مەزڵووم عەبدی: بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆمان دەکەین

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند، شەڕیکی سەختمان بەسەردا سەپێندرا و ویستمان پێشی پێبگرێت، بەڵام زۆر لایەن و وڵات پلانیان بۆ دانابوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی ئەمشەو لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی ۴ـی ئەم مانگەوە شەڕێکی سەختمان بەسەردا سەپێندرا و ویستمان پێشی پێبگرێت، زۆر کۆبوونەوە و گفتوگۆمان ئەنجامدا، بەڵام نەمان توانی پێشی پێبگرین و پلانەکە گەورەبوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر لایەن و وڵات پلانیان بۆ هێرشەکە داناوبو، بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ دروستنەبێت و خوێنی زۆر نەڕژێت ئەو ڕێککەوتنەمان ئەنجامدا، کە سبەی دەچینە دیمەشق بۆ گفتوگۆکردنی زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکەکەی.

مەزڵووم عەبدی دەشڵێت، "رێکەوتین تەواوی هێزەکانمان لە پارێزگاکانی رەققە و دێرەزور بکشێنینەوە بۆ حەسەکە و هێزەکانمان لەوێ بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆمان دەکەن و لە توانایاندا هەیە ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن".

ئەوە لەکاتێکدا دوای ۱۲ ڕۆژ لە شەڕ، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، مەرجەکانی ڕێککەوتنێکی نوێی ۱۴ خاڵی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆکرد کە بڕیارە ئاگربەستێکی تەواو لە نێوان سوپای سووریا و هەسەدە، و یەکخستنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازیەکان لە ناو حکومەتی سووریادا لەخۆبگرێت.

News ID 226756

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha