بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی داوە، گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەستی پێکردووەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات لە ۶ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۵ ڕاوێژێکی تەکنیکیان سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا بە بەشداری عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، نوێنەرانی هەر دوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازی لە چەند مانگی داهاتوودا لە بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییە درێژخایەنەکان لە نێوانیاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردن، بەرگریکردن و بەرزکردنەوەی توانا و ئامادەیی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنی عێراق، بە هێزی پێشمەرگەشەوە بەردەوام دەبن.
وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەش کردووە، ئەم هاوکاریانە بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، پاراستنی سەروەری عێراق و تێکشکاندنی تیرۆرە.
Your Comment