بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکوومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورددا ستراتیژییەکی جیاوازی لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ گرتووەتە بەر؛ ستراتیژییەک کە بنەماکەی لەسەر گەڕانەوەی کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داڕێژراوە، بێ ئەوەی هیچ ئیمتیازێکی سیاسیی ڕاستەقینە پێشکەش بە کورد بکات.
ڕاپۆرتێکی شیکاری کە لە لایەن "ناوەندی عەرەبی لە واشنتۆن" بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە دیمەشق دوای داڕمانی خێرای «هێزەکانی سووریای دیموکرات» (هەسەدە - SDF) لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، سەرکەوتوو بوو لە سەپاندنەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر بەشێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی سووریادا، لە هەمان کاتدا هەوڵی داوە ڕێگری بکات لە سەرلەنوێ پێکهاتنەوەی هەر جۆرە دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوبەریی کوردی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، حکوومەتەکەی ئەحمەد ئەلشەرع لەبری چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی سەرتاسەری لەگەڵ کورددا، مۆدێلی «کۆنترۆڵکردنی بەرەبەرە» بەکاردێنێت؛ مۆدێلێک کە تێیدا کەرەستە سەرەکییەکانی دەسەڵات، وەک: نەوت، سنوورەکان، ئابووری، پێکهاتەی ئەمنی و بەڕێوەبردنی کارگێڕی، هەنگاو بە هەنگاو لە دەستی هێزە کوردییەکان دەردەهێنرێن و دەگوازرێنەوە بۆ دیمەشق.
وتارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕووخانی هەسەدە زیاتر لەوەی دەرئەنجامی باڵادەستیی سەربازیی دیمەشق بێت، دەرئەنجامی داڕمانی هاوپەیمانێتیی عەرەبی-کوردیی ناو ئەو هێزانە بوو. هۆزە عەرەبەکانی دێرەزوور و ڕەقە کە ساڵانێک بوو لە هەژموونی سیاسی و ئابووریی کورد لە ناو پێکهاتەی هەسەدەدا ناڕازی بوون، لە کۆتاییدا لەم هێزانە جیا بوونەوە و لە دیمەشق نزیک بوونەوە. ئەم گۆڕانکارییە لە هاوسەنگیی هێزدا، ڕێگای بۆ گەڕانەوەی حکوومەتی ناوەندی بۆ ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆش کرد.
بەپێی وتارەکە، دیمەشق ئێستا هەوڵ دەدات جۆرێک لە ئامادەیی سنوورداری کورد بپارێزێت، بەڵام بێ ئەوەی ڕێگە بدات کورد دووبارە ببێتەوە بە کاراکتەرێکی سەربازی و سیاسیی سەربەخۆ. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، ئەگەرچی لە حەسەکە پارێزگارێکی کورد دەستنیشان کراوە، بەڵام پێکهاتەی سەرەکیی دەسەڵات هێشتا لە ژێر ڕکێفی حکوومەتی ناوەندیدا ماوەتەوە.
نووسەری وتارەکە پێی وایە دەسەڵاتی نوێی سووریا وانەی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق وەرگرتووە و نایەوێت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆ بە سەرچاوەی نەوتی، هێزی سەربازی و پێکهاتەیەکی کارگێڕیی سەربەخۆوە چەکەرە بکات. لەم ڕوانگەیەوە، دیمەشق ئامادەیە هەندێک هێمای کولتووری یان کارگێڕیی کوردی قبووڵ بکات، بەڵام دژایەتی هەر جۆرە خۆبەڕێوەبەری (ئۆتۆنۆمی)یەکی ڕاستەقینە دەکات.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە حکوومەتی نوێی سووریا لە ڕاستیدا هەمان مۆدێلی مێژوویی دەسەڵاتە پێشووەکانی دیمەشقی کۆپی کردووەتەوە؛ واتە چڕکردنەوەی دەسەڵات لە پایتەختدا و بەکارهێنانی ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک سەرچاوەی دابینکردنی نەوت، گاز و گەنم.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای ڕێککەوتنی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ی نێوان دیمەشق و هەسەدە، حکوومەتی سووریا کۆنترۆڵی کێڵگە سەرەکییەکانی نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی وڵاتی گرتە دەست کە داهاتەکەی دەگاتە سەدان ملیۆن دۆلار، بەڵام تەنها پشکێکی یەکجار کەم لەم داهاتە بۆ ناوچە کوردنشین و عەرەبنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگێڕدرێتەوە.
وتارەکە ئاماژە بە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانیش لە دێرەزوور، ڕەقە و حەسەکە دەکات. دانیشتووانی ئەم ناوچانە پێیان وایە دیمەشق سەرچاوە سروشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگوازێتەوە بۆ ناوەند، لە کاتێکدا وەبەرهێنانی سەرەکی تەنها لە دیمەشق، حەلەب و ناوچە کەناراوییەکاندا ئەنجام دەدرێت.
بە بڕوای نووسەر، حکوومەتەکەی ئەحمەد ئەلشەرع لە ئێستادا توانیویەتی لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە ڕێککەوتنی ئەمنی، ڕاکێشانی هۆزە عەرەبەکان، گوشاری ئابووری و پێدانی هەندێک ئیمتیازی کارگێڕیی سنووردار، کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزێت، بەڵام ئەم مۆدێلە لە درێژخایەندا دەکرێت زەمینە خۆش کات بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ.
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا هۆشداری دەدات کە ئەگەر دیمەشق بەرەو بەشداریپێکردنی سیاسیی ڕاستەقینە، دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان و سپاردنی بەشێک لە دەسەڵاتە خۆجێییەکان هەنگاو نەنێت، هەمان ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لە سەردەمی بەشار ئەسەدیدا هەبوون، دووبارە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرهەڵدەدەنەوە؛ ناڕەزایەتیگەلێک کە ئەمجارەیان هەم کورد و هەم هۆزە عەرەبەکان بەیەکەوە دەگرێتەوە.
Your Comment