بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەیسەڵ یوسف، وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان۲۴ـی ڕاگەیاند؛ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەیان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بە شێوەیەکی تایبەت تیشک خرایە سەر تاوتوێکردنی میکانیزمی روون و گونجاو بۆ یەکخستنی هەڵوێستی ماڵی کورد، ئەمەش لە پاش لێکەوتەکانی رێککەوتنی ۲۹ـی کانوونی دووەمی رابردووی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
وتەبێژی ئەنەکەسە، جەختی لەسەر پابەندبوونی تەواوەتیی خۆیان بە "دیدگای سیاسیی هاوبەشی کورد" کردەوە، کە لە کۆنفرانسی نیسانی ۲۰۲۵ پەسەند کراوە.
هەروەها تیشکی خستە سەر پێویستیی قۆستنەوە و وەبەرهێنان لەم دەرفەتە مێژووییەی ئێستا، بۆ هێنانەدیی هاوبەشییەکی راستەقینەی کوردی؛ هاوبەشییەک کە بتوانێت گەرەنتیی نوێنەرایەتیکردنی گەلی کورد لە سەرجەم جومگەکانی دەوڵەتی داهاتووی سووریادا بکات.
Your Comment