بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی هەشتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا زەیدی جەختی کردەوە، ئەو هەڵمەتەی ئەم دواییە دژی گەندەڵکاران ئەنجام درا، تەنیا قۆناخی یەکەمە و وتی: "حکومەت بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی یاسا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل، هیچ کەمتەرخەمییەک لە بەرپرسیارێتی پاراستنی سامانی گشتیدا قبووڵ ناکرێت".
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، چیتر بێدەنگی بەرامبەر گەندەڵی ناکرێت و دەزگا چاودێرییەکانی راسپارد کە بە وردی چاودێری ئەدای وەزارەتەکان بکەن. راشیگەیاند، عێراق سەردەمی شەڕ و پەککەوتنی تێپەڕاندووە و ئێستا کاتی ئەوەیە دەوڵەت پاوانی هێز و چەک بکات و رێگا نەدات گەندەڵکاران لە ناو جەستەی دەوڵەتدا بمێننەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، عەلی زەیدی باسی لە ئامادەکارییەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ کرد کە لەسەر بنەمای (بودجەی بەرنامەکان) دەبێت. ئاشکرای کرد کە پلان هەیە بۆ ئەمساڵ گرێبەستی بەرهەمهێنانی ٢٥ هەزار مێگاوات کارەبا واژۆ بکرێت تاوەکو لە ساڵی داهاتوودا دۆخی کارەبای نیشتمانی بە تەواوەتی جێگیر بێت.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەڵمەتێکی فراوانیان ئەنجام دا و تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر کران؛ هەروەها ژمارەیەک سەرچاوەی باڵا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییان راگەیاند، ٤٧ تۆمەتبار لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون.
Your Comment