دەقی ڕەشنووسی ڕێککەوتنە نوێکەی نێوان دیمەشق و هەسەدە بڵاو کرایەوە

دەقی ڕەشنووسی "ڕێککەوتنی هاوبەش" لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) بڵاوکرایەوە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە گرژییەکان و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولایە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم ڕەشنووسە لە ١٤ خاڵ و چوار قۆناغ پێکهاتووە و جێبەجێکردنەکەی مانگێک دەخایەنێت، جگە لە قۆناغی پێنجەم کە تایبەتە بە پابەندبوونی هەمیشەیی نێوان هەردوولا. یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم رێککەوتنە بریتییە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گشتگیر و ڕاگرتنی هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردن، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەسەدە لە پاراستنی زیندانەکانی داعش.

هەروەها لە بڕگەیەکی تری گرنگدا هاتووە کە هێزەکانی هەسەدە لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ دەکشێنەوە بۆ ئەو سەربازگانەی لەسەری ڕێککەوتوون، لە بەرامبەریشدا سوپای سووریا بە شێوەیەکی دەستبەجێ بۆ شارۆچکەی شەدادی لە باشووری حەسەکە دەکشێتەوە، هاوکات کێڵگە نەوتییەکانی ڕمێلان و سوێدییە ڕادەستی وەزارەتی وزە دەکرێن.

١- ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گشتگیر و ڕاگرتنی هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵان بەپێی ڕووداوەکانی ئەم دواییە. لەگەڵ بەردەوامبوونی پاراستنی زیندانەکانی "داعش" لەلایەن "هێزەکانی سووریای دیموکرات" (هەسەدە). هەروەها پێشکەشکردنی تەواوی پشتیوانی لۆجیستی بۆ پرۆسەی چۆڵکردنی ئێستا.

٢- کشاندنەوەی سەربازیی هێزەکانی "هەسەدە" لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ ئەو سەربازگانەی لەسەری ڕێککەوتوون، لە بەرامبەردا

٣- پێکهێنانی  (فیرقە) سەربازی بۆ پارێزگای حەسەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سووریاوە، لەگەڵ تێکەڵکردنی هێزەکانی "هەسەدە" لە چوارچێوەی سێ لیوادا.

٤- تێکەڵکردنی هێزی سەربازی لە کۆبانێ لە چوارچێوەی لیوایەکدا کە سەر بە فیرقەکی سەربازی بێت لە پارێزگای حەلەب.

٥- هاتنەناوەوەی ١٥ ئۆتۆمبێلی ئەمنی بۆ هەریەک لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، و دەستپێکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە "هەسەدە" لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ. 

٦- دانانی بەرپرسە خۆجێییەکان:

دانانی پارێزگارێک بۆ حەسەکە بە بەربژێرکردنی "هەسەدە".

دانانی فەرماندەیەک بۆ ئاسایشی پارێزگاکە بە بەربژێرکردنی حکومەتی سووریا.

دانانی بریکارێک بۆ وەزیری بەرگری بە بەربژێرکردنی "هەسەدە".

٧- وەرگرتنی پێگە هەستیار و گرنگەکان:

وەرگرتنی کێڵگەی ڕمێلان و سوێدییە و تێکەڵکردنی فەرمانبەرانی مەدەنی لەلایەن وەزارەتی وزەوە.

وەرگرتنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ لەلایەن دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنییەوە.

٨- ناردنی تیمێک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ دەروازەی سێمالکا و دەروازەی نوسەیبین بۆ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی مەدەنی و رێگریکردن لە بەکارهێنانی دەروازەکان بۆ هێنانی چەک و بیانییەکان لە دەرەوەی سنوور، و کاراکردنی دەروازەکان بە شێوەیەکی دەستبەجێ.

٩- وەرگرتنی تەواوی دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لەلایەن حکومەتی سووریاوە و تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا و جێگیرکردنی (دامەزراندنی) فەرمانبەرانی مەدەنی کە لەو دامەزراوانەدا کار دەکەن.

١٠- رێگریکردن لە هاتنەناوەوەی هێزە سەربازییەکان بۆ شار و شارۆچکەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، بەتایبەتی ناوچە کوردییەکان.

١١- یەکلاییکردنەوە و پەسەندکردنی هەموو بڕوانامەکانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان کە لەلایەن بەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەرچوون.

١٢- مۆڵەتدان بە هەموو ڕێکخراوە ناوخۆیی و ڕۆشنبیرییەکان و دامەزراوە میدیاییەکان بەپێی یاسا بەرکارەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.

١٣- کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێڕەوی خوێندنی کۆمەڵگەی کوردی و رەچاوکردنی تایبەتمەندیی پرۆسەی فێرکردن.

١٤- دابینکردنی گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکان بۆ شار و گوندەکانیان (عەفرین، شێخ مەقسوود، سەرێ کانی)، و دانانی بەرپرسی خۆجێیی لە چوارچێوەی ئیدارە مەدەنییەکانی ئەو ناوچانە.

News ID 226815

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha