سێبەری قورسـی گرژییە ناوچەیی و ناکۆکییە ناوخۆییەکان لەسەر کابینەی زەیدی

لە کاتێکدا پەرلەمانی عێراق خۆی بۆ دانیشتنی چارەنووسسازى دەنگدان بە کابینەی «عەلی زەیدی» لە ڕۆژی سێشەممە (١٢ی مانگی ئایار ٢٠٢٦) ئامادە دەکا، کەڵەکەبوونی قەیرانە ناوخۆییەکان و فشارە نێودەوڵەتییەکان، ئەنجامدانی ئەو دانیشتنەی خستووەتە ناو دۆخێکی نادیارەوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جگە لە داواکاریی بەشداری و پێگەی سیاسی لەلایەن هێزە سوننە و شیعییەکانەوە، سێبەری ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاش قورساییی خۆی خستوەتە سەر پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی تووشی بن‌بەست کردووە.

بەغدا لە بەردەم یەکێک لە هەستیارترین تاقیکردنەوە سیاسییەکانی خۆیدایە. لە کاتێکدا بەپێی پلانی سەرەتایی، سبەی سێشەممە ١٢/٥/٢٠٢٦ وەک وادەی ناساندنی وەزیرانی کابینەی نوێ بۆ پەرلەمان دیاری کرابوو، بەڵام ڕاپۆرتە مەیدانییەکان باس لە بن‌بەستێکی چەندچینەیی دەکەن. لایەنە سیاسییەکان کە پێشتر بۆ پێکهێنانی حکومەت گەیشتبوونە ڕێککەوتن، ئێستا لە دوو بەرەی ناوخۆیی و یەک بەرەی نێودەوڵەتی تووشی پێکدادان و ناکۆکی بوون.

کەلێن لە بەرەی سوننەکان و ملمـلانێ لە ناو شیعەکان

لە ئاستی ناوخۆیی، یەکەم بەربەست لەلایەن «هاوپەیمانی عەزم» بە سەرکردایەتی «موسەننا سامەرائی» دروست کراوە. ئەم هاوپەیمانییە بە ڕەتکردنەوەی سیستەمی دابەشکردنی پۆستەکان لەلایەن «ئەنجومەنی سیاسی سوننەکان»، سوورە لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و دوو وەزارەت؛ داواکارییەک کە تا ئێستا بە بەرگریی هاوبەشە سیاسییەکانی دیکەوە ڕووبەڕوو بووەتەوە. لە هەمان کاتدا، لە ناو بەرەی شیعەکانیش ملمـلانێیەکی توند لەنێوان «نوری مالکی» و «محەممەد شیاع سودانی» لەسەر وەزارەتە سیادییەکان، بە تایبەتی وەزارەتی «نەوت» و «ناوخۆ» بەردەوامە. ئەم دوو وەزارەتە کە وەک هێمای هێزی ئابووری و ئاسایشی عێراق دادەنرێن، بوونەتە ناوەندی ناکۆکییەکان و ڕێگرن لەوەی لیستی وەزیران بە شێوەی کۆتایی ئامادە بکرێت.

هاوکێشەی نێودەوڵەتی؛ ڕاپۆرتی شەرقولئەوسەت لەبارەی ڕۆڵی تاران و واشنتۆن

ئاڵۆزیی دۆسیەی کابینەی عەلی زەیدی تەنها سنووری عێراق ناگرێتەوە. ڕۆژنامەی «شەرق‌الأوسط» لە ڕاپۆرتێکی شیکارییدا ئاشکرای کردووە کە توندبوونەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەی گفتوگۆ و چانەلێدانە سیاسییەکان لە بەغدا داناوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو هێزە کاریگەرە لەسەر ئاراستەی ئاسایشی و ئابووری حکوومەتی نوێ، وای کردووە هێزە سیاسییە نزیک یان هاوڕێی هەر دوو بەرەکە نەگەنە خاڵێکی هاوبەش بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئێستا.

جگە لە بەربەستە سیاسییەکان، پەرلەمانی عێراق تووشی سنووردارێکی کاتی و لۆجستی بووە. بەڕێوەبەرایەتی پەرلەمان هەوڵ دەدات پێش دەستپێکردنی گەشتی حەجی نوێنەران ــ کە بۆ ڕۆژی چوارشەممە پلانی بۆ دانراوە ــ چارەنووسی کابینە یەکلا بکاتەوە.

بەڵام تا ئێستا هیچ بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ دانیشتنی ڕۆژی سێشەممە دەرنەکراوە. ئێستا عەلی زەیدی لە دۆخێکی زۆر ئالۆزدا خۆی دەبینێتەوە؛ ئەو دەبێت لەنێوان داواکارییە زۆرەکانی هاوپەیمانی عەزم، ملمـلانێی دەسەڵات لەنێوان مالکی و سودانی، و لە کۆتاییدا هاوسەنگکردنی فشارەکانی واشینگتۆن و تاران، ڕێگایەک بۆ تێپەڕبوون بدۆزێتەوە. ئەگەر تا کۆتایی ئەم شەوە ڕێککەوتنێک بەدەست نەهێنرێت، ئەوا ئەو ئەركەی پێکهێنانی حکومەت ڕەنگە بخرێتە دوای ڕۆژانی حەج؛ ئەمەش دەتوانێت بۆشایی دەسەڵات لە بەغدا بخاتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.

News ID 227129

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha