بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی فەرەنسا ناوەرۆکی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لەگەڵ هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شرع، سەرۆکی کاتی سووریا لەبارەی دواین پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا ئاشکرا کرد.
شەممە، ١ شوبات ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا ڕایگەیاندوە، ماکرۆن پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە کردووە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کردووە، هاوکات سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە کردووەتەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری.
ماکرۆن هەروەها ڕایگەیاندووە کە گرنگی بە بەردەوامبوونی شەڕی داعش دەدات و پشتیوانی خۆی بۆ گەلی سووریا بە گشتی و کورد بە تایبەتی دەربڕی.
هەینی، ٣٠ کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاوکردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندرا.
Your Comment