بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز، ئیدیعای کرد کە کوردەکان چەک و تەقەمەنییە نێردراوەکانی ئەمریکایان نەداوەتە دەستی ئەو لایەنەی واشنگتۆن چاوەڕێی دەکرد، بەڵکوو بۆ خۆیان هێشتوویانەتەوە.
ناوبراو لە قسەکانیدا وتی: «پێم وایە چەکەکانیان بۆ خۆیان هێشتووەتەوە... ئەمە لەبیرم دەمێنێت، کوردەکان..».
ئەمەش یەکەم جار نییە کە ترامپ ئەم جۆرە تۆمەتانە ئاراستەی کورد دەکات. ترەمپ یەکەم جار لە سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠٢٦ هەمان بانگەشەی کردبوو و وتبووی کە کوردەکان چەک و تەقەمەنییە ئەمریکاییەکان بەو شێوەیەی واشنگتۆن چاوەڕێی دەکرد نەگواستوونەتەوە. ئەو وتانە لەو کاتەدا ڕووبەڕووی ڕەخنە و ڕەتکردنەوەی فراوانی لایەن و ڕێکخراوە کوردییەکان بووەوە.
ترامپ هەروەها مانگی ڕابردوو دووبارە ئەم بانگەشەیەی دووپات کردەوە و وتی «کوردەکان ئومێدیان لێ بڕیوین» و چەکەکان لای خۆیان هێشتووەتەوە.
دووبارەبوونەوەی ئەم وتانەی ترامپ لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بەهۆی ئەوەی ڕوون نییە مەبەستی لە کام لایەن یان گرووپی کوردییە، مشتومڕ و گرژییەکی زۆری لەنێوان هێز و لایەنە سیاسی و سەربازییە کوردییەکاندا دروست کردووە.
Your Comment