بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە ۲۹ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۵، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، هێزەکانی پۆلیس لە گەڕەکی عیسمەت پاشا لە ناوەندی یالۆڤا، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک کە چەکدارانی داعشی تێدا بووە، بەڵام لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەکدارەکان تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە.
یەرلیکایا لەبارەی زیانەکانەوە ئاماژەی دا: "بەهۆی هێرشەکەوە، سێ پۆلیس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها هەشت پۆلیس و پاسەوانێکی گەڕەکەکە بریندار بوون. بەهۆی هەبوونی ژن و منداڵ لەناو ماڵەکەدا، ئۆپەراسیۆنەکە بە وردی و هەستیارییەکی زۆرەوە بەڕێوەچوو، توانرا پێنج ئافرەت و شەش منداڵ بە سەلامەتی ڕزگار بکرێن".

وەزیری ناوخۆی تورکیا جەختی لەوەشکردەوە، هەر شەش چەکدارە کوژراوەکە "هاووڵاتیی تورکیان" و ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر ۰۹:۴۰ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کۆتایی هاتووە.
هەروەها ئاماژەیداوە، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا لە ئۆپەراسیۆنە جیاوازەکاندا ۱۳۷ گومانلێکراوی داعش دەستگیرکراون، هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە ۱۵ پارێزگای تورکیا، ۱۰۸ئۆپەراسیۆن لە شوێنی جیاواز بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی سەر بە داعش ئەنجامدراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردبووەوە لەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەی شاری یالۆڤا، حەوت ئەفسەری هێزی پۆلیسی تورکیا لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی شانەیەکی نووستووی داعش برینداربوون.

هەفتەی ڕابردوو فەرماندەیی جەندەرمەی تورکیا هۆشداری لە ئەگەری هێرشی داعش لە شوێنە گشتیی و قەرەباڵغەکانی تورکیا ڕاگەیاندبوو، هەر لە هۆشدارییەکەدا ئاماژەیداوە، کە ڕێکخراوی داعش لە پلانیدایە لە ئاهەنگەکانی پێشوازی ساڵی نوێی ۲۰۲۶، هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدات.
Your Comment