بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕووکەشدا، سەردانەکەی ئەم دواییەی تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ بەغدا، هەولێر و دمشق، وەک کۆمەڵێک دیداری دیپلۆماتی و گرێبەستی ئابووری دەبینرێت. بەڵام کاتێک ڕێککەوتنە واژۆکراوەکانی عێراق و سووریا دەخرێنە پاڵ یەک، باسی پێکهاتنی مۆدێلێک دەکەن کە لە چەند پڕۆژەیەکی وزە تێدەپەڕێت؛ مۆدێلێک کە دەکرێت وەک هەوڵێکی ئەمریکا بۆ دروستکردنی تەلارسازییەکی ئابووری-ئەمنیی هاوبەش لە عێراق و سووریادا پێناسە بکرێت.
لەو چوارچێوەیەدا، واشنتۆن هەوڵ دەدات نفووزی خۆی نەک لە ڕێگەی جێگیرکردنی هێزی سەربازییەوە، بەڵکو بە پشتبەستن بە تۆڕێک لە هێڵەکانی بۆری، کێڵگە نەوتییەکان، ژێرخانەکانی وزە، تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان و وەبەرهێنانی گەورە بچەسپێنێت.
بەغدا؛ ئاسایش لە بەرامبەر وەبەرهێناندا
یەکەمین نیشانەی ئەم ستراتیژە لە بەیاننامەی هاوبەشی حکومەتی عێراق و ئەمریکا دوای دیداری عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ تۆم باراک لە ١٥ی حوزەیراندا دەرکەوت. لەو بەیاننامەیەدا، حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی نیشان دا بە تەواوکردنی پرۆسەی داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت؛ بابەتێک کە هەمیشە یەکێک بووە لە داواکارییە سەرەکییەکانی واشنتۆن.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا پاکێجێک لە پڕۆژەی ئابووری و وزەی ڕاگەیاند، لەوانە:
پێدانی مۆڵەتی چالاکیکردن بە "ستارلینک" لە عێراقدا.
هاتنی کۆمپانیای "شێڤرۆن" بۆ ناو پڕۆژە نەوتییەکانی غەربولقورنە-٢ و ناسریە.
دەستەبەرکردنی ئاسایشی چالاکیی کۆمپانیاکانی HKN، Western Zagros و Hunt.
دروستکردنی وێستگەی هاوردەکردنی LNG لەلایەن کۆمپانیای Excelerate Energy لە خۆر ئەلزوبێر.
واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی کەرکووک–بانیاس بە بەشداریی کۆمپانیای TI Capital.
هەروەها ڕاگەیەندرا کە دۆناڵد ترەمپ لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا لە کۆشکی سپی میوانداریی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، ئەمەش نیشانەی گرنگیی ڕۆژبەڕۆژی عێراقە لە ستراتیژە نوێیەکەی ئەمریکادا.
دیمەشق؛ دەستپێکردنی گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان
نزیکەی لە هەمان کاتدا، گۆڕانکاریی هاوشێوە لە سووریاشدا ڕوویاندا. محەممەد ئەلبەشیر، وەزیری وزەی سووریا، لە ماوەی نێوان ٩ بۆ ١٣ی حوزەیراندا لە واشنتۆن لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی وزەی ئەمریکا کۆبووەوە.
کەمێک دوای ئەوە، کۆمپانیای نەوتی سووریا یەکەمین گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی لەگەڵ ConocoPhillips و کۆمپانیای Novaterra واژۆ کرد؛ گرێبەستێک کە یەکەمین هاوکاریی فەرمی نێوان کۆمپانیایەکی گەورەی نەوتی ئەمریکی و حکومەتی نوێی سووریا دادەنرێت. لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی پارێزگای حەسەکەش ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە کۆمپانیای ئەمریکیی HKN Energy دەستی بە چالاکی کردووە لە هەندێک لەو کێڵگە نەوتییانەی کە پێشتر لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD/SDF)دا بوون و لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی فەرمی ڕادەستی حکومەتی دیمەشق کراونەتەوە.
ئەم گۆڕانکارییانە ئەوە نیشان دەدەن کە ئەمریکا سەیری عێراق و سووریا ناکات وەک دوو دۆسیەی جیاواز، بەڵکو وەک بەشێک لە فەزایەکی ئابووری ووزەی یەکگرتوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.
ڕۆڵی میحوەریی تۆم باراک
یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی ئەم گۆڕانکارییە، کۆکردنەوەی بەرپرسیارێتییەکانە لە دەستی تۆم باراکدا. ئەو لە ئێستادا هاوکات سێ پۆستی سەرەکی و کلیلانی لەئەستۆیە:
١. باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا.
٢. نێردراوی تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری سووریا.
٣. نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کاروباری عێراق.
بەو شێوەیە، سێ میحوەرەکەی ئەنقەرە، بەغدا و دیمەشق لە ڕێگەی یەک کەناڵی هاوبەشەوە بەڕێوە دەبرێن؛ بابەتێک کە نیشانی دەدات واشنتۆن نیگایەکی ناوچەیی تازەی بۆ ئەم سێ وڵاتە پەیدا کردووە.
ئەو کۆمپانیایانەی لە دوو لای سنوورەکەدا چالاکن
لیستی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش پێداگری لەسەر ئەم وێنەیە دەکەن. کۆمپانیای HKN Energy ئێستا هەم لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هەم لە عێراقی فیدراڵ و هەم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا چالاکیی هەیە. "شێڤرۆن" جیا لە گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە پڕۆژەکانی عێراق، لە کەناراوەکانی سووریاشدا ڕێککەوتنی پشکنین و گەڕانی هەیە.
کۆمپانیای ConocoPhillips-یش جیا لە گرێبەستە نوێیەکەی دیمەشق، لە کۆنسێرتێۆمێکدا کە پێکهاتووە لە TotalEnergies و QatarEnergy ئامادەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە بلۆکی ژمارە ٣ی دەریایی سووریا. کۆمپانیای Baker Hughes-یش لەگەڵ Hunt و Argent LNG بەشدارە لە داڕشتنی ماستەرپلان یان نەخشەی گشتگیری وزەی سووریا.
بەم شێوەیە، زۆرێک لەو کۆمپانیایانەی لە عێراقدا وەبەرهێنان دەکەن، هاوکات چوونەتە ناو بازاڕی سووریاشەوە.
زیندووکردنەوەی هێڵی بۆریی کەرکووک–بانیاس
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی ئەم پڕۆژەیە، زیندووکردنەوەی هێڵی بۆریی مێژوویی کەرکووک–بانیاسە. ئەم هێڵە بۆرییە کاتێک لە ساڵی ١٩Insert٥٢دا دروستکرا، لە ساڵی ٢٠٠٣وە بە بێ کەڵک مابووەوە. زیندووکردنەوەی دەتوانێت ڕۆژانە تا یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق بگوازێتەوە بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، ئەمەش پشتبەستنی بەغدا بە گەرووی هورمز کەم دەکاتەوە.
لە بەرامبەردا، سووریاش لە داهاتی ترانزێت و گۆڕانی بۆ ڕێڕەوێکی وزەی ناوچەیی سوودمەند دەبێت. جێگیربوونی کۆمپانیای ئەمریکیی TI Capital لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ئەم هێڵە بۆرییەدا، ئەوە نیشان دەدات کە واشنتۆن دەیەوێت لە گرنگترین شاریانی وزەی نێوان عێراق و دەریای ناوەڕاستدا ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبێت.
