بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزیری دادی تورکیا زیاتر وتی: "دۆسیەی دەمیرتاش پەیوەستە بە 'دۆسیەی کۆبانێ'وە. وەک هەمووتان ئاگادارن، لە ۱۶ی ئایاری ۲۰۲۴، لە ۲۲هەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە، دەمیرتاش و هاوڕێکانی سزادران. هەندێک لە تۆمەتبارانیش سزای زیندانیکردنی کاتییان بۆ دەرچوو و هەندێکیشیان بێتاوان دەرچوون. ئێستا ئەم دۆسیەیە لە فەرمانگەی ۲۲ـی سزایی دادگای هەرێمیی ئەنقەرە کاری لەسەر دەکرێت".
وەزیر تونچ ئەوەشی خستەڕوو "فەرمانگەی دووەمی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری پێشێلکاریی دەرکردووە لەسەر ئەو سکاڵایەی کە بە بیانووی پێشێلکردنی مافی ئازادی و ئاسایش و پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە دەستبەسەرکردنەوە تۆمار کرابوو، کە دەکاتە پێشێلکردنی ماددەی ۵ی پەیماننامەی ئەورووپی بۆ مافەکانی مرۆڤ. ئەو گوتی: "لەنێو ڕای گشتیدا مشتومڕ لەسەر ئەوە دروست بوو کە ئایا تانە لەم بڕیارەی فەرمانگەکە دەدرێت یان نا".
تونچ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "داوا دەکەین کە بڕیارەکانی فەرمانگەکان لە دەستەی گەورەی دادگا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. پێش ئەوەی بچێتە دەستەی گەورە، پانێڵێکی ۵ کەسی هەیە. ئەم پانێڵە گوتی 'پێویست بە گفتوگۆکردن ناکات' و بەم شێوەیە بڕیاری فەرمانگەکە یەکلایی بووەوە. بڕیارەکەی فەرمانگەکە ئێستا لەلایەن فەرمانگەی ۲۲ـی سزایی دادگای هەرێمی ئەنقەرەوە هەڵدەسەنگێندرێت. حوکمی قۆناغی یەکەم دەرچووە و ئەم حوکمە لە قۆناغی پێداچوونەوەدایە. کەواتە هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە لە ئێستادا لەبەردەم دادگایە. هەموومان پێکەوە چاوەڕێ دەکەین بزانین دادگا چ بڕیارێک دەدات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: "وەک دەزانن ئەمە تەنیا بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نییە. لە ڕابردوودا بڕیاری ئۆجەلان و بڕیاری کاڤالاش هەن. هەروەها کەیسگەلێک هەن کە هێشتا لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت".
لە ۴ی تشرینی یەکەمی ساڵی ۲۰۱۶، سەلاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاسەرۆکانی پێشووی هەدەپە بە تۆمەتی تێوەگلانییان لە دۆسییەی کۆبانێ دەستگیر کران. دەمیرتاش بە ۴۲ ساڵ زیندانیکردن سزادرا و فیگەن یوکسەکداغ ۳۲ ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندرا.
Your Comment