بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەکاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو جەرگەی یەکێک لە پڕگرژیترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدایە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی نوێوە کە ناوی ناوە "کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی"، پرسی کورد لە قۆناغی سەربازی دەربهێنێت و بیباتە ناو کایەی سیاسی و دەستووری.
نووسەری ئەم وتارە پێی وایە ئۆجەلان باش دەزانێت چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا ڕووبەڕووی چەندەها کۆسپی قورس دەبێتەوە؛ چونکە دەوڵەتی تورکیا لەسەر بنەمای یەک نەتەوە دامەزراوە و نکوڵیکردن لە ناسنامەی کورد بەشێکی سەرەکی بووە لە پێکهاتەی ئەمنیی ئەو وڵاتە. جگە لەوەش، "دەوڵەتی قووڵ" و ئەو لایەنانەی کە قازانجیان لە ئابووریی شەڕدایە، ڕەنگە ڕێگر بن لەبەردەم هەر پرۆسەیەکی ئاشتیدا.
پێناسەکردنەوەی کۆمار و هاوبەشیی کورد و تورک
تەوەرەی سەرەکی پڕۆژە نوێیەکەی ئۆجەلان لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە کۆماری تورکیا لەسەر دوو توخمی مێژوویی، واتە تورک و کورد، شێوەی گرتووە. بە بڕوای ئەو، گەڕانەوە بۆ ئەم ڕاستییە مێژووییە دەتوانێت زەمینە خۆش بکات بۆ پێناسەکردنەوەی کۆمار و نووسینەوەی پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتیی نوێ کە تێیدا کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی (نەک کەمینە) دانی پێدا بنرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، ئۆجەلان داوای چاکسازیی یاسایی و پەرلەمانی دەکات. ئەو پێکهێنانی لیژنەی پەرلەمانیی "هاوپشتی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی" وەک هەنگاوێکی مێژوویی ناو دەبات کە بۆ یەکەمجار پرسی کوردی لە کەشێکی ئەمنییەوە گواستووەتەوە بۆ ناو پەرلەمان و سیاسەت. بەپێی پڕۆژەکەی، دەوڵەتی داهاتوو نابێت ناسنامە، زمان یان ئایینێکی تایبەت بەسەر هاووڵاتیاندا بسەپێنێت و دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزرێت.
دانوستانەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و داواکارییەکانی کورد
پرۆسەی "کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی" لەسەر دوو بەرە بەڕێوە دەچێت:
بەرەی یەکەم؛ دانوستانی سیاسی لەگەڵ دەوڵەت: کورد دەیەوێت هاوپەیمانیی ئاکپارتی و مەهەپە ناچار بکات بە جێبەجێکردنی پێشنیازە یاساییەکان؛ وەک نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ، کۆتاییهێنان بە دانانی قەیوم لە شارەوانییە کوردییەکان، چاکسازیی دادوەری، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دۆزینەوەی ڕێگایەکی یاسایی بۆ گەڕانەوەی هێزە چەکدارەکان بۆ ناو ژیانی مەدەنی. هەروەها ئۆجەلان داوا دەکات ڕێگەی پێ بدرێت بە ئازادی پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە بکات و زیندانیانی سیاسی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازاد بکرێن.
بەرەی دووەم؛ ڕێکخستنەوەی ناوخۆی کۆمەڵگەی کوردی: دیموکراسیی ڕاستەقینە کاتێک دێتە دی کە تۆمەتی "تیرۆر" لەسەر چالاکوانانی کورد لابرێت. ئۆجەلان دەیەوێت ئیرادەی سیاسیی کورد لە ڕێگەی هاوپەیمانیی ناوخۆیی لەگەڵ عەرەب، تورکمان و ئاشوورییەکاندا ڕەنگ بداتەوە و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ببێتە نوێنەری شەقامی تورکیا.
ئەزموونی ٢٠١٥؛ نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتوو
نووسەری وتارەکە بۆ سەلماندنی توانای سیاسیی کورد، ئاماژە بە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ٢٠١٥ دەکات؛ ئەو کاتەی دانوستانەکانی ئاشتی بەردەوام بوون و گوشاری ئەمنی کەم ببووەوە. لەو هەڵبژاردنەدا، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) توانی لە زۆربەی پارێزگا کوردییەکاندا سەرکەوتن بەسەر پارتی دەسەڵاتداردا بهێنێت. ئەم ئەزموونە دەریخست کە ئەگەر کەشێکی ئازاد هەبێت، پارتە کوردییەکان دەتوانن بەبێ پەنابردنە بەر توندوتیژی، ڕۆڵی سەرەکی لە سیاسەتی تورکیادا بگێڕن. ئێستاش "دەم پارتی" سێیەم گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە و ئۆجەلان پێی وایە ئەم پارتە دەتوانێت دەنگی پێنجەکی (%٢٠) سەرانسەری وڵات بەدەست بهێنێت.
ئاشتی لە سایەی گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا
یەکێک لە گرنگترین پشکەکانی شیکارییەکەی تاریق حەمۆ، گرێدانی پرۆسەی ئاشتییە بە هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکەوە. بە بڕوای ئەو، پڕۆژەکەی ئۆجەلان پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە شەڕی غەززە، لوبنان، سووریا، یەمەن و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە هەیە.
تورکیا لەم دۆخە نوێیەدا ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە بووەتەوە، لە لایەک بودجەی سەربازی و کێبرکێی چەکداری لە ناوچەکە زیادی کردووە و لە لایەکی تریشەوە خۆی لە بەردەم نەزمێکی نوێدا دەبینێتەوە کە ئیسرائیل دەیەوێت بونیادی بنێت. لەم کەشەدا، ئۆجەلان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە بەردەوامبوون لەسەر خەباتی چەکداری چیتر دەستکەوتی نابێت بۆ کورد و دەبێت توانای سیاسی و دیموکراتی بەکار بهێنرێت، تا کورد لە باجی شەڕەکانی داهاتوو بپارێزرێت و نەبنە قوربانیی ململانێی زلهێزەکان.
ڕەخنە لە سیاسەتی ئەمریکا و نەیارانی ئاشتی
وتارەکە بە توندی ڕەخنە لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئەمریکا و "تام باراک"ی نێردراوی تایبەتی ئەو وڵاتە دەگرێت و دەڵێت: واشنتۆن زیاتر لەوەی پشتگیری لە دیموکراسی بکات، دەیەوێت حکومەتە ناوەندییە بەهێزەکان و سەرکردە هاوپەیمانەکانی خۆی لە ناوچەکە بپارێزێت. ئەم ڕێبازە لە سووریا بووەتە هۆی پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتی دیمەشق و گوشار بۆ سەر هێزە کوردییەکان، لە عێراقیشدا جۆرێک لە دژایەتی بەرامبەر بە هەندێک لایەنی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
لەکۆتاییدا، نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆسەی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیادا نەیاری توندی هەیە، وەک ڕەوتە نەتەوەپەرستە توندڕەوەکان و دەزگا ئەمنییەکان کە دەیانەوێت پرسی کورد هەمیشە لە مەیدانی جەنگدا بمێنێتەوە. لە بەرامبەردا، زۆربەی پارتە سەرەکییەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان و پارچەکانی تر، پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکەن و پێیان وایە چارەسەری سیاسی باشترین دەرفەتە بۆ کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵ خوێنڕشتن.
بە گشتی، نووسەر پڕۆژەی ئۆجەلان وەک هەوڵێک دەبینێت بۆ گواستنەوەی پرسی کورد لە لۆژیکی شەڕەوە بۆ لۆژیکی سیاسەت؛ پڕۆژەیەک کە سەرکەوتن یان شکستی، نەک هەر کاریگەری لەسەر داهاتووی کورد لە تورکیا، بەڵکو لەسەر تەواوی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێت.
سەرچاوە: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە واشنتۆن
Your Comment