پزیشکێکی کورد توانی خەڵاتی باشترین پزیشکی ڕووسیا بەدەستبهێنێت

لە رێورەسمێکی گەورەدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی رووسیا، دکتۆر رۆنی بەها مایی، پزیشکی کورد، خەڵاتی باشترین پزیشکی رووسیای بۆ ساڵی ۲۰۲۶ پێبەخشرا، ئەمەش وەک رێزلێنانێک بۆ داهێنانە پزیشکییەکەی لە بواری چارەسەری مێشک و دەماردا.

کوردپرێس: تەلەفزیۆنی کوردستان ۲۴ بڵاوی کردەوە، ئاهەنگی "پریزڤانیێ"، ساڵانە بۆ باشترین پزیشکانی رووسیا رێکدەخرێت، تاتیانا گۆلیکۆڤا، جێگری سەرۆکوەزیران و میخائیل موراشکۆ، وەزیری تەندروستیی رووسیا ئامادەی بوون. دکتۆر رۆنی وەک تەنیا پزیشکی کورد لە نێو لیستی خەڵاتکراوەکاندا بوو.

لەمبارەوە دکتۆر رۆنی بەها مایی، پزیشکی نەشتەرگەری منداڵان، تیشکی خستە سەر داهێنانەکەیان و گوتی: "نەشتەرگەرییەکە بۆ منداڵان لێرە لە رووسیا دەکرێت و نوێترین تەکنەلۆجیایە لە جیهاندا. ئێمە لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە جینی باش دەخەینە نێو مێشکی منداڵەکەوە بۆ ئەوەی جێگەی جینە خراپەکە بگرێتەوە، بەمەش منداڵەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە بکات و بجوڵێت."

دکتۆر رۆنی لەگەڵ تیمەکەیدا رێگەیەکی نوێیان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی (کەمیی دیکاربوکسیلەیز) دۆزیوەتەوە. ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی پەککەوتنی جەستە و کەمئەندامییەکی توند، بە جۆرێک منداڵەکە تەنیا لە رێگەی بۆرییەوە خواردن وەردەگرێت.

لەلایەن خۆیەوە دمتری ریشکەڤە، پزیشکی نەشتەرگەری منداڵان، باسی لە گرنگیی چارەسەرەکە کرد و گوتی: "ئەمە رێگەیەکی نوێیە بۆ رزگارکردنی ئەو منداڵانەی پێشتر رووبەڕووی مردن دەبوونەوە. بە هەوڵی تیمەکەمان توانیمان داهێنانەکە بدۆزینەوە، ئێستا دەتوانین لە تەمەنی کەمتر لە یەک ساڵیدا نەشتەرگەری بۆ ئەو منداڵانە بکەین و بیانگەڕێنینەوە ناو ژیانێکی ئاسایی."

هەروەها سێرگی گرێلیک، پزیشکی بەنج، خۆشحاڵیی خۆی بەو دەستکەوتە زانستییە دەربڕی و گوت: "خۆشحاڵم بە بەشداریکردنم لەم رووداوە گرنگەدا لەگەڵ تیمەکەمان. توانیمان ئەم داهێنانە مەزنە بەدەستبهێنین و بەنیازین بۆ داهاتوو زیاتر پەرەی پێ بدەین بۆ ئەوەی چارەسەری زیاتری منداڵان بکەین."

ئەم نەشتەرگەرییە بە شاشەی زیرەک و چاودێریی ڤیدیۆیی دەکرێت، دەرمانەکە بە بڕێکی زۆر کەم دەگەیەندرێتە شوێنی ئامانج لە نێو مێشکدا. ئەم دەستکەوتە پزیشکییە وەک شانازییەک بۆ کورد لە دەرەوەی وڵات هەژمار دەکرێت.

خەڵاتی (پریزڤانیێ) گەورەترین و گرنگترین خەڵاتی بواری پزیشکییە لە وڵاتی رووسیا، ساڵانە دەدرێتە ئەو پزیشک و زانایانەی داهێنانی نوێ و کاریگەر لە کەرتی تەندروستیدا دەکەن.

نەخۆشی (کەمیی دیکاربوکسیلەیز) نەخۆشییەکی دەگمەنی بۆماوەییە، دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی دەمار و مێشک، بەهۆیەوە جەستە ناتوانێت ماددە کیمیاییە گرنگەکانی وەک دۆپامین و سیرۆتۆنین بەرهەمبهێنێت.

 چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە لە رێگەی گۆڕینی جینات و نەشتەرگەریی مێشکەوە، هەنگاوێکی زۆر گەورەیە لە زانستی پزیشکیی سەردەمدا، هیوا دەبەخشێتە سەدان خێزان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ رزگارکردنی منداڵەکانیان لە پەککەوتەیی هەمیشەیی.

News ID 227389

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha