بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لوقمان وه‌ردی، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، به ڕووداوی ڕاگه‌یاندووە: ئێستا هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی سیاسی له نێوان یه‌کێتی و پارتیدا نییه و هیچ گفتوگۆیه‌ک نییه... ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت که هێزێکی نێوده‌وڵه‌تی یان ئیقلیمی بێته نێوانمان، که ئه‌مه‌ش به کارێکی ڕه‌وا نابینین و ده‌بێت خۆمان پێکه‌وه دابنیشین.
لوقمان وه‌ردی وتیشی، بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی یه‌کێتی ۱۶ جار سه‌ردانی مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی پارتی کردووه به مه‌به‌ستی رێککه‌وتن. ته‌نیا پێش ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌که، بافڵ تاڵه‌بانی سێ جار له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی دانیشتوه.
وتیشی، له دو دانیشتن‌دا نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی به‌شدار بوون، به‌ڵام پارتی ئاماده‌ی رێککه‌وتن نه‌بوو.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، وه‌ک یه‌کێتی له پرسی هه‌ڵبژاردنی جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌ماندا ده‌نگمان به کاندیدی پارتی دا، به‌ڵام پارتی له پرسی سه‌رۆک کۆمار‌دا ئاماده نه‌بو پشتیوانی کاندیدی یه‌کێتی بکات.
به‌قسه‌ی لوقمان وه‌ردی "پارتی به‌هۆی ئه‌وه‌ی ۳۹ کورسی هه‌یه، ده‌یه‌وێت هه‌ژمونی خۆی بسه‌پێنێت".
هه‌روه‌ها وتیشی"ئێستا ئێمه و نه‌وه‌ی نوێ لێکتێگه‌یشتنمان هه‌یه و خاوه‌نی ۳۸ کورسین، به‌رامبه‌ر ۳۹ کورسییه‌که‌ی پارتی".
جه‌ختیشی کرده‌وه "ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه باڵانسی هێز راست بکرێته‌وه و پۆسته‌کانی حکومه‌ت به دادپه‌روه‌ری دابه‌ش بکرێن".
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش کرد "ئه‌گه‌ر سێ هه‌ڵبژاردنی تریش بکرێت، ئه‌نجامه‌که هه‌ر ئه‌وه‌یه که ده‌بێت له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشین".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت: "سه‌رباری پچڕانی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌کان، به‌ڵام یه‌کێتی ده‌رگای گفتوگۆی دانه‌خستوه و ئاماده‌یه به وه‌ره‌قه‌یه‌کی نوێ دانوستاندن بکات."
به بڕوای لوقمان وه‌ردی "په‌یوه‌ندیی نێوان پارتی و یه‌کێتی نابێت بپچڕێت له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی کوردستان، به‌ڵام پێویسته لایه‌نی به‌رامبه‌ریش ئاماده‌یی تێدا بێت".
Your Comment