🔻 هەموو دەستوورەکانی عێراق، لە سەردەمە جیاوازەکانی پاشایەتی یان کۆماریدا، مەرجی ئەوەیان دانەنابوو کە سەرۆک کۆمار یان سەرۆک وەزیران لە پێکهاتەیەکی دیاریکراو بێت، بەڵام نەریتی سیاسی لە هەموو ئەم سەردەمە درێژخایەنانەدا کە بەسەر سهدهیهکدا کێشرا، باڵادەست بوو.
🔹 لەعێراقی سەردەمی پاشایەتیدا (۱۹۲۱ - ۱۹۵۸)، پۆستی سەرۆک وەزیران گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەبووە، کە دەیان سەرۆک وەزیران کێبڕکێیان لەسەر ئەو پۆستە کردووە، ناسراوترینیان "نوری سەعید" بوو کە (۱۴) جار پۆستی سەرۆکایەتی حکوومەتی گرتووەتە دەست.
🔹 تایبەتمەندیی باڵا بەسەر سەردەمی پاشایەتیدا ئەوە بوو کە زۆربەی سەرۆک وەزیرانەکانی لە پێکهاتەی سوننە بوون، بەتایبەتی عەرەبی سوننە.
🔹 لە عێراقی سەردەمی کۆماریدا، لە دوای ساڵی (۱۹۵۸ تا ساڵی ۲۰۰۳)، پۆستی سەرۆک وەزیران لە پلەبەندیی دەسەڵاتدا لە پێشەنگی یەکەمی بایەخپێداندا نەبوو.
🔹 لە ماوەی نزیکەی چوار دەیەی سەردەمی کۆماریدا تەنها سێ کەس پۆستی سەرۆک وەزیرانیان وەرگرت "ناجی تاڵیب" لە سەردەمی عەبدولسەلام عارف، و "محەمەد حەمزە زوبەیدی" و "دکتۆر سەعدون حەمادی" لە سەردەمی سەددام حوسێن).
🔹 دیمەنەکە لە قۆناغی دوای ۲۰۰۳دا بە تەواوی جیاواز بوو. نەریتەکە بە بەردەوامی مایەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە شێوازێکی جیاواز، چونکە پێکهاتی عەرەبی شیعە لە سۆنگەی ئەوەی کە زۆرینەن هەژموونیان بەسەر دروستکردنی بڕیاری عێراقیدا گرت.
🔹 دوای ساڵی ۲۰۰۳ سیستەمەکە لە سەرۆکایەتییەوە گۆڕا بۆ پەرلەمانی، جڵەوی دەسەڵات کەوتە دەست حکوومەت لە کەسایەتی سەرۆک وەزیراندا، سەرکردایەتیکردنی سوپا بەو پۆستەوە بەسترایەوە، بووبە گرنگترین پۆست.
🔹 یەکەم سەرۆک وەزیرانی ڕاگوزەر، دوای ساڵی ۲۰۰۳، دکتۆر ئەیاد عەلاوی بوو کە شیعە بوو، لە دوای ئەویش شەش کەسی تر هاتن کە هەموویان لە شیعە بوون، ئەوانیش: دکتۆر ئیبراهیم جەعفەری و نوری مالیکی و دکتۆر حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی، مستەفا کازمی و محەمەد شیاع سودانی، ئێستا عەلی زەیدی ڕاسپێدراوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
پۆستی سەرۆک وەزیران لە سەردەمی پاشایەتیدا (۱۹۲۱ – ۱۹۵۸)
لە عێراقی سەردەمی پاشایەتیدا (۱۹۲۱ - ۱۹۵۸)، پۆستی سەرۆک وەزیران گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەبووە، کە دەیان سەرۆک وەزیران کێبڕکێیان لەسەر ئەو پۆستە کردووە، ناسراوترینیان "نوری سەعید" بوو کە (۱۴) جار پۆستی سەرۆکایەتی حکوومەتی گرتووەتە دەست، "جەمیل مەدفەعی" لە دوای ئەو دێت لە ڕووی ژمارەی سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتەوە (۸) جار ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بەڵام سەرۆک وەزیرانگەلێک هەن کە شوێنپەنجەیەکی گەورەتریان لە مێژووی عێراقدا جێهێشتووە، سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە تەنها یەک جار سەرۆکایەتی حکوومەتیان گرتبێتە دەست.
زۆرینەی هەرە زۆری سەرۆک وەزیرانی سەردەمی پاشایەتی لە پێکهاتەی سوننە بوون، لە کاتێکدا لە شیعەکان تەنها ژمارەیەکی کەم نەبێت نەگەیشتنە ئەم پۆستە، دیارترینیان لە شیعەکان "ساڵح جەبر" بوو کە تەنها یەک جارئەو پۆستەی گرتەدەست، ئەویش دەستی لەکارکێشایەوە، جگە لەو شیعەیەکی دیکەش کە یەک جار سەرۆکایەتی حکوومەتی گرتەدەست "دکتۆر فازڵ جەمالی" بوو، بەڵام ئەو لە پلەی یەکەمدا بەهۆی لێهاتوویی ئەکادیمی و دیپلۆماسییەوە لە سەردەمی پاشایەتیدا حسابی بۆ دەکرا.
هاوکات بەکر سدقی وەکو کورد تەنها یەک حکوومەتی پێکهێنا، بەڵام ناوەکەی لە عێراقدا - و ڕەنگە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا - بە یەکەم کودەتای سەربازییەوە (ساڵی ۱۹۳۶) بەستراوەتەوە.
زۆر بە کورتی تایبەتمەندیی باڵا بەسەر سەردەمی پاشایەتیدا ئەوە بوو کە زۆربەی سەرۆک وەزیرانەکانی لە سوننە بوون، بەتایبەتی عەرەبی سوننە.
پۆستی سەرۆک وەزیران لە سەردەمی کۆماریدا (۱۹۵۸ – ۲۰۰۳)
سەردەمی کۆماری بە دەرچوون لەژێر عەبای بەریتانیا و «پەیمانی بەغدا» دەستی پێکرد، ئەمەش دوای شۆڕشی ۱۴ی تەمموز بە ڕابەرایەتی (عەبدولکەریم قاسم ۱۹۵۸ - ۱۹۶۳). لە دوای ئەویش دووەم سەردەمی کۆماری هات (دوو برای هاوشان «عارفەکان»، عەبدولسەلام و عەبدولڕەحمان ۱۹۶۳ - ۱۹۶۸). پاشان، سێیەم سەردەمی کۆماری بە هەردوو وەشانەکەیەوە (ئەحمەد حەسەن بەکر ۱۹۶۸ - ۱۹۷۹ و سەددام حوسێن ۱۹۷۹ - ۲۰۰۳) بوون.
لە عێراقی سەردەمی کۆماریدا، لە دوای ساڵی (۱۹۵۸ تا ساڵی ۲۰۰۳)، پۆستی سەرۆک وەزیران لە پلەبەندیی دەسەڵاتدا لە پێشەنگی یەکەمی بایەخپێداندا نەبوو، چونکە بارودۆخەکە زۆر گۆڕا. دوای ڕووخانی پاشایەتی عەبدولکەریم قاسم سەرۆکایەتی وەزیرانی گرتەدەست، بەڵام ئەو فەرمانڕەوای ڕاستەقینە بوو لەگەڵ بوونی ئەنجومەنی سەروەری (مجلس سيادة) کە هیچ ڕۆڵێکی سەرەکی نەبوو. دوای ئەوە پۆستی سەرۆک کۆمار هەژموونی بەسەردا گرت، ئەمەش بە دەستپێکردن لە عەبدولسەلام عارف و برایەکەی عەبدولڕەحمان، پاشان ئەحمەد حەسەن بەکر و سەددام حسێن بەردەوام بوو تا ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق.
لە ماوەی نزیکەی چوار دەیەی سەردەمی کۆماریدا تەنها سێ کەس پۆستی سەرۆک وەزیرانیان وەرگرت "ناجی تاڵیب" لە سەردەمی عەبدولسەلام عارف، و "محەمەد حەمزە زوبەیدی" و "دکتۆر سەعدون حەمادی" لە سەردەمی سەددام حوسێن).
پۆستی سەرۆک وەزیران لە سەردەمی کۆماریدا (۲۰۰۳ – تا ئێستا)
دوای ساڵی ۲۰۰۳ بارودۆخەکە بە تەواوی گۆڕا، دەتوانرێت بە قۆناغی دووەمی کۆماری ناوزەد بکرێت، لە ڕووی سیستەمی سیاسییەوە، چونکە شێوازی سیستەمەکە لە سەرۆکایەتییەوە گۆڕا بۆ پەرلەمانی، و جڵەوی دەسەڵات کەوتە دەست حکوومەت لە کەسایەتی سەرۆک وەزیراندا، و پۆستی سەرۆک کۆمار تا ڕادەیەکی زۆر بوو بە پرۆتۆکۆڵی، سەرەڕای ئەوەی بەپێی دەستووری عێراق کۆڵەکەی دووەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە. هەرچەندە هەموو دەستوورەکانی عێراق لە سەردەمە جیاوازەکانی پاشایەتی یان کۆماریدا مەرجی ئەوەیان دانەنابوو کە سەرۆک کۆمار یان سەرۆک وەزیران لە پێکهاتەیەکی دیاریکراو بێت، بەڵام نەریتی سیاسی لە هەموو ئەم سەردەمە درێژخایەنانەدا کە بەسەر سهدهیهکدا کێشرا، باڵادەست بوو. لە سەردەمی پاشایەتیدا، عەرەبی سوننە هەژموونیان بەسەر پۆستە باڵاکاندا هەبوو لەسەر حسابی شیعە و کورد. هەمان شت لە ماوەی سەردەمەکانی کۆماریدا بەردەوام بوو.
بەڵام دیمەنەکە لە قۆناغی دوای ۲۰۰۳دا بە تەواوی جیاواز بوو. نەریتەکە بە بەردەوامی مایەوە بەڵام ئەمجارەیان بە شێوازێکی جیاواز، چونکە عەرەبی شیعە لە سۆنگەی ئەوەی کە زۆرینەن هەژموونیان بەسەر دروستکردنی بڕیاری عێراقیدا گرت، و پۆستی سەرۆک وەزیران، کە سەرکردایەتیکردنی سوپای پێوە بەسترایەوە، بوو بە گرنگترین پۆست. یەکەم سەرۆک وەزیرانی ڕاگوزەر، دوای ساڵی ۲۰۰۳، دکتۆر ئەیاد عەلاوی بوو کە شیعە بوو، لە دوای ئەویش شەش کەسی تر هاتن کە هەموویان لە شیعە بوون، ئەوانیش: دکتۆر ئیبراهیم جەعفەری و نوری مالیکی و دکتۆر حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی، مستەفا کازمی و محەمەد شیاع سودانی.
ئەمڕۆ، دوای مێژوویەک کە بە وەرچەرخان لە مێژووی عێراقدا دادەنرێت، "عەلی فالح کازم زەیدی" ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتێک کە هەوڵدەدات عێراق لە تەنگژەی ئێستای سیاسی و سەربازی و ئابووری ڕزگار بکات، وەک ئەوەی لە بەرنامەی کابینەکەی دا هاتووە پێشکەشی کردووە.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ۲۰۰۳ تا ئێستا (۷) کەس پۆستی سەرۆك وەزیرانیان وەرگرتووە و و بە سوێند خواردنی "عەلی زەیدی"یەوە دەبێتە (۸) کەس لە (۹) حکوومەتی ڕابردوودا.
- ئەیاد عەلاوی (حكوومەتی كاتی) لە حوزەیرانی ۲۰۰۴ - نیسانی ۲۰۰۵
- ئیبراهیم جەعفەر لە نیسانی ۲۰۰۵ - ئایاری ۲۰۰۶
- نووری مالكی ئایاری ۲۰۰۶ - كانونی یەكەمی ۲۰۱۰
- نووری مالكی كانونی یەكەمی ۲۰۱۰ - ئەیلولی ۲۰۱۴
- حەیدەر عەبادی ئەیلولی ۲۰۱۴ - تشرینی یەكەمی ۲۰۱۸
- عادل عەبدولمەهدی تشرینی یەكەمی ۲۰۱۸ - تشرینی دووەمی ۲۰۱۹
- مستەفا كازمی ئایاری ۲۰۲۰ - تشرینی یەكەمی ۲۰۲۲
- محەمەد شیاع سودانی تشرینی یەكەمی ۲۰۲۲ - ئایاری ۲۰۲۶
- عەلی زەیدی ئایاری ۲۰۲۶
Your Comment