تۆم باراک پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی کورد بڵاو کردەوە

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەریمی کوردستان کۆ بووەوە و دواتر رایگەیاند، هاوڕا بوون لە پشتگیریکردنی عێراقێکی خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشەممە ۱۶ی حوزەیرانی ۲۰۲۶، تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "سوپاسگوزارم بۆ کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆم لەگەڵ مەسعوود بارزانی؛ مەسروور بارزانی، وەزیرانی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، ی هەرێمی کوردستانی عێراق".

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: "یەکدەنگین لە پشتگیریکردنی عێراقێکی سەقامگیر، خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران." ئاماژە بەوەش دەکات، "یەکدەنگین لەسەر دیدگەی  دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی نوێ."

تۆم باراک باس لەوە دەکات، "گفتوگۆکانمان دەرفەتی گرنگیان لە بوارەکانی وزە، ئابووری و رێگەی بەرەوپێشچوونی (پەیوەندییەکانی) نێوان هەولێر و بەغدا پێشخست."

شایانی باسە تۆم باراک لە هەولێر بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە مەسعوود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی کۆ بووەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سه‌رۆکى ئه‌مريکا نووسی: "پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران. له‌مباره‌يه‌وه‌ نێردەی تایبەتی ی ئەمریکا پشتگیریی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دووپات کردەوە، هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە."

هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، " نێچیرڤان بارزانی جەختی لە پشتگيريى هەرێمی کوردستان لە حکومەتی بەڕێز عەلی زەیدی و چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور، کردەوە."

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "هه‌ردوولا کۆک بوون له‌سه‌ر گرنگيى گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی هاوسەنگ و درێژخایەن، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا بگەیێنێت."

دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر - بەغدا، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی و تۆم باراک بوو، "تیایدا ستايشى رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێرانيان بۆ کۆتاییهێنان به‌ شەڕ کرد و هیوایان خواست ببێتە هۆکاری هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا."

هەروەها بارەگای بارزانی راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، لە دیدارەکەدا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، وێڕای گەیاندنی سڵاوی ترەمپ بە بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ  بارزانی نیشاندا و پێزانینی بۆ رۆڵ و پێگەی  بارزانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە هەبوو.

باراک، جەختیشی لەوە کردەوە کە عێراق و ناوچەکە پێویستی بە سەقامگیری هەیە و لەوەشدا هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و جێی بایەخی لە ئێستا و ئاییندەدا هەیە. هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە گەشە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە نموونەیی وەسفی کرد.

هەر لەو دیدارەدا،  بارزانی ئەوەی دووپاتکردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەردەم فاکتەری سەقامگیری بووە و لەگەڵ دیالۆگ و چارەی دیپلۆماسی بووە بۆ سەرجەم کێشەکانی عێراق و ناوچەکە.

ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لە کێشەکان بەڵام بە ناهەق پریشکی شەڕ و ناکۆکییەکانی ناوچەکەی بەرکەوتووە.

بارزانی ئەوەشی خستە روو، کە پێویستە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی سەقامگیر و خوشگوزەرانی بۆ دانیشتووانەکەی بڕوات.

بە پێی راگەیەنراوەکە، لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، رۆشنایی خرایە سەر گرنگیی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی نوێی عێراق.

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا باسی لە پێویستیی سەقامگیرکردن و پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق و پاراستنی رۆڵی دەوڵەت لە کۆنتڕۆڵکردنی هێزە چەکدارە نافەرمییەکان کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ  وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دووپات کردەوە لە پڕۆسەی داماڵینی چەک لەدەستی میلیشیات و هاتنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق.

سەبارەت بە حکوومەتی نوێی عێراق،  بارزانی وێڕای جەختکردنەوە لە پاڵپشتیکردنی عەلی زەیدی، ئەوەی خستە روو، پێویستە هەموو لایەک پەند لە هەڵەکانی رابردوو وەرگرن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا کار بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بیروڕا لە بارەی بارودۆخ و هاوکێشەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا و هەورەها هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە پێکەوە کار لەسەر کۆمەڵێک ئەولەوییەتی هاوبەش بکەن بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و بونیاتنانی دۆستایەتیی ستراتیژیی درێژخایەن لە رووی ئابووری و برەودان بە وەبەرهێنان.

News ID 227354

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha