بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیووز-ى عەرەبی ڕایگەیاند: "گرنگە ڕێز لەدەنگ و خواستی خەڵکی عێراق بگیرێت، هەڵبژاردنمان کرد و خەڵک دەنگی خۆیاندا، هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران دەبێت ڕەنگدانەوە واقعی خەڵک بێت، سەروەریی وڵات زۆر گرنگە، دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت".
بارزانی وتیشی: "ئێمە ڕێز لەپێکهاتەی شیعە دەگرین، هەروەک دەزانن هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران لەئەرکی پێکهاتەی شیعەیە، کە لەچەندین هەڵبژاردنی ڕابردووش هەروا بووە".
مەسروور بارزانی باسی لەوەشکرد: "پێمانوایە کوتلەی شیعە، بەرپرسیاری یەکەمە لە پێشکەشکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، ئێمەش ڕێز لە بڕیار و کاندیدی ئەوان دەگرین".
مەسروور بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە، وتی: "کورد کاندیدی سەرکۆمار هەڵدەبژیرێت، کە دەبێتە سەرۆکی هەموو عێراق نەک تەنها هی کورد، هاوکات سەرۆکی پەرلەمان پشکی سوننەیەو سەرۆک وەزیرانیش شیعە هەڵیدەبژێرێت".
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا: "پارتی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە لەهەموو عێراق، زیاتر لەیەک ملیۆن و 200 هەزار دەنگ، کە ئەمەش وایکرد پارتی ببێتە گەورەترین حزب لە عێراق".
ناوبراو وتیشی: "مانای ئەوەیە زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە پارتی داوە، بۆیە ئەگەر لۆژیکی سوننە و شیعە بەکاربهێنین، کە کاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستانە دیاریدەکەن، ئەوە مافی پارتییە کە پۆستی سەرکۆماری عێراق دیاریبکات".
مهسروور بارزانى ئەوەشی خستەڕوو، "پارتی دەیەوێت سەیری زۆرینەی خەڵکی کوردو بەرژەوەندییەکانی بکات، ڕێز لەڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان بگرێت، بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام حزبی دیکە هەیە نایەوێ بەو شێوەیە لەسەر کاندیدی هاوبەش کارمان لەگەڵ بکات".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی ئهوهشى وت: "بۆیە ئێمە ناچارین، پڕۆسەیەکی دیموکراتی دادپەروەرو یەکسان بەکاربهێنین، ئەمەش لەڕێگەی هەڵبژاردنی کاندیدێک لەپەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی کاندیدێکی هاوبەش هەڵبژێرین و زۆرترین دەنگی بەدەستبهێنێت و نوێنەرایەتیی هەموو کورد بکات، دەشکرێت لە ڕێگهی ئەندام پەرلەمانە کوردەکان لە عێراق کە لەقۆناغی یەکەم دەنگ لەسەر نۆ کاندید بدرێت و کێ زۆرترین دەنگیهێنا ببێتە کاندیدێکی هاوبەش".
Your Comment