بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیاندراوەکەی هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکەدا هاتووە: "بە خەمێکی قووڵەوە زانیمان کە هونەرمەندی گەورە، ڕووناکبیر و دیموکرات قادر ئینانر کۆچی دوایی کردووە. سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی، کەسوکاری، تەواوی کۆمەڵگەی هونەری و گەلانی تورکیا دەکەین. قادر ئینانر، بە هونەرەکەی و بە کەسایەتییە دیموکراتەکەی لەیاد ناکرێت و هەمیشە لە دڵی گەلەکەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. تورکیایەکی دیموکراتیک کە تیایدا هەموو گەلان، کۆمەڵگە ئایینییەکان، ژنان و ڕەنجدەران ئازاد و یەکسان بن، کە ئەمە حەسرەتی ئەو بوو، بێگومان بونیاد دەنرێت.
بۆ سەرجەم هونەرمەندان و ڕووناکبیرانی تورکیا، خاوەنی هەڵوێستێکی دیموکراتیکی نموونەیی بوو. تا دوایین هەناسەی ژیانیشی سازشی لەو هەڵوێستە دیموکراتیکەی نەکرد. لە هەر ژینگەیەکدا کەسایەتییە ئازادبیرەکەی خۆی پاراست. هاوسۆزیی بۆ سەرجەم کۆمەڵگە و چینە چەوساوەکان کرد. لە دژی هەر جۆرە گوشار و خراپەکارییەک کە نەیدەویست بەرامبەر بە خۆی و گەلەکەی بکرێت، بووە خاوەن هەڵوێست. وەک چۆن دەبێت ڕووناکبیر و هونەرمەند خاوەن هەڵوێست بن، ئەو ئەمەی لە کەسایەتی و ژیانی خۆیدا بە شێوەیەکی ڕوون نیشان دا. لەبەر ئەوە وەک یەکێک لە بەهادارترین سیماکانی ڕووی ڕووناکی تورکیا جێگەی خۆی لە مێژوودا گرت.
قادر ئینانر دۆستێکی هێژای گەلی کوردیش بوو. هەرگیز ئەو سیاسەتانەی قبوڵ نەکرد کە لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەبران و کاردانەوەی نیشان دا. ئەو بڕوای وابوو کە دەبێت گەلی کوردیش بە زمان، ناسنامە و کولتووری خۆیەوە بە شێوەیەکی ئازادانە بژی. ئەم بڕوایەشی بە بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانی خۆی نیشان دەدا. ئەو تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییانەی کە لە تورکیا بە شۆڤێنیزم بونیاد دەنران، وەک خراپەکارییەک لە دژی سەرجەم گەلانی تورکیا دەبینی. بە کەسایەتی و هەڵوێستی خۆی، لە دژی ئەم جۆرە تێگەیشتن و سیاسەتانە لە ناو هەڵوێستدا بوو.
قبوڵکردنی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێبەری گەلی کورد، نیشانی دا کە کارەکتەرە ئازادیخواز و دیموکراتەکەی تا چەند ڕوونە. بووە نموونەی ئەو بوێرییەی کە دەبێت ڕووناکبیر و دیموکرات نیشانی بدەن. چۆن لە فەرەنسا گەلی جەزائیر هەڵوێستی جان پۆڵ سارتریان لە دژی داگیرکاری و سیاسەتەکانی چەوساندنەوەی سەر جەزائیر لەیاد نەکردووە؛ گەلی کوردیش هەڵوێستی قادر ئینانر کە ئازادیی گەلی کوردی دەپاراست، هەرگیز لەیاد ناکات.
گەلی کوردیش وەک سەرجەم گەلانی تورکیا، بە شێوەیەکی شایستە ماڵئاوایی لە قادر ئینانر دەکات. لەمەودواش خاوەندارێتی بۆ قادر ئینانر نیشان دەدات."
Your Comment