بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەرێمی کوردستانی عێراق لە بیست ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە پێگەیەک بەدەست بهێنێت کە لە کێش و قەبارەی جوگرافی و سیاسیی خۆی گەورەتر بێت؛ هەوڵێک کە لە ڕێگەی تۆڕێکی فراوانی کۆمپانیاکانی لۆبیکردن، دەزگا یاسایییەکان و پەیوەندییە گشتییەکانی ئەمریکاوە کاری لەسەر کراوە و ئێستا بووەتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی هەولێر.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گۆڤاری ئامارجی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنها پەیوەندییەکی ئەمنی یان سەربازیی یەک لایەنە نەبووە، بەڵکوو سەرکردە کوردەکان تێکۆشاون واشنتن قایل بکەن کە هەرێم دەتوانێت هاوبەشێکی جێگیر، بەسوود و جێی متمانە بێت لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیدا. لەم چوارچێوەیەدا، حیزب و دامەزراوە کوردییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا ملیۆنان دۆلاریان بۆ بەکرێگرتنی لۆبیەکان و کۆمپانیا بەهێزەکان لە پایتەختی ئەمریکا تەرخان کردووە.
بەپێی بەڵگەنامە گشتییە تۆمارکراوەکان لە چوارچێوەی یاسای "تۆمارکردنی بریکارە بیانییەکان"، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە تا ئێستا نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلاری لە هەولێرەوە پێ گەیشتووە. بەشێک لەم پارەیە بۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی لۆبیکردن و ڕاوێژکارانی میدیایی خەرج کراوە، کە هەندێکیان مانگانە نزیکەی ٢٠ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە.
سەرچاوە ئاگادارە کوردییەکان بەم میدیایەیان ڕاگەیاندووە کە سەرکردەکانی هەرێم باش لەوە تێگەیشتوون کە پاراستنی پشتگیریی ئەمریکا، پێویستی بە ئامادەییەکی چالاک و هەمیشەیی هەیە لە ناوەندی دەسەڵاتی واشنتندا.
لە واشنتن، لۆبیستەکان ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان حکوومەتەکان و ناوەندەکانی بڕیاردانی ئەمریکا دەگێڕن. ئەوان لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ کۆشکی سپی، کۆنگرێس، میدیاکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە هەوڵ دەدەن کاریگەری لەسەر داڕشتنی سیاسەتەکانی ئەمریکا دابنێن یان ڕێگری لە هەنگاوی نەیارە سیاسییەکانیان بکەن.
هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ـەوە بە جیدی هاتە ناو ئەم بوارە. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵانی یەکەمی دوای ڕووخانی سەدامدا، سەرەڕای ڕکابەرییە ناوخۆیییەکان، هەڵوێستێکی تا ڕادەیەک هەماهەنگیان بەرامبەر ئەمریکا هەبوو و توانییان وێنەی هاوبەشێکی یەکگرتوو نیشانی واشنتن بدەن.
لەو سەردەمەدا، هەرێمی کوردستان وەک "عێراقە جیاوازەکە" دەناسێنرا؛ چونکە تەنها ناوچەیەک بوو کە بە بەراورد لەگەڵ نائارامی و شەڕی ناوخۆی عێراق، ئارامتر و گونجاوتر بۆ وەبەرهێنان دەردەکەوت. دواتریش لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش، هاوکاریی سەربازیی پێشمەرگە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووە تەوەری سەرەکیی پڕوپاگەندە و پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەمریکا.
یەکێک لە گرنگترین ئەو کۆمپانیایانەی هەرێمی کوردستان ساڵانێکی زۆرە کاری لەگەڵ دەکات، کۆمپانیای لۆبیکردنی کۆمارییەکان "بی جی ئاڕ گرووپ"ـە. ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە لەگەڵ هەولێر کار دەکات و بەپێی خەمڵاندنەکان، زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلاری لە هەرێم وەرگرتووە.
سەرچاوە کوردییەکان دەڵێن ئەم کۆمپانیایە بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ لیژنەکانی بەرگری، هەواڵگری و سیاسەتی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە و لە ماوەی شەڕی داعشدا بۆ بەدەستهێنانی یارمەتییە سەربازییەکان و بودجەی هێزەکانی پێشمەرگە چالاک بووە.
هەروەها هەرێم پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ کۆمپانیای یاسایی "گرینبێرگ تراوریگ" هەبووە و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٢١ نزیکەی ٣.٩ ملیۆن دۆلاری پێ داون. ئەم کۆمپانیایە جگە لە چالاکییە یاسایی و لۆبییەکان، لە هەندێک دۆسیەی دادوەریی پەیوەست بە سەرۆک وەزیرانی هەرێم، مەسروور بارزانی، ڕۆڵی هەبووە.
سەرەڕای ئەمانە، ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە کاریگەریی هەرێم لە واشنتن لە ساڵانی دواییدا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان پارتی و یەکێتی. لە کاتێکدا لە دەیەکانی ڕابردوودا هەردوو حیزب هەوڵیان دەدا وێنەیەکی یەکگرتوو نیشان بدەن، ئێستا کێبڕکێ و ململانێیەکانیان بە ئاشکرا گەیشتووەتە ناو کایەی سیاسەتی دەرەوە و لۆبیکردن لە ئەمریکا.
نموونەیەکی بەرچاوی ئەم ناکۆکییانە ئەو کاتە بوو کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "پێرس مۆرگان" بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پارتی کردە ئامانجی ڕەخنە و وتی: "ئێمە حکوومەتێکمان هەیە کە لە ڕاستیدا حکوومەت نییە." هەروەها کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە گواستنەوەی چەک بۆ کوردەکان و باسی لە ئەگەرەکان و "ئەنجامەکان" کرد.
لە بەرامبەردا، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکوومەتی هەرێم، بێ ئەوەی ناوی تاڵەبانی بهێنێت، ئەو لێدوانانەی سەرکۆنە کرد و وتی هیچ کەس یان لایەنێک لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمیی حکوومەت، مافی ئەوەی نییە بە ناوی دامەزراوەکانی هەرێمەوە قسە بکات.
ئەم ململانێیانە تەنانەت گەیشتە ناو میدیاکانی نزیک لەم دوو حیزبەش. لە کاتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ترەمپدا، پەیامنێرێکی نزیک لە پارتی هەوڵی دا یەکێتی لە بابەتی گواستنەوەی چەکەکان تۆمەتبار بکات؛ هەنگاوێک کە دەریدەخات کێبڕکێ ناوخۆیییەکان گواستراوەتەوە بۆ ناو کایەی سیاسیی واشنتن.
لە گۆڕانکارییەکی گرنگدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٣٤ ساڵی ڕابردوودا، لۆبیەکی سەربەخۆی بۆ خۆی لە واشنتن دامەزراند؛ هەنگاوێک کە لای زۆر کەس وەک نیشانەی کەمبوونەوەی متمانەی ئەم حیزبە بە دامەزراوە هاوبەشەکانی هەرێم لێکدراوەتەوە.
هەندێک سەرچاوەی کوردی پێیان وایە ئەم درزانە بە جیدی هەوڵە لۆبییەکانی کوردی لاواز کردووە. بە وتەی ئەوان، هەندێک جار هەردوو حیزب تەنانەت لە دژی یەکدی لە واشنتن چالاکی دەکەن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاریگەریی هەرێم.
سەرەڕای گرفتەکان، هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا توانیویەتی تۆڕێک لە پەیوەندیی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی لە ئەمریکا دروست بکات؛ لە دامەزراندنی ئەنجومەنی بازرگانی و کولتوورییەوە بگرە تا پێکهێنانی گرووپی پشتگیریی کورد لە ناو کۆنگرێسدا.
بەم حاڵەشەوە، ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە لۆبیکردن هەمیشە سەرکەوتوو نەبووە. گرنگترین شکستی هەرێم، ناتوانایی بوو لە بەدەستهێنانی پشتگیریی ئیدارەی ترامپ بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا؛ بابەتێک کە گورزێکی جددی لە هاوکێشە سیاسییەکانی هەولێر وەشاند.
هەروەها هەرێم تا ئێستا نەیتوانیوە ئەمریکا قایل بکات بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەکەدا؛ ئەمەش بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی هەندێک گرووپ لە ناو عێراق، بووەتە یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی سەرکردەکانی هەرێم.
هەر بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەریدەخات کە هەولێر هەندێک جار لە هەڵسەنگاندنی ئاستی گرنگیی خۆی بۆ ئەمریکا تووشی زیادەڕۆیی بووە و نەیتوانیوە گۆڕانی ئەولەویەتەکانی واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دروستی درک بکات؛ گۆڕانکارییەک کە هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی سەرنجی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، زیادبوونی هەژموونی چین و بەهێزبوونی وڵاتانی عەرەبی کەنداو.
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ ئاستێک لە لۆبیکردن ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی تێگەیشتنێکی واقیعیانە بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پێگەی ڕاستەقینەی هەرێم لە هاوکێشەکانی ئەمریکادا؛ بابەتێک کە بەتایبەت لە کاتی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، گرنگییەکی زیاتری پەیدا کردووە.
Your Comment