لە کەرکووک بارهەڵگرێک بە خێرایی ١٦٠ کم ئیستۆپی بڕیوە و ٧ کەس گیانیان لەدەستدا

بەڕێوەبەری هاتووچۆی کەرکووک وردەکاریی نوێی لەبارەی کارەساتەکەی ئێوارەی دوێنێی کەرکووک ڕاگەیاند.

کوردپرێس: بەپێی وتەی ئەو زانیارییانەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی کەرکووک بڵاوی کردەوە: بارهەڵگرەکە کە لە بازگەی "چیمەن"ـەوە بەرەو ناو شار هاتووە، لە ڕێگادا ئیستۆپی نەماوە. ئەمەش وایکردووە بەهۆی لێژیی ڕێگاکە خێراییەکەی بگاتە سەروو ١٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و بەو هێزە وێرانکەرەوە خۆی بە نزیکەی ٣٥ ئۆتۆمبێلدا بکێشێت.

هەر لەو ڕووداوەدا، شۆفێری بارهەڵگرەکە کە نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی بکات، گیانی لەدەستداوە. بەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لەم کارەساتەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٧ کەس (کە پێکهاتوون لە سێ ژن، پیاوێک، منداڵێک، شۆفێرەکە و قوربانییەکی تر)، هەروەها ٢١ کەسی دیکەش بریندارن کە زۆربەیان لە ناو ئۆتۆمبێلە پانبووەوەکانیاندا بوون.

وتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد کە بارهەڵگرەکە (سایلۆی چیمەنتۆ) دوای پێکدادانە زنجیرەییەکان دەستبەجێ ئاگری گرتووە. شایەتحاڵەکان دەڵێن دیمەنەکە وەک "قیامەت" وابووە، چوونکە بارهەڵگرەکە بەو خێراییە شێتانەیە هیچ بوارێکی بۆ شۆفێرەکانی دیکە نەهێشتووەتەوە و چەندین ئۆتۆمبێل بە تەواوی لەژێر بارهەڵگرەکەدا وردوخاش بوون.

News ID 227055

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha