بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زانکۆی ئۆکسفۆرد وتارێکی دەربارەی ئەشکەوتی بەناوبانگی شانەدەر بڵاوکردووەتەوە، کە لە ڕواڵەتدا باس لە گرنگیی شوێنەواریی ئەشکەوتەکە دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا تێڕوانینێکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ئەم شوێنەوارە مێژووییە هەیە. وتارەکە هەوڵ دەدات نیشانی بدات کەکۆماری حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن میراتی کولتووری و دێرینی ناوچەکە بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەییی کوردی و چەسپاندنی پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەکاردەهێنێت.
ئەشکەوتی شانەدەر؛ لە نێاندەرتاڵەکانەوە تا سیاسەت
ئەشکەوتی شانەدەر کە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی مێرگەسۆر (قەزای سۆران) لە هەرێمی کوردستان، بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارە دێرینەکانی جیهان دادەنرێت. ناوبانگی ئەم ئەشکەوتە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی مرۆڤە نێاندەرتاڵەکان دەگەڕێتەوە کە مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە ۴۰,۰۰۰ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە؛ دۆزینەوەیەک کە تێگەیشتنی زانایانی سەبارەت بە ژیان، ڕێوڕەسمی نێژران و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی نێاندەرتاڵەکان گۆڕی.
"نانسی گیتۆس"، نووسەری وتارەکە، بە ئاماژەدان بە فیلمی دۆکیۆمێنتاریی «نهێنییەکانی نێاندەرتاڵەکان» (Secrets of the Neanderthals) کە لە ساڵی ۲۰۲۴ لەلایەن نێتفلێکسەوە بڵاوکرایەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گرنگیی ئەشکەوتی شانەدەر تەنیا لە بەهای زانستییەکەیدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو ئەم شوێنە لە چوارچێوەی مێژووی سیاسی و ململانێ ناوچەیییەکانی کوردستاندا مانای ڕاستەقینەی خۆی پەیدا دەکات.
مێژووی پشکنینەکان؛ لە ڕاڵف سۆلێکییەوە تا زانکۆی کامبریج
یەکەمین پشکنین و کۆڵینەوەکانی ئەشکەوتی شانەدەر لە نێوان ساڵانی ۱۹۵۱ تا ۱۹۶۰ بە سەرپەرشتی "ڕاڵف سۆلێکی"، شوێنەوارناسی ئەمریکی ئەنجامدران. لەم قۆناغەدا، ۹ پەیکەری ئێسکی (ئیسکلێت) نێاندەرتاڵ دۆزرانەوە، کە ئەمەش ئەشکەوتی شانەدەری کردە یەکێک لە بەناوبانگترین شوێنەوارەکانی جیهان. بەڵام گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق بوونە هۆی ڕاگرتنی پڕۆژەکە و ئەشکەوتەکە بۆ ماوەی نیو سەدە بەبێ پشکنین مایەوە.
لە ساڵی ۲۰۱۱دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە "گریم برکەر"، مامۆستای شوێنەوارناسی لە زانکۆی کامبریج کرد تا پڕۆژەی پشکنینەکان دەستپێبکاتەوە. ئەم هاوکارییە بوو بە سەرەتای هاوبەشیی نێوان زانکۆی کامبریج و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان.
دواتر ناامنییەکانی بەهۆی سەرهەڵدانی داعشەوە، پرۆسەی پشکنینەکەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر کردەوە. لە ساڵی ۲۰۱۴دا و تەنیا دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی کارەکان، بەهۆی نزیکبوونەوەی هێزەکانی داعش لە ناوچەکە، پڕۆژەکە ڕاگیرا.
سەرەنجام لە ساڵی ۲۰۱۸دا، تیمی توێژینەوەکە سەرکەوتوو بوو لە دۆزینەوەی پێکهاتەیەکی ئێسکی تا ڕادەیەک تەواوی نێاندەرتاڵێکی تر، کە دواتر بە «شانەدەر Z» ناسرا؛ دۆزینەوەیەک کە دەستی زانایانی واڵا کرد بۆ سەرلەنوێ شێوەپێدان و بازسازیی ڕووخساری ئەم مرۆڤە دێرینە.
مێژووی کورد و پاشخانی سیاسیی پڕۆژەکە
نووسەر بۆ ڕوونکردنەوەی گرنگیی سیاسیی ئەم دۆزینەوەیە، دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی هاوچەرخی کورد لە عێراقدا. ئەو ئەوە وەبیر دێنێتەوە کە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئومێدەکان بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆ بە ناوی کوردستان تووشی شکست بوون. ئەگەرچی لە پەیمانی سێڤردا ئاماژە بە ئەگەری دروستبوونی دەوڵەت بۆ کورد مابوو، بەڵام بە پەسەندکردنی پەیمانی لۆزان، ئەو خاکە لە نێوان عێراق، تورکیا و سووریادا دابەش کرا.
وتارەکە لە درێژەدا باس لە ڕاپەڕینە جۆراوجۆرەکانی کورد لە عێراق، خەباتی مەلا مستەفا بارزانی، سیاسەتەکانی تەعریبی ڕژێمی بەعس و دواجار شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی ۱۹۸۸دا دەکات. هەروەها ئاماژە بە پێکهێنانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دوای شەڕی کەنداو و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم لە ساڵی ۲۰۱۷دا دەکات.
میراتی کولتووری وەک ئامرازێکی ناسنامەسازی
بە بڕوای نووسەر، گرنگیی ڕاستەقینەی دۆزینەوە نوێیەکەی ئەشکەوتی شانەدەر لەوەدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشاندانی سەربەخۆیی خۆی لێی دەڕوانێت.
لە وتارەکەدا ئاماژە بە گوتەکانی "سۆران ئەمیر"، بەڕێوەبەری شوێنەواری مێرگەسۆر کراوە، کە سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ڕووخساری «شانەدەر Z»ی تەنیا وەک سەرکەوتنێکی زانستی وەسف نەکردووە، بەڵکوو بە «مایەی شانازی بۆ گەلی کوردستان»ی ناوبردووە.
بەرپرسانی هەرێمیش چەندین جار جەختیان لەسەر ئەو خاڵە کردووەتەوە کە کوردستان تەنیا میراتگری مێژووی هاوچەرخی ناوچەکە نییە، بەڵکوو بەشێک لە قووڵترین مێژووی مرۆڤایەتیشی لە باوەش گرتووە. لەم پێناوەشدا، هەرێمی کوردستان دەستی بە دروستکردنی مۆزەخانەیەک لە نزیک ئەشکەوتی شانەدەر کردووە بۆ ئەوەی پارچە دۆزراوەکانی تێدا بپارێزرێن و ببێتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێشی زانستی و گەشتیاری.
نووسەر لە کۆتاییدا دەڵێت کە وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی شانەدەردا تەنیا هەنگاوێکی زانستی یان کولتووری نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ستراتیژێکی بەرفراوانتر بۆ چەسپاندنی پێگەی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لە ڕوانگەی ئەوەوە، هاوکاری لەگەڵ زانکۆی کامبریج، ڕاکێشانی توێژەرانی بیانی، گەشەپێدانی گەشتوگوزاری کولتووری و جەختکردنەوە لەسەر میراتی مێژوویی بێهاوتای کوردستان، هەموویان نیشانەی هەوڵەکانی هەرێمن بۆ نیشاندانی ناسنامەیەکی سەربەخۆ و جیاواز لە عێراق. بە واتایەکی تر، وتارەکە تەنیا وەک شوێنەوارێکی دێرین سەیری ئەشکەوتی شانەدەر ناکات؛ بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی دیپلۆماسیی کولتووری، نیشاندانی ناسنامەی کوردی و بەهێزکردنی گوتاری خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهاندا لێکدانەوەی بۆ دەکات.
دۆزینەوەی پاشماوەی مرۆڤە نێاندەرتاڵەکان لە ئەشکەوتی شانەدەر، جارێکی تر سەرنجی جیهانی بۆ لای هەرێمی کوردستان ڕاکێشایەوە؛ ڕووداوێک کە بەرپرسانی هەرێم وەک دەرفەتێک بۆ بەجیهانیکردنی مێژوو، کولتوور و ناسنامەی کوردی دەیبینن.
News ID 227244
Your Comment