دەرواز وەلید ڕێگای نوێ عێراق بۆ هەناردە کردنی نەوت

بەفەرمانی ڕاستەوخۆی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، دەروازەی سنووریی (وەلید) بەڕووی کاروانە نەوتییەکاندا کرایەوە و یەکەم هەنگاوی گەیشتنی نەوتی عێراق بۆ دەریای ناوەڕاست لە خاکی سووریاوە دەستیپێکرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیا عێرقییەکان بڵاویان کردەوە دەروازەی وەلید کە دەکەوێتە سنووری قەزای ڕوتبە لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، چیتر تەنها خاڵێکی پەڕینەوە نییە، بەڵکوو بووەتە ناوەندی نوێی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان بەغدا و دیمەشق.

عیماد مه‌شعەل دلێمی قائیمقامی قەزای ڕوتبە پشتڕاستیکردەوە کە پڕۆسەکە بەفەرمی دەستیپێکردووە و ئەمڕۆش مێژوییە، چوونكه‌ زیاتر لە ۱۰۰ تانکەری نەوتی عێراق لە دەروازەی وەلیدەوە پەڕینەوە نێو خاکی سووریا، ئەم کاروانە سەرەتایەکە بۆ گەیشتنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی جیهان لەڕێگەی کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە".
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە ڕاگەیه‌ندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم بڕیارە بەشێکە لە پلانێکی گشتگیر بۆ بوژاندنەوەی چالاکییە بازرگانییەکان، لێکۆڵەرە ئابوورییەکانیش پێیانوایە، ئەم هەنگاوە چەند پەیامێکی گرنگی تێدایە، ئه‌وانیش یه‌كه‌م، هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردە، عێراق دەیەوێت جێگرەوەی زیاتری لەبەردەست بێت‌ و تەنها پشت بەبەندەرەکانی باشوور و بۆرییەکانی باکوور نەبەستێت، دوه‌میش، بوژاندنەوەی ناوخۆیی، ئەم جووڵەیە دەبێتە هۆی چالاکبوونی کەرتی گواستنەوە و دابینکردنی هەزاران هەلی کار بۆ دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی ئەنبار، سێیه‌میش بەهێزکردنی داهاته‌، زیادکردنی داهاتی گومرگی‌ و باج، پاڵپشتییەکی باش ده‌بێت بۆ بوودجەی گشتیی وڵات.
حکوومەتی عێراق تەنها دەروازەکەی نەکردوەتەوە، بەڵکوو بەڵێنیداوە کە ڕێکارە گومرگییەکان به‌گوێره‌ى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان سادە بکاتەوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە عێراق دەیەوێت دەروازەی وەلید بکاتە ناوەندێکی جیهانیی بۆ ترانزێتی کاڵا و سووتەمەنی، نەک تەنها بۆ مەبەستی کاتیی.

کردنەوەی ئەم دەروازەیە و دەستپێکردنی هەناردەی نەوت بە تانکەر، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئیرادەی سیاسیی بەغدا بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی خۆی لە ناوچەکەدا، چاوەڕواندەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا قەبارەی هەناردەکردنەکە زیاد بکات‌ و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر بازاڕی کار و ئاڵوگۆڕی دراو بەدیاربکەون.

News ID 226973

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha