بەرهەمهێنانیانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لە ۲۰۰ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نووسراوی فەرمی دڵنیایی ئەمنیی داوەتە کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لە هەفتەی داهاتوودا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ی کەناڵی کوردستان٢٤ کە کاتژمێر ۱۰ پەخش دەکرێت، چەند زانیارییەکی نوێی لەبارەی دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پاراستنی کێڵگەکان ئاشکرا کرد.

دووبەردانی لەو چاوپێکەوتنەدا رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی دڵنیایی ئەمنیی پێویستی داوەتە کۆمپانیاکانی نەوت بۆ ئەوەی بێ دوودڵی دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی سەربازی هەماهەنگیی نوێ هەیە و بڕیار وایە سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی لە هەولێر جێگیر بکرێت بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، کە بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی فەرمیی لەسەر دانانی سیستەمەکە دەربڕیوە.

سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە، شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەفتەی داهاتوو کۆمپانیاکانی نەوت بە فەرمی دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە.

هاوکات ئاشکراشی کرد کە لە قۆناخی یەکەمدا، کۆمپانیاکان توانای بەرهەمهێنانیان دەگاتە زیاتر لە ۲۰۰ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.

News ID 227388

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha