بەڕێوەبەریی خۆسەر نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر زیادبوونی گرژییەکان لە سووریا دەربڕی

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردستانی سووریا داوا لە حکوومەتی کاتیی سووریا دەکات کۆتایی بە توندوتیژییەکانی دژ بە ناوچە عەلەوینشینەکان بهێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر زیادبوونی شەپۆلی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە سووریا، بەتایبەت لە ناوچە کەناراوەکان و پارێزگای سوەیدا.

جەختی کردەوە کە بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی و خۆپیشاندەران، وڵات بەرەو شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی پەلکێش دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو کە هێرشکردنە سەر ئەو خۆپیشاندەرانەی داوای مافە ڕەواکانیان دەکەن و هێنانی گرووپە چەکدارەکان لەژێر ناوی جیاجیای وەک (هێزی عەشیرەتەکان)، تاوانێکی ڕێکخراوە و گورزێکە لە ئاشتیی ناوخۆیی و زاڵکردنی فیتنە و ئاژاوە لەنێوان سوورییەکاندا.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پشتگیریی بۆ مافە ڕەواکانی سوورییەکان و خواستەکانیان بۆ ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی دووپاتدەکاتەوە، دەڵێت" دیالۆگی سیاسی و ئاشتییانە، تاکە ڕێبازە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و دوورخستنەوەی وڵات لە پشێویی".

هەروەها داوا لە حکومەتی کاتیی سووریا دەکات، ڕێز لە ئیرادەی دانیشتووان بگرێت، کۆتایی بە توندوتیژیی دژی خەڵکی مەدەنی بهێنێت، هۆشدارییش دەدات سەبارەت بە گرژییەکانی حومس و کەناراوەکان و سوەیدا، جەختدەکاتەوە ئەم گرژییانە کاریگەریی مەترسیداریان لەسەر ئایندەی وڵاتەکە دەبێت و ڕێگردەبێت لەبەردەم پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک و ناناوەندیی.

ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی، پێشێلکردنی بەها مرۆڤایەتییەکانە و دەبێت کۆتایی بە گوتاری کینەئامێز بهێنرێت کە مۆزایکی کۆمەڵایەتی دەشێوێنێت.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتیشیکردەوە کە "بژاردەی ئێمە، ئاشتی و دیالۆگ و یەکێتیی سوورییەکان و بنیادنانی سووریای دیموکرات و ناناوەندییە".

News ID 226518

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha