کۆمپانیای دانەغاز گرێبەسێكی ۱۰ساڵە لەسەر غازی هەرێم واژۆ کرد

کۆمپانیای دانەگاز و هاوبەشەکانی، گرێبەستێکیان بۆ دابینکردنی گازی سروشتی بۆ پیشەسازییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ۱۰ ساڵ واژۆ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، كۆمپانیای دانەغاز لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند: "ئەم گرێبەستە کاریگەریی ئێجگار گەورەی لە هەرێمی کوردستان دەبێت، بەو پێیەی گازی سروشتی وەکوو سووتەمەنیی ئەو کارگانە دابیندەکات کە بە سووتەمەنییەکی خاوێنتر لە سووتەمەنییەکانی دیکە هەژمار دەکرێت، بەراورد بە گازوایل و نەوتی ڕەش و مازۆت.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەنیوەی دووەمی ساڵی داهاتووەوە بۆ ۱۰ ساڵ، دەست بەکڕینی ڕۆژانە نزیکەی ۱۴۲ ملیۆن پێی سێجا دەکەن.

ئەوەش هاتووە، ئەو گازەی کە بۆ پیشەسازییەکان دابیندەکرێت، لەکێڵگەی گازی چەمچەماڵ بەرهەمدێت.

بەشێک لەبۆرییەکە بەدرێژایی ۴۰ کیلۆمەتر لەکێڵگەی چەمچەماڵەوە ڕادەکێشرێت بۆ ناوچەی پیشەسازیی بازیان و کارگەکانی چیمەنتۆ.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، گرێبەستی فرۆشی گاز لەنێوان دانەگاز و هاوبەشەکانی لەگەڵ هەریەکە لە کارگەکانی چیمەتۆی ماس، چیمەنتۆی بازیان، چیمەنتۆی دێلتا، چیمەتۆی گاسن و چیمەنتۆی سلێمانی واژۆکراوە کە هەموویان دەکەونە ناوچەی پیشەسازیی بازیان لەپارێزگای سلێمانی.

گرێبەستی فرۆشی گاز هەروەها لەگەڵ کارگەی ئاسنی ڤان واژۆکراوە کە دەکەوێتە پارێزگای هەولێر.

مەجید جەعفەر، بەڕیوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی و بەڕیوەبەری بۆردی کۆمپانیای دانەگاز، کە دوو کۆمپانیای سەرەکی پێکهێنەری کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەمن لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی بڕێکی زۆر لەگازی خاوێنی گازی سروشتی بۆ پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکات و دەبێتە هۆکار بۆ لادانی سووتەمەنییەکانی دیکە کە ژینگەی هەرێمی کوردستان پیس دەکەن".

مەجید جەعفەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "رێککەوتنەکە وەک کردنەوەی لاپەرەیەکی نوێیە لە کارەکانی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم لەهەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای ئەو دەستکەوتە گرنگەی کە لە پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر بەدەستهات و پرۆژەی KM-۲۵۰  لە مانگی ۱۰ ـی ساڵی ۲۰۲۵ بە سەرکەوتوویی تەواو کرا و بەرهەمهێنانی گازی کێڵگەی کۆڕمۆری بەرێژەی ۵۰% بەرزکردەوە".

News ID 226787

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha