وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاتیی سووریا بڕوانامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بەفەرمی ناساند

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی کاتیی سووریا لە بڕیارێکی نوێدا، بڕوانامەی دەرچوو لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای بە فەرمی ناساند و ڕێگەی بە خوێندکارانی ئەم ناوچانە دا کە لە ساڵانی خوێندنی دیاریکراودا بەشداری لە تاقیکردنەوە فەرمییەکانی وڵاتدا بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی کاتیی سووریا ڕایگەیاند کە بڕوانامە و گەواهینامەکانی خوێندنی دەرچوو لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە فەرمی دەناسێت. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکخستنی سیستمی پەروەردەی وڵات و ڕێکخستنی دۆخی یاسایی خوێندکارانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دراوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی "هاوار"، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکە، وەزارەتی پەروەردەی سووریا بە دەرکردنی بڕیاری ژمارە ١٦١٧/٩٤٣، مەرجی نوێی بۆ قبوڵکردنی بڕوانامەکانی خوێندن و بەشداریکردنی خوێندکاران لە تاقیکردنەوە فەرمییەکاندا دیاری کردووە. ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای بڕگەکانی یاسای ژمارە ٣١ی پەسەندکراوی ساڵی ٢٠٢٤ دەرچووە.

وەزارەتی پەروەردەی سووریا جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پرۆسەی بەردەوامی تێکەڵکردن و دروستکردنی سیستمێکی پەروەردەیی یەکگرتوو لە سەرانسەری وڵاتدا؛ پرۆسەیەک کە دوای جێبەجێکردنی پڕۆگرامی خوێندنی یەکگرتووی حکوومەتی سووریا لە هەموو پارێزگاکانی وڵاتدا دەستی پێکردووە.

لەسەر بنەمای بڕگەکانی ئەم بڕیارە، ئەو خوێندکارانەی کە پێشتر لەسەر بنەمای پڕۆگرامەکانی خوێندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر خوێندوویانە، ڕێگەیان پێدەدرێت تەنها لە ساڵانی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ و ٢٠٢٦-٢٠٢٧دا بەشداری لە تاقیکردنەوە فەرمییەکانی بڕوانامە گشتییەکاندا بکەن، لەوانەش قۆناغی ئامادەیی و خوێندنی بنەڕەتی. ئەم تاقیکردنەوانە بەپێی ڕێسا و پێوەرە نیشتمانییە دیاریکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە بەڕێوە دەچن.

هەروەها بەپێی ماددەی دووەمی ئەم بڕیارە، ئەو بڕوانامانەی کە پێشتر لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دەرکراون، لەسەر بنەمای ڕێنمایی و پێوەرە پەسەندکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە و ڕێسا جێبەجێکارییە بەردەستەکان، بە فەرمی دەناسرێن.

وەزارەتی پەروەردەی سووریا جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە بۆ جێبەجێکردن بە سەرجەم دامەزراوە و کەرتە پەیوەندیدارەکان ڕاگەیەندراوە.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاتیی سووریا بڕوانامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بەفەرمی ناساند

News ID 227381

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha