ڕێکخستنەوەی حەشد دەبێتە دەروازەیەک بۆ رێکخستنەوەی پێشمەرگە

سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی رایدەگەیێنێت، رێکخستنەوەی حەشدی شەعبی دەبێتە دەروازەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە و بەستنەوەیان بە "مەرجەعێکی سەربازیی روون" کە پەیوەست نەبێت بە کەسەکانەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەمار حەکیم لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی کردنەوەی لقی دامەزراوەی جەلال تاڵەبانی لە بەغدا رایگەیاند: "پێشمەرگە دامەزراوەیەکی فەرمییە وەک حەشدی شەعبی. ڕێکخستنەوەی پێگەی حەشدی شەعبی دەبێتە دەروازەیەکی سرووشتی بۆ رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەش، بەجۆرێک کە بە مەرجەعیەتێکی سەربازیی دیاریکراوەوە ببەسترێنەوە."

عەمار حەکیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک کردەوە و وتی: "پێویستە چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت؛ ئەمە ڕاستییەکی دەستووری و یاساییە و راسپاردەی مەرجەعیەتیشە".

سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی عێراق، حەکیم ئاماژەی بەوە کرد کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرۆکوەزیرانی سەرپشک کردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی وەزارەتە بێ وەزیرەکان پێش ئەوەی هیچ سەردانێکی دەرەوە بکات.

سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی پێشنیازی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سیاسیی "ستوونی" کرد کە هێزەکانی شیعە، سوننە و کورد لەخۆبگرێت. بە بڕوای حەکیم، ئەم جۆرە هاوپەیمانییە دەبێتە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکان، چونکە لێکتێگەیشتنەکان دەچنە پێش وادەی هەڵبژاردنەکان.

ئەو سەرکردە سیاسییەی شیعە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە جێبەجێکردنی ئەم دیدگایە پێویستی بە کاتی زیاترە، بەڵام ئێستا "نزیکبوونەوەیەک لەنێوان هێزەکاندا هەستی پێدەکرێت".

News ID 227351

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha