بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسەی تێکەڵکردنی پێکهاتەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو حکوومەتی ڕاگوزەری دیمەشقدا، نیگەرانییەکان لەسەر ئایندەی مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد، ڕۆڵی ژنان و چڕبوونەوەی دەسەڵاتی ئابووری لە سووریای نوێدا ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئەم پرۆسەیە دوای ڕێککەوتنی ژانویەی ٢٠٢٦ی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و دیمەشق، پێی نایە قۆناغێکی نوێوە.
مێگان بۆدێت، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە "ئەنستیتۆی ئاشتیی کوردی" کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "ئامارگی" دوای سەردانەکەی بۆ قامیشلۆ، باسی لەو کەلێنە گەورەیە کردووە کە لە نێوان بەڵێنە سیاسییەکان و واقیعی سەر زەوی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا هەیە.
بە وتەی بۆدێت، گرنگترین دەستکەوتی ڕێککەوتنی ٢٩ی ژانویە، ڕێگریکردن بووە لە پاکتاوی ڕەگەزی لە ناوچە کوردییەکاندا. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئۆپراسیۆنەکانی تورکیادا بۆ سەر عەفرین و سەرێکانی لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا، سەدان هەزار کورد، مەسیحی و ئێزدی ئاوارە بوون، بەڵام ئەمجارە بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچەکانی باکووری سووریا توانیویانە لە ناوچەکانی خۆیاندا بمێننەوە یان بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەم دۆخە "شتێک نەبوو کە بە ئاسانی بەدەست بێت"، چونکە هاوکات لەگەڵ پێشڕەویی هێزەکانی سەر بە دیمەشق بەرەو ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوون، گرژی و توندوتیژیی تایفییش ڕووی دابوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هاوکاریی ئەمنیی نێوان هەسەدە و دیمەشق زەمینەی گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکانی بۆ عەفرین ڕەخساندووە؛ ئەو ناوچەیەی کە دوای هێرشە سەربازییەکەی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا لەژێر کۆنترۆڵی گرووپەکانی سەر بە ئەنقەرەدا بوو و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا هێزەکانی حکوومەتی سووریا دووبارە چوونەوە ناوی. هەروەها بەشێکی بەرچاو لە عەرەبە سوننەکان کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە پاڵپشتیی تورکیا لەو ناوچەیە نیشتەجێ کرابوون، گەڕاونەتەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان.
له ڕووی سەربازییەوە، پرۆسەی تێکەڵکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی دیکەی سەر بە هەسەدە لە چوارچێوەی چوار تیپی نوێدا، بە بێ گرژییەکی ئەوتۆ وەسف کراوە. جگە لەمەش، هەزاران کوردی بێناسنامە (بێناموسی چەندین دەیە) توانیویانە داوای ڕەگەزنامەی سووری بکەن؛ مافێک کە بۆ چەندین دەیە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا لێیان زەوت کرابوو، هەرچەندە هێشتا لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا تەنیا ناونیشانی "عەرەبی سووری" وەک بژاردە بۆیان هەیە دیاری بکەن.
سەرباری ئەمانەش، بۆدێت هۆشداری دەدات کە مافە مەدەنی و سیاسییەکان، بەتایبەت بۆ کورد، ژنان و کەمینەکان، هێشتا لەژێر هەڕەشەدان. بە وتەی ئەو، بەڵێنەکانی تایبەت بە خوێندنی زمانی کوردی و بەفەرمی ناسینی، هێشتا جێبەجێ نەکراون و زمانی کوردی لە تابلۆ گشتییەکان، بەڵگەنامە حکوومییەکان و زۆربەی قوتابخانەکان لادراوە. لە هەندێک ناوچەشدا خوێندنی کوردی تەنیا بۆ وانەیەکی ئارەزوومەندانە (ئیختیاری) کورت کراوەتەوە.
ئەو دەڵێت: "یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی خەبات و بەرگریی کوردان، سەرکوتکردنی زمانی کوردی بوو. ئێستاش دووبارە ئەم زمانە لە کایەی گشتیدا دەسڕێتەوە."
لە شارەکانی وەک قامیشلۆ، تابلۆ دووز زمانەکانی کوردی ـ عەرەبی چەندین جار کۆکراونەتەوە و تابلۆی تەنیا عەرەبی لە شوێنیان داندراون. هەروەها زمانی سریانییش بە تەواوی لە شوێنە گشتییەکان سڕدراوەتەوە. تەنانەت هەندێک لە بەرپرسانی حکوومەت پێشنیازیان کردووە ناوی کۆبانی دووبارە بگۆڕدرێتەوە بۆ "عەین ئەلعەرەب"؛ ئەو ناوەی کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بەکار دەهات.
بۆدێت دەڵێت ئەم ههنگاوانە توڕەییەکی بەربڵاوی لە نێوان کورداندا دروستکردووە، چونکە بۆ زۆربەی ئەوان، دەرفەتی خوێندن و ژیان بە زمانی دایک، بەشێکی بنەڕەتییە لە ناسنامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیان.
لە بواری مافەکانی ژنانیشدا نیگەرانییەکان زیادیان کردووە. یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ڕایانگەیاندووە کە چەککردنیان "هێڵی سوور"ە. هاوکات حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا دژی دەستبەکاربوونی ژنان بووە لە هەندێک پۆستی سەرەکیدا و تەنیا یەک ژن، کە سەرۆکی کوردی شارەوانیی کۆبانییە، توانیویەتی پۆستێکی فەرمی بەدەست بهێنێت.
بۆدێت دەڵێت سیستمی "هاوسەرۆکایەتی" کە لە پێکهاتەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا جێبەجێ دەکرا و تێیدا ژنان و پیاوان لە پێکهاتە جیاوازەکان بە هاوبەشی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانیان لەئەستۆ بوو، ئێستا وەلا نراوە. بە وتەی ئەو، لادانی ئەم مۆدێلە لە حوکمرانی، نیشانەی گەڕانەوەی پێکهاتەی چڕبووەوەی ناوەندی و پیاوسالارییە لە سووریادا.
ئەم گۆڕانکارییانە لە حەفتەکانی ڕابردوودا بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانی سەر شەقامەکان. لە کاتی ئاهەنگەکانی نەورۆز لە قامیشلۆ، ژمارەیەک لە گەنجانی کورد ئاڵاکانی سووریایان لەسەر باڵەخانە حکوومییەکان هێنایە خوارەوە؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە هەندێک لە عەرەبەکان هێرشیان کردە سەر کوردان و هێما کوردییەکانیان لە شارەکانی دیکەدا زەوت کرد.
بۆدێت پێیوایە کەلێنی نێوان نەوەکان لە نێو کورداندا لە قووڵبوونەوەدایە. ئەو نەوەیەی لە سەردەمی شەڕ و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریدا گەورە بووە، ئێستا بە زەحمەت قبوڵی دەکات کە تەنیا بە ناسنامەی "عەرەبی سووری" پێناسە بکرێت و لە ژیانی ڕۆژانەیدا تەنیا زمانی عەرەبی بەکاربهێنێت.
ئەو جەخت دەکاتەوە: "ئەگەر تەنیا زمانێک کە بتوانیت لە نەخۆشخانە، دادگا یان بنکەی پۆلیسدا بەکاری بهێنیت، زمانێک بێت کە لێی تێنەگەیت، ئەمە تەنیا کێشەیەکی ڕەمزی نییە؛ بەڵکوو جۆرێکە لە جیاکاری (ڕەگەزپەرستی)."
لە پاڵ بابەتەکانی ناسنامەدا، ململانێ لەسەر سەرچاوە ئابوورییەکانیش بەشێکی گرنگی گۆڕانکارییەکانی سووریای نوێ پێکدەهێنێت. باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زۆربەی سەرچاوەکانی نەوت و گاز و هەروەها بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتەی لەبەردەستدایە، کۆنترۆڵکردنی ئەم سەرچاوانەش یەکێک بووە لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی دیمەشق بۆ پێشخستنی پرۆسەی تێکەڵکردنەکە.
بۆدێت دەڵێت ئەو پێکهاتە ئابوورییەی ئێستا لە سووریادا لە حاڵی شێوەگرتندایە، زیاتر لەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بێت، لەژێر کۆنترۆڵی کەسایەتییە نزیکەکانی دەسەڵات و وەبەرهێنەرە بیانییەکاندایە. بە وتەی ئەو، یاسا نوێیەکانی وەبەرهێنان شێوەیەکی زۆریان لە پێکهاتەی ئابووریی سەردەمی بەعس دەچێت، بەڵام دەسەڵاتی زیاتر بە حکوومەت و وەبەرهێنەرە بیانییەکان دەدات.
ئەو هەروەها ئاماژە بەو ڕاپۆرتانە دەکات کە باسیان لە دانوستاندنی هەندێک لە سەرمایەدارانی سووری لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە سەبارەت بە پڕۆژە ئابوورییەکان لە سووریا؛ ئەو پڕۆژانەی کە ڕەنگە بەرژەوەندیی بازنە نزیکەکانی دەسەڵات لە ئەمریکا، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی کەنداو دابین بکەن.
بە وتەی بۆدێت، سەرەڕای پرۆسەی تێکەڵبوونەکە، دۆخی ئابووری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێشتا قەیراناوییە؛ نرخەکان بەرز بوونەتەوە، بێکاری لە پەرەسندندایە و زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە هێشتا هیچ گۆڕانکارییەکی بەرجەستەیان لە ژیانی خۆیاندا هەست پێ نەکردووە.
ناوبراو لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە ئایندەی سووریا تەنیا بە ڕێککەوتنە سیاسییەکان دیاری ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە دروستبوونی "بەستێنێکی کۆمەڵایەتی" (پەیمانی کۆمەڵایەتی) هەیە کە فرەچەشنیی نەتەوەیی و ئایینی، مافەکانی ژنان و دادپەروەریی ئابووری مسۆگەر بکات.
بۆدێت هۆشداری دەدات ئەگەر حکوومەتی نوێی سووریا بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتە سنووردارکەرەکانی، ناڕەزایەتییەکانی ئێستا دەتوانن ببنە هۆی نائارامیی نوێ؛ بەتایبەت لە نێوان ئەو نەوەیەی کورد کە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری و بەشداریی سیاسییان تێپەڕاندووە.
Your Comment