حکوومەتی ئوسترالیا هیچ کەسوکارێکی داعش لە سووریاوە وەرناگرێتەوە

دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک کە باس لە هەوڵی چەند خێزانێکی ئوسترالی دەکات بۆ گەڕانەوە، حکوومەتی ئوسترالیا دەڵێت هاوکاریی ئەو هاووڵاتییانە ناکات کە کەسوکاری چەکدارانی داعشن و دەیانەوێ لە کەمپەکانی سووریاوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی ئوسترالی بڵاویکردەوە، چوار ژنی ئوسترالی و ۹ منداڵ و نەوەیان، رۆژی هەینی کەمپی (رۆژ)یان لە کوردستانی سووریا جێهێشتووە. بەپێی راپۆرتەکە، هێزەکانی سووریا ئەو گرووپەیان بەرەو دیمەشق بردووە بۆ ئەوەی لەوێوە بە فڕۆکە بەرەو ئوسترالیا بگەڕێنەوە.

لەبەرامبەردا وتەبێژێکی حکوومەتی ئوسترالیا لە راگەیێندراوێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت: "حکوومەتی ئوسترالیا هیچ کەسێک لە سووریاوە ناگەڕێنێتەوە و ئەو کارەش ناکات".

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئاژانسە ئەمنییەکانیان چاودێریی دۆخی سووریا دەکەن بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ هەر ئوسترالییەک کە بیەوێ بگەڕێتەوە. وتیشی، "پێویستە ئەو کەسانە بزانن کە ئەگەر تاوانێکیان ئەنجامدابێت، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ئوسترالیا بە تووندی ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە".

ئەم گرووپە بەشێکن لەو ۳۴ ئوسترالییەی لە شوباتی رابردوودا هەوڵیاندا بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی کێشەی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکوومەتی سووریا، هەوڵەکەیان شکستی هێنا.

لەو کاتەدا ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، حکوومەتەکەی هیچ پاڵپشتییەکیان ناکات.

پرسی گەڕاندنەوەی خێزانی چەکدارانی داعش لە ئوسترالیا مشتومڕێکی زۆری لەسەرە. هەندێک لە سیاسەتڤانان هۆشداری دەدەن کە گەڕانەوەی ئەو کەسانە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات.

News ID 227049

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha