بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە ۲۶ـی ئایاری ۲۰۲۶، ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکدا بەبۆنەی هاتنی وەرزی حەجەوە، بە ئاماژەدان بە ڕووداوەکانی ناوچەکە و شەڕی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، رایگەیاند: "ئەم ساڵ پرسی بەڕائەت (بێبەریبوون) لە موشریکەکان گرنگییەکی دوو هێندەی هەیە و قووڵایی و بەربڵاوی بەڕائەت لە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی فرەترە لە رێوڕەسمی بەڕائەت لە وەرزی حەجدا و لەمەودوا 'مردن بۆ ئەمریک' و 'مردن بۆ ئیسرائیل' دەبێتە دروشمی باوی ئوممەتی ئیسلامی و چەوساوەکانی جیهان بەتایبەت گەنجان."
ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت: "ئوممەتی ئیسلامی و گەلانی ناوچەکە توانست و بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆریان هەیە، کە نەزمە نوێیەکە و نەخشەی داهاتووی ناوچەکە و جیهان دادەڕێژن."
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بانگهێشتکردنی هەموو وڵاتانی ئیسلامی بۆ دۆستایەتی و هاوکاریی هاوبەش، دەڵێت: "من بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزییەوە هەموو وڵاتان و حکومەتە ئیسلامییەکان بۆ دۆستایەتی و هاوکاریی هاوبەش بۆ خێر و چاکە بانگهێشت دەکەم، تاوەکو بە هاوکاریی یەکدی لە پێناو پێشکەوتنی ئوممەتی ئیسلامی و چارەسەرکردنی بابەتەکانی جیهانی ئیسلامدا هەنگاو بنێین."
ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی بە ئاماژەدان بەوەی کە لەمەودوا ئەمریکا هیچ پێگەیەکی لە ناوچەکەدا نابێت، روونیکردەوە: "ئەوەی لەم بوارەدا مسۆگەرە ئەوەیە کە چیدیکە میلی کات ناگەڕێتەوە بۆ دواوە و گەلان و خاکەکانی ناوچەکە، چیدیکە نابنە قەڵغانی بنکە ئەمریکییەکان. ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی چیدیکە شوێنێکی ئارامی بۆ شەڕانگێزی و جێگیرکردنی بنکەی سەربازی لە ناوچەکەدا نابێت، رۆژ بە رۆژ لە دۆخی پێشووی خۆی دوور دەکەوێتەوە."
سەبارەت بە ئیسرائیلیش ئایەتوڵڵا خامنەیی دەڵێت: "رژێمی لەرزۆک و غودەی شێرپەنجەیی زایۆنیش لە قۆناخەکانی کۆتایی تەمەنی نەفرەتلێکراوی خۆی نزیک بووەتەوە و بە فەزڵی خودا و هاوتەریب لەگەڵ گوتەی پێداگرانە و ئایندەبینی ۱۰ ساڵ لەمەوبەری ڕێبەری مەزنی شەهیدمان، ۲۵ ساڵ دوای ئەو مێژووە نابینێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، رێبەری ئێران رایگەیاند: "داهاتوو هی ئوممەتی ئیسلامی و شارستانییەتی نوێی ئیسلامییە و هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانین بەپێی هەوڵ، توانا و بەرپرسیارێتی خۆمان لە بەدیهاتنی ئەم داهاتووە و نزیکبوونەوە لێی رۆڵ بگێڕین."
ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاماژە بە رۆڵی زیارەتکارانی ئێرانی لە رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵدا دەکات و دەڵێت: "زیارەتکاران و حاجیانی ئێرانی لە حەجی ئەمساڵدا رۆڵێکی کاریگەر و بەرچاویان هەیە لە گێڕانەوەی سەرکەوتنی شەڕی سەپێندراوی سێیەم بۆ برا و خوشکە موسڵمانەکانی دیکەیان و هیوادارکردنیان بە داهاتوویەکی روون."
Your Comment