بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وهزارهتی نهوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا باس لهوهکردوه، ئەو بانگهشانهی لهبارهی کشانەوەی عێراق لە ئۆپێک بڵاوبونەتەوە گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمی حکوومەتی عێراق ناکات، پرسی کشانەوە هەرگیز لەلایەن سەرۆکی حکوومەت و حکوومەتەوە نەخراوەتەڕو، بەڵکوو عێراق بەردەوام جەختی لە گرنگی هەڵسەنگاندنەوەی پشکی بەرهەمهێنان کردوە بۆ ئەوەی لەگەڵ توانای بەرهەمهێنانی پاوەجێی وڵاتانی ئەندام بگونجێت، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەلایەن هەموو وڵاتانی پەیوەندیدارەوە پەسەندکراوە.
ئاماژهی بهوهشکردوه، ئۆپێک و وڵاتانی هاوپەیمان وەڵامی ئەو بانگهشانهیان دایەوە بە دەستپێکردنی پرۆسەیەک بۆ هەڵسەنگاندنەوەی زۆرترین توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامی وڵاتانی ئەندام، ئەو پڕۆسەیە لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی سەربەخۆی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێت، بە بەشداری چالاکانەی عێراق، بەپێی خشتەی کاتی پەسەندکراو.
وهزارهتی نهوتی عێراق له راگهیهندراوهکهدا ڕوونیکردوهتهوه، "دەمانەوێت ئاماژە بە ئاستی بەرزی لێکتێگەیشتن لە نێوان وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە بکەین سەبارەت بە دۆخی ناوازەی عێراق و ئەو ئازارانەی کە پیشەسازی نەوتی عێراق لە ماوەی ۴۰ ساڵی رابردودا بە هۆی شەڕ و گەمارۆکان و تەحەددیاتەکانەوە بەرگەی گرتوە".
وهزارهتی نهوتی عێراق دهڵێت: "ئۆپێک و وڵاتانی هاوپەیمان دەستیان کردوە بە گەڕاندنەوەی وردە وردە ئاستی بەرهەمهێنانی کەمبوەوە، بڕیارە لە چەند مانگی داهاتودا گەڕانەوەی تەواوی سەرجەم بڕینی خۆبەخشانە تەواو بکرێت، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی سەقفی بەرهەمهێنانی عێراق".
ئهوهشی خستهڕوو، "هەر داواکارییەک کە پەیوەندی بە سەقفی بەرهەمهێنان یان ئاستی توانای بەرهەمهێنانەوە هەبێت، لە ڕێگەی میکانیزمە تەکنیکی و کۆدەنگییە دامەزراوەکانەوە لە چوارچێوەی ئۆپێک و وڵاتانی هاوپەیمانیدا چارەسەر دەکرێت".
عێراق یەکێکە لە وڵاتە دامەزرێنەران و ئەندامانی سەرەکیی ڕێکخراوی ئۆپێک، عێراق لەگەڵ هەریەکە لە (سعوودیە، ئێران، کوەیت و ڤەنزوێلا) لە ساڵی ۱۹۶۰دا ئەم ڕێکخراوەیان دامەزراند و لە ئێستادا دووەم گەورەترین هەناردەکەری نەوتە لەناو ڕێکخراوەکەدا.
سەرەڕای هەندێک ناکۆکی و دەنگۆ لەسەر پشکی دیاریکراوی بەرهەمهێنان، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق کشانەوەی لەو ڕێکخراوە بە تەواوی رەتکردوەتەوە و هێشتا ئەندامێکی کارایە.
Your Comment