لە ئامادەیی سەربازییەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ژێرخان
تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم ستراتیژە، گۆڕینی شێوازی سەپاندنی نفووزی ئەمریکایە. لە ڕابردوودا، ئامادەیی سەربازی گرنگترین ئامرازی پاراستنی نفووزی واشنتۆن بوو لە ناوچەکەدا. بەڵام ئێستا وادیارە ئەمریکا دەیەوێت هەمان بڕی نفووز لە ڕێگەی ژێرخانە ئابوورییەکانەوە بپارێزێت.
هێڵەکانی بۆری، وێستگەکانی وزە، کۆگا و تێرمیناڵەکانی LNG، تۆڕی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک، کێڵگە نەوتییەکان و وەبەرهێنانی هاوبەش، هەموویان پڕۆژەگەلێکن کە بۆ چەندین دەیە وڵاتی خانەخوێ بە تەکنەلۆژیا، پارچە، سەرمایە و خزمەتگوزاریی کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە وابەستە دەکەن. لەم مۆدێلەدا، ئەمریکا زیاتر ڕۆڵی هەماهەنگیکار و دەستەبەرکاری سیاسی دەگێڕێت؛ کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەرمایە و تەکنەلۆژیا دابین دەکەن؛ تورکیا ڕێگای ترانزێت و توانای لۆجستی فراهەم دەکات؛ وڵاتانی عەرەبی کەنداو وەبەرهێنان دەکەن و عێراق و سووریاش سەرچاوەکانی وزە و قەڵەمڕەوی جوگرافی دەخەنە خزمەت ئەم تۆڕەوە.
لێکەوتەکانی بۆ کورد
ئەم ڕەوتە بۆ ئەکتەر و یاریزانە کوردەکانیش لێکەوتی گرنگی هەیە. بەشێکی بەرچاو لە یەکەمین پڕۆژەکانی ئەم پلانە لەو ناوچانەدان کە پێشتر لەژێر نفووزی هێزە کوردییەکاندا بوون؛ لە کێڵگە نەوتییەکانی حەسەکەوە تا ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک.
ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) بە کۆمپانیای ئەمریکیی HKN و هاوکات گوشاری واشنتۆن بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتی دیمەشقدا، ئەوە نیشان دەدات کە مۆدێلە نوێیەکەی ئەمریکا زیاتر لەوەی پشت بە پێکهاتە خۆبەڕێوبەرییەکان ببەستێت، لەسەر بەهێزکردنی دەوڵەتە ناوەندییەکان وەستاوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ناتوانرێت باس لە پێکهێنانی نەزمێکی تەواو نوێ بکرێت لە ناوچەکەدا.
زیندووکردنەوەی هێڵی بۆریی کەرکووک–بانیاس پێویستی بە ملیاران دۆلار سەرمایە و چەند ساڵ کات هەیە، زۆرێک لە ڕێککەوتنەکانی سووریا هێشتا لە ئاستی یاداشتی لێکتێگەیشتندان و دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقیشدا هێشتا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
بەڵام سەرجەمی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە نیشانی دەدەن کە ئەمریکا خەریکی بەدواداچوونی ستراتیژێکی ڕێک و پێكە بۆ گرێدانی عێراق و سووریا لە چوارچێوەی تۆڕێکی ئابووری و وزەی هاوبەشدا؛ تۆڕێک کە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەم دوو وڵاتەیە بەو وڵاتانەی کە ئەمریکا مەبەستیەتی، وە گۆڕینی نفووزی سەربازییە بە نفووزی ئابووری.
هەرچەندە، پێناسەکردنی ئەم ڕەوتە وەک دەستپێکی "نەزمێکی نوێ" هێشتا پێشوەختەیە. ئێران هێشتا وەک یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی هاوکێشە ناوچەییەکان ماوەتەوە و ئەوەی ئەمڕۆ خەریکە شێوە دەگرێت، زیاتر لەوەی نیشانەی هەوڵدان بێت بۆ سڕینەوەی تاران، هەوڵێکە بۆ سنووردارکردن و دەورلێدانی ئامرازەکانی نفووزی ئەو وڵاتە.
سەرچاوە: نێشناڵ کانتێکست
Your Comment