حکوومەتی عێراق ده‌بێت قه‌ره‌بووی سه‌دانی هه‌زار کوردی فەیلی بكاته‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "حکوومەتی فیدڕاڵیی ده‌بێت ئەرکى خۆى جێبه‌جێ بكات و بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق كه‌ تاوانه‌كه‌ى به‌ جینۆساید ناساندوه‌، قەرەبوی ماددی و مەعنەویی قوربانییان و زیانلێکەوتوان بکاتەوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئەمڕۆ یادی بەئازاری ۴۶ ساڵەی زنجیرە تاوانەکانی جینۆساید و بێسەروشوێنکردنی خوشک و برایانی کوردی فەیلی دەکەینەوە، ئەو ستەملێکراوانەی لە شاڵاوێکی دڕندانەی ڕژێمی ئەوسای عێراقدا، تەنیا لەبەر کوردبون و داکۆکیکردن لە ناسنامە و مافە ڕەواکانی گه‌لەکەیان، ڕوبەڕوی له‌سێداره‌دان، کوشتن، گرتن، شوێنبزركردن و دەرکردن بونەوە و ڕەگەزنامە و سامان و ماڵ و موڵكیان لێ سەندرایەوە".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، بەدەرکردنی سەتان هەزار کوردی فەیلی و بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزاری دیکەیان، جینۆسایدێکی ڕەگەزپەرستانەی بەعس بو کە مێژویەکی ڕەش و ڕابردویەکی تاڵی پڕ لە هەڵەی بۆ عێراق بەجێهێشت.

نێچیرڤان بارزانی رونیكردوه‌ته‌وه‌، لەم یادەدا دوپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ "حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق ده‌بێت ئەرکى خۆى جێبه‌جێ بكات و بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق كه‌ تاوانه‌كه‌ى به‌ جینۆساید ناساندوه‌، قەرەبوی ماددی و مەعنەویی قوربانییان و زیانلێکەوتوان بکاتەوە و ڕەگەزنامە و موڵک و ماڵیان بۆ بگەڕێنێتەوە".

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، "خەبات، دڵسۆزی و قوربانیدانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بۆ هەمیشە جێی شانازیی گەلەکەمانە، دەبێت ئەو ڕابردوە تاڵە بۆ هەمومان ببێتە پەند و وانە و بۆ داهاتویەکی باشتر لەسەر بنەمای پێکەوەیی و یەکترقبوڵکردن لە عێراقدا سودی لێوەربگرین، بۆ ئەوەش بەردەوام لە هەوڵ و کۆششدا دەبین و هەرچی پێویست بێت هاوکار دەبین".

جینۆسایدی فەیلییەکان لە ۴ی (نیسان/۴)ی ساڵی ۱۹۸۰ ده‌ستیپێكرد و تاوەکوو ۱۹۹۰ به‌رده‌وام بوو، لەو ماوەیەدا ۴۰۰ بازرگانی کوردانی فەیلی دەستگیرکران و هەموو ماڵ و مۆڵکی گوازراوه‌ و نەگوازراویان دەستینان بەسەرداگیرا، هەروەها بە بڕیاری مەجلسی قیادە سەورەی بەعسییەکان، کوردانی فەیلی تاوانباركران به‌ فارسبیون و به‌ زۆره‌ملێ بۆ ئێران و باشووری عێراق راگواستران.

News ID 226977

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha