە دوورکەوتنەوەی ڕێژەیی واشنتۆن لە ڕوانگەی نەریتی بۆ تورکیا وەک هاوبەشێکی تەنها ئەورووپی-ناتۆیی دەدوێت. هاوکات، دامەزراوەی فیکریی "برۆکینگز" (Brookings Institution)یش لە شیکارییەکانی خۆیدا جەختی کردووەتەوە کە پێگەی نەریتیی تورکیا لە ڕێکخستنی ترانس-ئەتڵەنتیکدا چیتر وەک ڕابردوو ڕوون و جێگیر نییە و واشنتۆن هێشتا لە نێوان ڕوانین بۆ تورکیا وەک هاوپەیمانی ناتۆ، ئەکتەری ناوچەیی و هاوبەشی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە هاتوچۆدایە. لە چوارچێوەیەکی ئاواددا، گەڕانەوەی تەواوی تورکیا بۆ پڕۆژەیەکی پێشکەوتوو و هەستیاری وەک F-۳۵، کە لە دڵی تەلارسازیی ئەمنیی ناتۆدایە، نەک تەنها بە چارەسەرکردنی مەلەفی S-۴۰۰، بەڵکوو بە جۆری پێناسەکردنەوەی پێگەی تورکیا لە ستراتیژی گەورەی ئەمریکاشەوە گرێ دراوە.

ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت، زیاتر لەوەی نیشانەی وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە سیاسەتی ئەمریکادا بێت، هەوڵێکە بۆ واڵا هێشتنەوەی ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرە. ئەگەری هەیە مەلەفی F-۳۵ جارێکی دیکە بخرێتەوە سەر مێز، بەڵام ڕوون نییە کە بگاتە ئەنجام. تا ئەو کاتەی کێشەی S-۴۰۰ و سنووردارکردنە یاساییەکانی سەرچاوەگرتوو لێی بەردەوام بن، ئەگەری گەڕانەوەی تورکیا بۆ ئەم پڕۆژەیە هێشتا بە بڕیارە سیاسییەکانی دوو وڵات و ڕەوتی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەروەها دۆخی شێواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (و دەوروبەری) گرێ دراوە.

 

شەقایق کەمالی - کوردپرێس

News ID 227462

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha